=KTML_Bold=10 پرسیار لە #پەکەکە#=KTML_End=
#ئاسۆ حاجی#
1. یەکەم پرسیار کە بە مێشکی هەر کەسێک دادێ کە چاودێری دۆخی سیاسی پارچەکانی کوردستان بکا و ئاگاداری رووداوەکان بێت، ئەو پرسیارەیە: ئایا پەکەکە بۆ لە باشوور و رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە و تەنها لە باکوور بوونی نییە! لە کاتێکدا دەبووایە هەموو هێز و قورسایی پەکەکە لە باکوری کوردستان بێ.
2. لە ساڵی 2015 #هەدەپە# باڵی سیاسی پەکەکە لە باکووری کوردستان لە رێگای ژمارەیەک سەرکردەی لاو توانیان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا 81 کورسی ببنەوە، بەڵام سەرکردەکانی پەکەکە لە #قەندیل# رێگەیان نەدان دەست بەو ژمارەیەوە بگرن یان بەشداری حکومەت بکەن، بەڵکو شەڕیان لە ئەنقەرە و لە ناو هۆڵی پەرلەمان گواستەوە ناو شار و ئاوەدانییەکانی باکووری کوردستان کە بە شەڕی خەندەقان بەناوبانگە و بەو هۆیەوە زیاتر لە بیست شار و شارۆچکە خاپوورکران و بەگوێرەی ژمارە نا فەرمییەکانی هەندێک لە رێکخراوەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ و راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان لە نێوان 6 بۆ 7 هەزار کەس کوژران و زیاتر لە 200 هەزار کەس لە زێدی خۆیان ئاوارە بوون.
3. ئۆپۆزسیۆنی سووریا کە سەر بە تورکیا بوون و لەلایەن ئەمەریکا و ئەوروپاشەوە پشتگیری دەکران کە ئەو کات بە سوپای ئازاد دەناسران گەیشتبوونە لێوارەکانی دیمەشقی پایتەختی سووریا و خەڵک چاوەڕوانی دەکرد یان بەشار ئەسەد بۆ وڵاتێک رابکا و دیمەشق رادەست بکا یان ئەوەتە شارەکە بە شەڕ بکەوێ، ئێران لە رێگای پەکەکە شەڕەکەی گواستەوە باکووری کوردستان و سوپای تورکیای ناچارکرد کە بە کێشەیەکی گەورەتر لە بەشار و دیمەشق خەریک بن، پەکەکە هاوکار بوو بۆ رزگارکردنی بەشار ئەسەد و سەرخستنی ئەجێندای ئێران، بەڵام کورد دەسکەوتیان چ بوو؟
4. دوای سەرکەوتنی باڵی سڤیلی ناو هەدەپە بە سەرۆکایەتی #سەڵاحەدین دەمیرتاش# و هەڤاڵانی سەرکردایەتی پەکەکە لە قەندیل ترسیان لێنیشت بەوەی کە پێشکەوتنی ئەو سەرکردە لاوانە واتا کۆتایی ئەوانە بۆیە رێگەیان نەدا بەشدار بن لە پێکهێنانی حکومەتی تورکیا کە ئەو کات ئەردۆغان و حزبەکەی دەستیان ماچ دەکردن تەنها بۆ ئەوەی ناچار نەبن هەڤاڵبەندی لەگەڵ باخچەلی و تورکە توندئاژۆکان دروست بکەن، بەڵام قەندیل ئەردۆغانی بە ناچاری فڕێدایە باوەشی دەوڵەت باخچەلی رەگەزپەرست، قۆناغێکی نوێ لە ژیانی سیاسی ئەردۆغان دەستیپێکرد کە لە موجاهید و قوتابییەکی بەدیعولزەمان سەعیدی نەوڕەسی یان سەعدی کوردی ببێتە سەربازێکی بە ئەمەرکی ئەتاتورک و هەڤاڵبەندێکی ستراتیژی باخچەلی.
هەروەها دەمیرتاش و هەڤاڵانیان خستنە زیندان و دەستی ئەردۆغان و سوپاکەشیان ئاوەڵا کرد تا باکووری کوردستانیان کردەوە سەربازگەیەکی گەورە، کورد لە باکوور جگە لە لەدەستدانی هەموو دەسکەوتە سیاسییەکان چیان دەسکەوت؟
5. پەکەکە لە ناو خۆی باکووری کوردستان و تورکیا تەواو ئیرادەی خۆیان رادەستی چەپی تورک کردووە و خۆ یەکلاییکردنەوەیان لە بەرەی جەهەپە کە بە درێژایی مێژووی کۆماری تورکیا چەپەکان گەورەترین زیانیان لە بزاڤی نەتەوەیی و رزگاریخوازی گەلی کوردستان داوە لە باکووری کوردستان بە دوور خستنەوەیان لە ئامانجی سەرەکیان و تێکەڵکردنیان بە بزاڤێک کە تێیدا لە پێناو هەندێک دروشمی بێ گیان و ناوەڕۆک خۆیان بزرکردووە، ئاراستەی چەپایەتی لە رێگای جەمیل بایک و دۆران کالکان تەواو کۆنتڕۆڵی بڕیارەکانی قەندیلیان کردووە، کورد لە سەرکەوتنی جەهەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئیستانبول ئەوان چیان دەسکەوت؟
6. باشە بۆ دەبێ ئامادەیی چڕی سەربازی پەکەکە لە #شنگال# و #خورماتوو# و #مەخموور# و #پێنجوێن# بێت و کەمترین ئامادەیی سەربازی لە باکووری کوردستان بێ کە ژمارەی گەریلاکانی لە باکوور ناگاتە 300 گەریلا!
7. پەکەکە بۆ دەتوانێ لە #سلێمانی# و #گەرمیان# دەست بخاتە ناو خۆنیشاندانەکان و هانیان بدا تا هێرش بکەنە سەر دامەزراوەکانی حکومەت و بارەگای حزبەکان، بەڵام لە دیاربەکر و شارەکانی دیکەی باکووری کوردستان ناتوانێ سەت کەس بباتە سەر شەقام و لە دژی دەوڵەتی تورکیا خۆنیشاندان بکەن؟
8. پەکەکە کە هۆکاری لە دەستدانی #عەفرین# و ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان بوون، لە جیاتی پەند وەرگرتن لەو شکستانە و گوێگرتن لە هاوپەیمانان کە خۆیان لە قەندیل و بڕیارەکانی داببڕن، تەواو پێچەوانەی ئەوانە #یەپەگە# بە چەک و هاوکاری ئەمەریکا و ئەوروپا رووی چەکەکانیان لە پێشمەرگە کردووە و بەشێکن لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی قەندیل کە سەرچاوەی ئەو بڕیارانە بەشێکن لەو ستراتیژیەتە ئیقلیمییەی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستانی گەمارۆ داوە و هەوڵی لاوازکردن و لەناوبردنی دەدات، باشە پەکەکە و یەپەگە چ سوودێک لە لاوازبوونی هەرێمی کوردستان دەکەن، ئەگەر بەشێک نین لە ئەجێندای دوژمنان!
9. بۆ فشار دروستکردن لە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێگریکردن لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال بە گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعی شنگال و هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە رێگەی هێزەکانی یەپەگە هێرش دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان، بەو کارە مەترسی دەخاتە سەر تاکە دەروازە کە خۆراک و پێداویستییەکانی ژیان دانیشتووانی رۆژئاوای کوردستانی لێدابین دەکرێ، باشە یەپەگە و ئیدارەی خۆسەر چ سوودێک لەوە دەکەن ئەگەر پێشمەرگە بکوژن و خاکی هەرێمی کوردستان داگیر بکەن؟
10. هەرێمی کوردستان لە باکووری کوردستان هاوکار بوو و بۆ یەکەمینجار حکومەتی تورکیای ناچار کرد راستەوخۆ لەگەڵ پەکەکە دابنیشێ و پرۆسەی ئاشتی دەست پێ بکا، لە رۆژئاوای کوردستانیش تا ئێستا جاری چوارەمە کە هەموو لایەنە کوردییەکان واتا ئەنەکەسە و پەیەدە کۆبکاتەوە و هانیان بدا لەگەڵ یەک رێکبکەون تا لە جیاتی زیاتر لە دەستدانی خاک و ماف، بتوانن دەسکەوت و ئەزموونەکەیان بپارێزن، کە ئەوە مەرجی سەرەکی هاوپەیمانانە بۆ بەردەوامی هاوکاریکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئیدارەی زاتی لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، کەچی پەکەکە بە هەموو ناوەکانی دیکەی کە هەیەتی لە دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان بەردەوامە، بەڵام لە زیان زیاتر چی پێبڕاوە؟ [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=