ئاڵای کوردستان
باڵت لێکدە و هەر بشنێوە،
ئاڵای پیرۆز، سۆمای چاوان،
ئەی درەختی بەژنسۆری
بە ڕووباری خوێن پاراومان!
تۆ بەری دەستی زەردەشتی
پەلکەزێڕینەی بەهەشتی
کۆیلەییمان گەلێک دیوە،
بۆیە تۆمان هەر لە بیرە.
هەڵکردنت هەڵبڕینی
قەفی تەناف و زنجیرە.
تۆ بەری دەستی زەردەشتی
پەلکەزێڕینەی بەهەشتی
تۆی تۆماری ڕابردوومان،
تیشک پرشەی ئاوێستامان.
تۆ ڕێنمای داهاتوومان،
جۆش و تەکانی ئێستامان.
تۆ بەری دەستی زەردەشتی
پەلکەزێڕینەی بەهەشتی
شنەشن و لەرینەوەت
خورپەی دڵی کوردستانە.
جێی هەر قامکێک لە تانوپۆت
مەکۆی گیانی شەهیدانە.
تۆ بەری دەستی زەردەشتی
پەلکەزێڕینەی بەهەشتی
تۆی ملیۆنان دڵۆپە ئاو
دەکیتە یەک چەمی بەخوڕ.
تۆی ملیۆنان مەچەکی خاو
تژی دەکەی لە هێز و گوڕ.
تۆ بەری دەستی زەردەشتی
پەلکەزێڕینەی بەهەشتی
ڕۆژانی جەنگ تۆ پێشەنگی.
لە ئاشتیدا هێمای دادی.
لە نسکۆدا شنەی هیوا و
ژیانەوەی شکۆی مادی..
تۆ بەری دەستی زەردەشتی
پەلکەزێڕینەی بەهشتی[1]
#عەبدوڵڵا پەشێو#
25-06-1995
هانکۆ- فینڵاند
ئەڤ بابەت ب زمانا (کوردیی ناوەڕاست) هاتیە نڤیساندن، کلیک ل ئایکۆنا
بکە ژ بو ڤەکرنا ڤی بابەتی ب ڤی زمانا کو پی هاتیە نڤیساندن!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
ئەڤ بابەتە 1,891 جار هاتیە دیتن
ڕایا خو دەربارەی ڤی بابەی بنڤێسە!