سەرۆکی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی #پارتی دیموکراتی کوردستان#، پێشوازییان لە شاندێکی #کۆمەڵی دادگەریی کوردستان# کرد، کە تێیدا هەردوولا جەختیان لەسەر باشترکردنی پەیوەندییەکانیان کردەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێککەوتی #19-06-2023#، #فازڵ میرانی# سەرۆکی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان بە سەرۆکایەتی #محەمەد حەکیم# ئەندامی مەکتەبی سیاسی حیزبەکە کرد.
لە دانیشتنەکەدا هەریەکە لە مەحمود محەمەد و #هۆشیار زێباری# و #سیداد بارزانی#، ئەندامانی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادە بوون.
فازڵ میرانی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە پێشوازی کردنیان و دووپاتی کردەوە، کە پەیوەندییەکانی نێوانیان مێژووییە، هاوکات ئاماژەی بەوەشدا کە زۆرجار ئەم پەیوەندییانە، هەوراز و نشێوی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام هیچ کاتێک پەیوەندی خراپ لەنێوان هەردوولادا نەبووە.
فازڵ میرانی جەختی لەوەکردەوە، کە دەبێت بەرژەوەندی باڵای هەرێمی کوردستان لە سەروو هەموو بەرژەوەندییەکانی دیکەدا بێت، پێمان باشە ئەم کەشوهەوا سیاسییە ناڕێکەی لە هەرێم هەیە، کۆتایی پێ بێت و، پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، ئەرکی هەموومانە و بە هاوڕیزی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت.
سەرۆکی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەوەشی خستەڕوو، کە ئەگەر مێژوویەکی پڕ شانازی و باشمان هەبێت، دەبێت جوگرافیای هەبێت و، جوگرافی ئێمەش هەرێمی کوردستانی ئێراقە و، پاراستنی ئەم جوگرافییە، ئەرکی هەموومانە و دەبێت هەنگاوەکانی خۆمان ڕێک بخەین، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستان.
لای خۆیەوە، محەمەد حەکیم دووپاتی کردەوە، کە کۆمەڵی دادگەری کوردستان، وێڕای تایبەتمەندی هەردوولا، کار لەسەر هاوبەشەکان بکەن و پێیان باشە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لێکتێگەیشتنیان هەبێت.
هەروەها محەمەد حەکیم سەرۆکی شاندی کۆمەڵی دادگەری وتی: بە باشی دەزانین هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستان بە زووترین کات ئەنجام بدرێت و، هەرێمی کوردستان و قەوارەکەی لای ئێمە هێڵی سوورە.
جەختیشی لە تەبایی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان کردەوە، ئەوەشی بە هیوای هەموو کوردستانییان زانی، هاوکات ئەوەشی خستەڕوو، کە خوازیارن پەیوەندییەکانیان بەرەو پێشتر بڕوات بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان. [1]