ناوی بابەت: بە بێ دەق دڵی شانۆ لێ نادات
نووسەر:
ڕەحمان عەزیزیڕەحمان عەزیزی
شانۆی کوردییەکێکە لە ھەرە گرینگترین ھونەرەکانی کورد و کوردستان و ئەمڕۆکە لە شارەکانی کوردستاندا چەندین شانۆ بە شێوازی جۆراوجۆر دەچیتە سەر شانۆ و نمایش دەکرێت، و ڕوژ لە دوای ڕوژی گرینگییەکی زیاتر بەم بوارە دەدریت. هەڵبەت شانۆی کوردی بە تایبەت لە کوردستانی ئیران، بۆ گەیشتن بەم قۆناغە ڕێگەیەکی سەخت و دژواری بریوه. ساڵانی ڕابردوو و بە تایبەت لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئیران و بە پێی بڕیاری فەرمی و دۆخی ناوچەکە کۆمەڵێک شانۆ بە زمانی فارسی نمایشکران، کە زیاتر بۆ فێستیڤاڵەکان یا خۆ ڕێوڕەسمی تایبەت بە دامودەزگاکانی حکوومەت بوون و زۆرتر لە شانۆگەلی کلاسیکی وەرگیراو لە ئەدەبی فارسی یا خۆ دەقی وەرگێڕدراو لە زمانەکانی دیکە پێک دەهاتن.
هیچ تێبینی و وتار و ڕەخنە و خوێندنەوەیان لەسەر نەدەکرا و لەلایەن بەرپرسان و چاپەمەنییەکانی حکوومیش یان بەها و گرینگیان پێ نەدەدرا یان بە شێوەیەکی ناعەقڵانی بە بەژن و باڵایاندا هەڵدەوترا. ئەو شانۆیانە لە سەرەتادا هەتا دەیەی حەفتای هەتاوی بینەرێکی زۆریان ھەبوو، بەڵام کەم تین و بێ گیان بوون و زۆرکەم خاوەن بنەمایەکی فیکری و هەڵگری پرسیار و تێڕامان بوون و نەیاندەتوانی ورووژێنەری گفتوگۆیەکی جدی و کۆمەڵایەتی بن یان لە پاش خۆیان ڕەوتێکی هونەری و شانۆیی بخولقینن. هەر بەو هۆیەش شانۆ لەو دەمەدا نەیتوانی خۆی بگەیێنێتە ئاستی ژانرەکانی مۆسیقایی و ئەدەبیی وەک هۆنراوە و چیرۆک و پەخشان کوردی و لە ئەدەب و هونەری کوردی دابرا و بەرەوڕووی کەمایەسیی بینەر و بەردەنگ بوو؛ بەردەنگ بە زمانی بێ زمانی هاواریان دەکرد شانۆیەکان دەویت کە دەروەستی بە ژیانی خویانەوە بێت. پاش ئەوە بوو کە شانۆی فارسی و کوردی لە ناوچە کوردەواری بۆ چەند ساڵێک قەتیسما. بە دەرچوونی خوێندکارانی شانۆ لە قوتابخانە و زانکۆکان و پێگەیشتنی بەرەی گەنج و جیلی نوێ و تێگەیشتنی خوێندکاران و نووسەر و شاعێرانی هاوچەرخ لە زەروورەتەکانی سەردەم و گۆڕانکاری لە پێڕەونامەگەلی فەرمی و حکوومی لە دەیەی هەشتاکانی هەتاوی، ڕەوتێکی نوێ لە بواری شانۆییدا دەستی پێ کرد. کۆڕی و گرووپ و دەستەوتاقمی شانۆیی سەربەخۆ بە شێوازێکی نوێ و ئورگانیستی لەسەر بنەما و ململانێی هزریی نوێ و بە ئاوڕدانەوە لە سرووشت و ڕەوتی ژیان سیاسی و کۆمەڵایەتی جیهان و بە تایبەت ژیانی کوردەواری و بە پشتبەستن بە دەقی خۆماڵی سەریان هەڵدا. ئەگەرچی هەوڵەکانی ئەمان تا ڕادەیەکی زۆر نەریتی و تەقلیدی، کەم و لاواز بوو، بەڵام لەگەڵ خۆی مزگێنیدەری ڕەوتێکی تازە بوو کە هەوڵی دەدا بە شێوازێکی زانستی و تێگەیشتنی درووست مامەڵە لەگەڵ شانۆ بکات. ئەم ڕەوتە وەک وتم هاوکات بوو لەگەڵ دەرچوونی خوێندکارانی کورد و هەڵگیرسانی ڕەوتێکی نوێ لە بواری شانۆییدا. وەرگێڕانی دەقی شانۆیی کلاسیک و بەرهەمە گەورە و ناسراوەکانی جیهانی شانۆ و هەروەها نووسینی دەقی شانۆیی لە دوای سەرهەڵدانی ئەو بەرە نوێیە، کرانەوەی دەروازەیەکی نوی و تازە بوو بەڕووی شانۆی کوردییەوە و سەرەڕای تەواو کەم و کۆڕییەکان، چرای شانۆی کوردی لەوساوە هەڵگیرسا و ڕووناکایی خستە سەر پەردەی شانۆ. دەقی وەرگیراو لە ئەدەبی کلاسیک و وەرگێڕان بۆ سەر زمانی کوردی لەم قۆناغەدا دەرفەتێک بوو بۆ ئاشتبوونەوەی بەردەنگ لەگەڵ شانۆ و شانۆی کوردی و فەرهەنگی ڕۆشنبیرانە و تێکستی فیکری کوردی وەک پالپشتێک بۆ شانۆی کوردی ئاوری لێدرایەوە.
بەڵام لەو قۆناغەشدا شایەدی نووسینی شانۆنامە و لێکۆڵینەوەی جیدیی خۆماڵی نین و شانۆنامەی کوردیی بەپێز ئامادەبوونێکی بەرچاوی نییە، ئەگەرچی یەکەم هەنگاوەکانی ئەو پروسەیە دەستی پێ کردبوو؛ پڕۆسەیەک کە پێدەچوو ڕێگەیەکی سەخڵەت و چەتوونی لەبەرە.
چونکە تێوەگلانی کورد لە کارەساتگەلی گەورە و دڵتەزێن لەو سەردەمەدا دەستی باڵای بوو لە نامومکین نواندنی ڕێگەی گەیشتن بە ئامانجەکانی شانۆی کوردی و پەرستاندنی. هەڵبەت شانۆی کوردی لەو کاتەدا زۆر ئازایانە هەمان ڕەنج و نەهامەتی و کارەساتی خەڵکی کوردی قۆزتەوە و گرێی داوە بە هیوا و ئازار و ئەوینی مرۆڤایەتی بە گشتی. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو هەنگاوانەی لە بواری شانۆی کوردیدا هەڵگیراوە، ئەوی هێشتا وەک کەمایەسییەک بە ناوچاوی ئەم هونەرەوە هەست پێدەکردێت جێگەی بۆشی دەقی شانۆیی و شانۆنامەیە. شانۆنامەکان لە بری ئەوەی بەهرە لە چیرۆک و ئەدەبی کۆن و زارەکیی کوردی وەربگرن، هێشتا سەرقاڵی دەقە مۆدێرن و نوێیەکان بوون، بە بێ ئەوەی بیر لە توونییەتی و تامەزروویی بینەری کورد بۆ بیستن و دیتنی سەرچەشنە کوردییەکان بکەنەوە. شانۆی مەم و زین، خەج و سیامەند، سیدەوان، سپی مەند، گەنجو خەلیل، زەنبیل فرۆش و زۆر دەقی دیکەی وەک ئەوان توانیویانە سەرنجی بینەر و خوێنەری کوردی بۆ لای خۆیان ڕاکێشن و مێژوویەکی زێڕین لە ماوەی ئەم بیست و چەند ساڵەی ڕەوت و بزووتنەوەی شانۆی کوردیدا بنەخشێنن. کەواتە گرفتی سەرەکی چ نییە جیا لە هەمان دەقی شانۆی کوردی و هەڵبژاردن و چونییەتی نمایشکردنی. هەڵبەت ئەوە بەو مانایە نییە کە دەبێت تەنیاوتەنیا بۆ شانۆی کوردی بەهرە لە دەقی کلاسیک و کوون یان چیرۆک و بەسەرهاتی دێرینی کوردی وەرگرین، بەڵکوو مەبەست ناسینی ئایدیا، فۆرم، شێواز و ستایلی نووسین بەپێوەری ڕوانینی ئەمڕۆیی و بەکارهێنانی ئەو دەقانە لە قەوارەیەکی نوێ و ستانداردە کە هاوکاتی ئەوەی دەروەستی بە فەرهەنگ کۆن و کۆمەڵگەی ئەمڕۆی کوردەوە هەیە، خۆدەبوێرێت لە بێزارکردن و تۆراندنی بینەران. لەمناوە ڕەوتی شانۆنامەنووسیی کوردی زۆر بە ئەسپایی و خاو هەنگاو دەنێت و زوریش کەم و کۆڕی تێدایە، بەڵام شانۆ گەشە دەکات و ئەزموونێکی چر و دەوڵەمەند لە خۆی بە جێ دێڵێت. شانۆنامەنووسی لە ئەدەبی کوردیدا زور نامۆیە و تا ئێستا نەیتوانیوە وەک ژانرێکی سەربەخۆ دەرکەوێت و پێویستە لەوبارەوە هەوڵی زور جیدی بدەین هەتا جێگە و پێگەی شیاوی خوی بدۆزێتەوە و دەبێت نووسەرانیش کاتێکی زیاتر بۆ ئەم ژانرە تەرخان بدەن و هەروەها شانۆکارانیش هاوڕێ و یاریدەدەری نووسەران بن. ئەگینا شانۆنامەنووس بە تەنیا ناتوانیت دەقی سەرکەوتوو بنووسێت و بەرهەمێکی زیندوو و مۆدێرن بخولقێنێت. ڕۆڵی شانۆکار بۆ یارمەتیدانی شانۆنامەنووس ئەوەیە کە لەپێناو باشترکردن و بەپێزترکردنی بەرهەمەکەی، پێشنیار و ڕەخنەی هونەریی شیکارانە و شانۆگەرانە لەسەر نووسراوەکە ئاڕاستە بکات. شانۆنامەنووس و شانۆکار دوو چینی پێکەوە گرێدراوەن، کاتێک شانۆنامەنووس نەیتوانی بەرهەمەکەی بباتە سەر شانۆ و بە تەواوەتی خۆی لەو جیهانییە داببڕێت، ئیتر شانۆی ئەو گەلە ڕوو لە داڕمان و لە ناوچوون دەنێت و لەگەڵ پەرەسەندنی بێ متمانەیی، کەلێنێک دەکەوێتە نێوان هونەری شانۆ و کۆمەڵگە. بە بێ دەق دڵی شانۆ لێ نادات و بەرەو تەنگژەی مەرگ دەچێت و بەسەختی چارەسەریشی بۆ دەستەبەر دەکرێت. بۆیە دەبێت هەموو هەوڵی خۆمان بدەین کە لە بناغەوە بە هزر و جەستەی نووسینی شانۆنامەدا بچینەوە.
[1] کوردیپێدیا بەرپرس نییە ل ناڤەڕۆکا ئەڤێ تۆمارێ و خودیێ وێ ژێڕە بەرپرسیارە. کوردیپێدیا ب مەرەما ئەرشیڤکرنێ تۆمار کرییە.
ئەڤ بابەت ب زمانا (کوردیی ناوەڕاست) هاتیە نڤیساندن، کلیک ل ئایکۆنا

بکە ژ بو ڤەکرنا ڤی بابەتی ب ڤی زمانا کو پی هاتیە نڤیساندن!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی

بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
ئەڤ بابەتە 365 جار هاتیە دیتن
ڕایا خو دەربارەی ڤی بابەی بنڤێسە!