بارى تەندرووستى و گوزەرانى هونەرمەند (#زیاد ئەسعەد# ) ؟
#وریا ئەحمەد#
زیاد ئەسعەدى هونەرمەندى دوورەوڵات، بەشایەدى زۆرینەى خەڵک و هونەرمەندانیشەوە، مرۆڤێکى دەم بەخەندە و دڵپاک و جوان و خاوەن کەسایەتییەکى هێمن و ڕێزدارە، جگە لەدەنگى بەتوانا و بەچێژ و خۆشى، کەسێکى لێهاتووى کەموێنەیە، بەوەى جگە لە زۆرێک لەئاوازى گۆرانییەکانى خۆى هەتا ئیمڕۆ دەیان ئاوازى جوان و سەرکەوتووى بۆ هونەرمەندە جیاجیاکانى کورد داناوە و ڕۆژانە لەکەناڵ و ڕادیۆ جیاجیاکانەوە گوێبیستییان دەبین و کاریگەرى ئەرینیشیان لەسەر گیانمان هەیە، دیارە لەم هونەرى ئاوازدانانەدا هەتا ئاستێکى بەرز و بەرچاو سەرکەوتوو بووە، کاتی خۆی بەندە، بەڵام دواى ئەوەى لەهەشتایەکانى سەدەى پێشوو ماوەیەک لەگەڵى ژیام و شارەزاى تواناکانى دەنگى بووم و ئاوازیشم بۆى دانا، ئینجا لەستوونێکی دوا لاپەڕەی کوردستانی نوێی ژمارە (179) ی ڕێکەوتی (31-08-1992) و لەژێر ناوی (کەناڵی پێتەختی هەرێم) دا، نووسینێکم بڵاوکردەوە و لەشوێنێکى ئەو نووسینەدا وتبووم: (هەر کەسێک یەک گۆرانی گوت ئەوە: (مەزهەر خالقی) یان (ناسری ڕەزازی) یانیش (زیاد ئەسعەد) نییە.) ..... دیارە ئەوسا بەتایبەتى لەلایەن گۆرانیبێژە گەنجەکانى هاوتەمەنى زیادەوە ڕەخنەى ئەوەم لێگیرا: چۆن دەبێ (زیاد ئەسعەد) ێکى تازەپێگەیشتوو، بهێنمە هاوتاى ئەو گۆرانیبێژە دەنگخۆش و بەئەزموونانەوە؟ بەڵام گرنگ ئەوەبوو پێشبینییەکەم ڕاست دەرچوو. نزیکەى چەن ساڵێک پێش ئێستا، لەلایەن چەن کەسێکەوە ئینجا لەبەر هەر هۆیەک بووبێت، دەنگۆى بێبنەماى خراپیان لەسەر زیادى هونەرمەند بڵاوکردەوە، دواتر بەدیارکەوت ئەوانە: چاویان بەهونەرمەندى دەنگ شیرین و بەتوانا (زیاد ئەسعەد) هەڵنایەت، بەڵام خۆشبەختانە وەک وتراوە: پەتى درۆ کوورتە، دواجار بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بوو، کە زۆر بەداخەوە: زیادى هونەرمەندە تووشى (جەڵتەى مێشک) هاتووە و بەو هۆیەوە ئەمڕۆ نزیکەى نیوەى جەستەى نیمچە (ئیفلیح) بووە و ژیانى پێتاڵکردووە، بەداخەوە وەک وتراوە کە ئێمەى کورد: (زیندوو کوژى مردوو پەرستین) ، ئەوە لەبارە تەندرووستییە خراپەیدا لەجیاتى بەهاناوە چوون، ئەوشتە خراپانەیان لەسەر بڵاوکردەوە.
ئێستا ئەو هونەرمەندە بەتوانا و دەنگ سازگار و ئاوازدانەر و نووسەرى تێکستى گۆرانى و ...هتد، لە وڵاتى (سوید) ى سارد و سەرما لەگەڵ ئەو نەخۆشییە درێژخایەنەدا ژیان بەڵام بەتەنیایى و دەردەسەرى دەباتەسەر، بەداخەوە (جەڵتە) کە کارى کردۆتە سەر هەستان و دانیشتنى و تەنانەت بەزەحمەت ڕێگەکردنیشى. دیارە بەندە جارجارە لە ڕێگەى تەلەفۆنەوە ئاگادارى ژیانى ناخۆشى ئێستاى ئەو برا بچووک و هونەرمەندە بەتوانایەم.
خۆشبەختانە ماوەیەک پێش ئێستا سەرۆکى (تیپى مۆسیقاى سلێمانى) تەلەفۆنى بۆ کردم و بەسوپاسەوە و وتى: مامۆستا گیان، ئێمە حەزدەکەین لە ڕێگەى ئێوەوە، داوەتى هونەرمەندى گەورە (زیاد ئەسعەد) بکەین و کۆنسێرتێکى جوانیشى بۆ بکەین، چونکە بە شایانى ئەوە و زیاتریشی دەزانین. (ئاشکرایە نرخى زێڕ لاى زێڕنگرە) ، پەیامەکەیانم بە هونەرمەند زیاد ئەسعەد گەیاند و دیارە لەبەر بارى خراپى تەندرووستی داواى لێبوردنى کرد، بەڵام نایشارمەوە و لەتۆنى دەنگییەوە هەستمکرد، زۆریش نەک کەم بەو ئاوڕلێدانەوەیان دڵخۆشبوو، دڵنیام بەبیستنى هەواڵەکە چاوەکانى ئاویان تێزاوە.
باشە ئەدى وەزارەتى ڕۆشنبیرى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و سەندیکاى هونەرمەندانى کوردستان، بۆ زیاد ئەسعەدى هونەرمەندى لێهاتووى کورد، ئایا هەتا ئەمڕۆ هیچتانکردووە؟ ئینجا لقى #هەولێر#ى سەندیکاى هونەرمەندان و بەڕێوەبەرایەتى ڕۆشنبیرى و هونەرى هەولێر و...هتد، . ئایا هەتا ئەمڕۆ هیچییان بۆ ئەو هونەرمەندە لێهاتووەى کورد و هونەرمەندى ناودارى شارەکەى خۆتان کردووە؟ لەم بارى ناساغى و نەخۆشییە و تەنیایەیدا ئایا بیریان لەوە کردۆتەوە: ئەگەر جارێکیش بێت بەهانایەوە بچن، بەڵکوو بەشێوەیەک لەشێوەکان بتوانن: سەردان یان هاوکارى بکەن و هیچ نەبێت کەمێک دڵخۆشى بکەن، بۆ ئەوەى بزانێت و تێبگات کورد بەگشتى و لەشارەکەى خۆیشى خەڵکى بەپەرۆشن بۆى و بەئەرکى سەرشانییانى دەزانن پێداویستى ژیانى ئەمڕۆى بۆدابین بکەن؟[1]
کوردیپێدیا بەرپرس نییە ل ناڤەڕۆکا ئەڤێ تۆمارێ و خودیێ وێ ژێڕە بەرپرسیارە. کوردیپێدیا ب مەرەما ئەرشیڤکرنێ تۆمار کرییە.
ئەڤ بابەت ب زمانێ (کوردیی ناوەڕاست) هاتیە نڤیساندن، کلیک ل ئایکۆنا

بکە ژ بو ڤەکرنا ڤی بابەتی ب وی زمانێ کو پێ هاتیە نڤیساندن!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی

بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
ئەڤ بابەتە 998 جار هاتیە دیتن
ڕایا خو دەربارەی ڤی بابەی بنڤێسە!