کەنداڵ جودی:
فەرماندەیەکى باڵاى هێزەکانى سووریاى دیموکرات (#هەسەدە# ) ڕایدەگەیەنێت، ئەو شەڕەى ئێستا ئێمە دەیکەین، شەڕى پاراستنی شەرەفی کوردە، دەشڵێت:شەڕی ئەمڕۆمان بەرگریکردنە لەکەرامەتی کورد لە بەرانبەر داگیرکاریی و کۆیلایەتیدا.
سۆزدار دێریک یەکێک لە ژنە فەرماندە باڵاکانى هەسەدە لە دیدارێکى تایبەتى شارپرێسدا ڕایگەیاند، 13 ساڵە لاى ئێمەى کورد لە سووریا بەشار ئەسەد ڕوخێندراوە پێویست بوو لە ناوچەکانى تریش بەوشێوەیە بێت، ئێستاش هێرشەکانی سەر پردی قەرەقۆزاخ و بەنداوی تشرین کە دەکرێتە سەر ئێمە، بۆ لەناوبردنی سیستمی دیموکراسیە، بۆیە ئێمە لەپڕۆسەیەکى سەختی دیاریکردنی چارەنووسی خۆمانداین، چارەنووسێک کە بەخوێن ئاودراوە.
ستراتیژی بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ
سۆزدار دێریک سەرنجی بۆ شەڕی بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ ڕاکێشاو ئاماژەی بەوەدا، ئەو هێرشانەی لەم دوو مانگەدا ئەنجامدراون، هێرشی داگیرکارین، بەتایبەتیی لەپردی قەرەقۆزاخ و بەنداوی تشرین و دێرحافیر.
وتیشى:ئەو شەڕەی کە لەو دوو مانگەدا ئەنجامدراوە، وەڵامدانەوەى هێرشی داگیرکارییە، چونکە دەوڵەتی تورک شەڕی دژی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیاند، ئێمەش لەپڕۆسەیەکى سەختی دیاریکردنی چارەنووسی خۆمانداین، چارەنووسێک کە بەخوێن و خەباتی دیموکراتی و هێزى یەپەژەو یەپەگە دیاریدەکرێت، بۆیە ستراتیژی بەرەکانی جەنگ هێرشەکانی سەر پردی قەرەقۆزاخ و بەنداوی تشرین دەروازەی ڕۆژاواو باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریان، بۆ لەناوبردنی سیستمی دیموکراسی ئێمەیە، ئێمەش هەڵوێستێکی بەهێزمان هەیە بەرانبەر بەم هێرشانە بەپاراستن و بەرەنگاربوونەوەی، ئێمە خۆمان یەکلاکردووەتەوە، بەپاراستنى بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ، سیستەمی خۆمان دەپارێزین.
شەڕى ئێمە، شەڕی شەرەفە
دێریک لە دیدارەکەیدا لەگەڵ شارپرێس وتى، ئەو شەڕەی ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت یەکسان نییە، چونکە شەڕی ئێمە شەڕێکی زۆر جددییە لە دژی دەوڵەتێکی گەورەی ناتۆ، خەباتی ئەمڕۆمان لەبەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ زۆر مانادارە، چونکە لە پێناو ڕێگریکردنە لە لە لەشکرکێشی و لەچونە ناو کۆبانێ و ڕەققەو جزیرێ، ئەو بەرخۆدانەى ئەمڕۆ دەکرێت واتایەکى تایبەتى هەیە، ئێمە بڕیارمانداوە ژیانێکى بڕوومەت بۆ گەلەکەمان درووستبکەین، بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەین ئەم دوژمنە (دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی) بێنە ناو خاکەکەمانەوە، لێرەوە گرنگی پردی قەرەقۆزاخ و بەنداوی تشرین دەردەکەوێت بۆ ئێمە چییە، شەڕی ئەمڕۆمان بۆ بەرگریکردنە لەکەرامەتی ئێمە لە دژی داگیرکاریی و کۆیلایەتی.
دێریک کە یەکێک لەفەرماندە باڵاکانى هەسەدە جەختیکردەوە، سووریا پێویستی بەحکومەتێکی شەرعی و هەڵبژێردرا و هەیە کە دەستووری هەبێت، چۆن سوپایەک کە تەنیا لەسەر بنەمای ئیسلام دامەزراوە، ئایینەکانی دیکەش بگرێتەوە؟ هەروەها، ئەوە ڕۆڵی ژنان لە حکومەتی نوێدا چی دەبێت؟ هێشتا پێشوازیى لە ژنان ناکەن لەپڕۆسەى حوکمڕانیدا.
دەشێت هەسەدە مۆدێلی نوێ بێت بۆ سووریا
سۆزدار ئەوەشى وت:وەک هێزەکانی هەسەدە و یەپەژە، هێزمان هەیە بۆ ئەوەی ببینە مۆدێلێک بۆ سووریا، بڕوامان بەبوونیادنانی کۆمەڵگەی دیموکراسی و ئیکۆلۆژیاو ئازادیی ژنان هەیە.
دێریک کە ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هەسەدەیە بەبیری هێنایەوە کە تا ئێستاش ڕووبەڕووی هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی دەبنەوە، ڕۆژانە گەل و شەڕڤانانمان بەشێوازی دڕندانە شەهید دەبن و دەوڵەتی تورکیاش بەشێوازی تیرۆریستی هێرشدەکات.
داگیرکاری تورکیا دەبێت لەسەرتاسەرى سووریا کۆتایی پێبێت
سۆزدار دێریک باسی لەوەشکرد، دەوڵەتی تورکیا بەڕق و کینەی عوسمانییەکان و تۆڵەکردنەوە لەمێژوی سووریا مامەڵە دەکات، بۆیە دەبێت داگیرکاریی تورکیا بۆ سەر هەموو سووریا هەڵبگیرێت، خەباتی ئێمەش ئەوەیە داگیرکاری تورکیا هەڵبگیرێت بۆ سەر هەموو سووریا.
دوای هێرشەکان داعش زیندوو بووە.ەوە
دێریک سەرنجی بۆ مانەوەی داعش لە دوای هێرشەکانی تورکیا ڕاکێشاو ئاشکرایکرد، دوای هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ، هێرشەکانی داعش بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیانکردووە، بێگومان داعش لەنێو ئەوکەسانەدایە کە هێرشدەکەن، ئەوان بەئاڵاکانیانەوە هاتنە دەرەوەو دیاربوون، هەر بۆیە داعش زیندوەو داعش لاوازنەبووە.
ئەوەشى وت:بەتایبەت دوای ئەو هێرشانەی کە دژی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زیادیانکردووە، جگە لەوەش هێرشی تیرۆریستی لە جیهاندا ڕودەدات، ئەمڕۆ داعش تەنیا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زیندوو نابێتەوە، بەڵکوو لە ئێراق و هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیشدا زیندوو دەبێتەوە، بۆیە پێویستە هەموو گەلانى جیهان لە دژی ئەم داگیرکارییەی تورکیا و بەهێزکردنی داعش بووە.تنەوە.
لە کۆتایی قسەکانیدا دێریک ڕووی لە خەڵکی باشوورو باکووری کوردستان و هەموو کوردستان کرد و وتی:سڵاویان لێدەکەم، باوەڕمان وایە کە خەڵک شوێن شەڕڤانان و منداڵەکانیان بکەون و پاڵپشتی گەلەکەیان دەکەن، هەرکەسێک لەسەر ئەم خاکە بژی، ئەمڕۆ پێویستمان بەپشتیوانییە، خەباتمان تەنیا بۆ کورد نییە، بەڵکوو بۆ هەموو ئەو گەلانەیە کە لەسەر ئەم خاکە دەژین، کورد، عەرەب، ئەرمەن، چەرکەس و تورکمان.[1]