=KTML_Bold=دوێنێ تەبعیس و تەعریب، ئەمڕۆش تەشەیوع و تەعریب=KTML_End=
#سیروان حوسێن مەخمووری#
بەدرێژایی مێژووی شارستانى دۆڵى (رافیدەین) تا ئەمڕۆشى لەگەڵدابێ، هێزەکان و دەسەڵاتدارانى ئەو ناوچەیە هەوڵى لەناوبردن و رەشکردنەوەى یەکترییان داوە، هەر هێزێک هەوڵى لەناوبردنى ئەوەى ترى داوە، هیچ کات کولتوورى پێکەوەژیان و یەکتر قەبوڵکردن لەنێو دانیشتوانانى عێراق بە درێژایی مێژوو نەبووە، تەنها هەوڵى یەکتر لەناوبردن و رەشکردنەوەى یەکترییان داوە، ئەوە فەلسەفەى ژیانى دەسەڵاتدارانى ئەو وڵاتە بووە لەکاتى بەڕێوەبردنى وڵاتدا و تا ئێستاش لەنێو پێکهاتەکانى ئایینى و کۆمەڵایەتى رەنگیداوەتەوە.
لە پاش دروستبوونى دەوڵەتى عێراق ساڵى (1921) کە لە سەرەتا مەلەکى بوو، تا ساڵى (1958) کە ئەم سیستەمە لە رێگەى کودەتای سەربازى رووخا و بووە سیستەمى (کۆماری). بەردەوامبوونى کولتوورى تۆڵەسەندنەوە و لەناوبردنى یەکترى و یەکترقبووڵنەکردن وایکرد، کورد شۆڕشێکى سەرەتاسەرى دژى ئەم جۆرە عەقڵیەتە بەرپا بکات، بە ناوى شۆڕشى (ئەیلوول) ساڵى (1961) و دواتر (قەومییەکان) دژى ئەم شۆڕشە دەستیانکرد بە تێکدان و سووتاندنى گوندە کوردییەکانى ناوچەکانى (کەندێناوە و قەراج و سەرگەڕان و چەند ناوچەیەکى کەرکووک)، پاشان تەعریبیان کرد و خەڵکەکەیان دەربەدەر کرد، لێرەدا بۆمان رووندەبێتەوە هەموو سیسەتەمێکى حوکمڕانى لە عێراق لە خزمەت پێکهاتەیەکى دیارکراو بووە، کە ئەویش (عەرەب) و هۆزەکان بوون، ئەم سیاسەتە رەهەندێکى مێژوویی هەیە، کە لە ساڵى (1851) مەمالیکەکان لە بەغدا بوون لە سەردەمى (عوسمانییەکان) هاوکارى و پاڵپشتى هۆزەکانى (تەى و جبوور و شەمەر و خەزرەج)یان دەکرد، کە گوندە کوردییەکانى ناوچە دابڕێندراوەکان بکڕن و بە عەرەبی بکەن.
سەردەمى #بەعس#ییەکان ساڵى (1968):
لە ساڵی (1968) کاتێ بەعسییەکان هاتنە سەر حوکم، ئەم سیاسەتە توندتر بوو، چووە قۆناغێکى تر، بەتایبەتى لە کەرکووک و ناوچەکانى تر، ئەمجارەیان لە پاڵ سیاسەتى (بەعەربکردنى) خەڵک و گوند و شارۆچکە و شارەکان، سیاسەتى (بە بەعسیکردن) پەیڕەو دەکرا، بەجۆریک دەبووایە هەموو کوردێکى دانیشتووى ئەم ناوچانە ببنە ئەندام لە (حزبی بەعس) و کار بۆ ئەم حزبە بکەن، بەعسیش خاوەن ئایدیۆلۆژیایەکى تایبەتە و حزبێکى نەتەوەپەرستە و شۆڤێنی و ئیمانى بە عرووبە هەیە، کەسى ترى پێ قبووڵ نییە، لە رابردوودا حوکمڕانیمان بینى و چ کەرەساتێکى بەسەر پێکهاتە و خەڵکى عێراق هێنا، میللەتى (کوردیش) گەورەترین قوربانى ئەم رژێمە حکوم#ڕانیە# بوو، تا ئێستاش ئاسەوارى تاوانەکانیان ماوەتەوە لەسەر (هەرێمى کوردستان) بەگشتى (ناوچە دابڕێندراوەکان) بەتایبەتى.
لەساڵى (2003) دروستبوونى عێراقى نوێ:
پاش رووخانى رژێمى بەعس، گەلانى عێراق هەواى ئازادییان هەڵمژى و هیواى عێراقێکى دیموکراسی و دادپەروەر، دوور لە کولتوورى تۆڵەسەندنەوە دەخواست، بەڵام ئەوە رووى نەدا و پێچەوانەکەى روویدا، ئەوەبوو پێکهاتەى (شیعە) جڵەوى حوکمڕانى وەرگرت، دەستیکرد بە سیاسەتى تۆڵەسەندنەوە لە پێکهاتەى (سووننە) تا شەڕى تائیفى هەڵگیرسا و درێژەى کێشا، تا ساڵى (2014) #داعش# ناوچە سووننەنشینەکانى داگیرکرد و هەمان سیاسەتى تۆڵەسەندنەوەى پەیڕەو کرد.
حکومەتى عێراقى هێزێکى تائیفى بەنێوى (حەشدى شەعبی) دامەزراند، لە ئەنجامدا ناوچەکانى ژێر دەستى داعش کەوتە دەست هێزە شیعەکانى (حەشدى شەعبی)، ئەمانە جگە لەوەى هێزێکى ئینتیقامی و توندبوون، پرۆسەى (تەشەیوع – بەشیعەکردن)یان لە ناوچەکانى (سەڵاحەددین، ئەنبار، نەینەوا، دیالە) پەیڕەو کرد، بەجۆرێک بە زمانى چەک دەیان (سەرۆک هۆزی سووننەمەزهەبەکان) هێزى چەکدارییان وەرگرت و چوونە پاڵ هێزەکانى (حەشدى شەعبی)، هاوکار بوون بۆ ئەوەى پرۆسەى (بەشیعەکردن) سەرکەوتوو بێت، بۆ یەکەمجار لە مێژووى عێراق، شیعەکان توانیان لە ناوچە سووننەنشینەکان لە هەڵبژاردنەکان سەرکەوتن بەدەست بهێنن و کورسى پەرلەمانى ببەنەوە.
ئەم واقیعە ئێستا لە ناوچە (دابڕێندراوەکان) پەیڕەو دەکرێ، بەجۆرێک پاش رووداوەکانی (16)ی ئۆکتۆبەری ساڵى (2017) واقیعێکی نوێ لە ناوچە دابڕێندراوەکان دروستبوو، دەستووری عێراق پێشیل کرا و کار گەیشتە (کردەی سەربازی) و ئه و ناوچانە رووبەڕووی شاڵاوی داگیرکاری بوونەوە، واقعیکی ناسرووشتی و ناهاوسەنگ و نادادپەروەر، لە نێو پێکهاتەکانی ئەم ناوچەیە دروست بوو.
ڕووداوەکانی (16)ی ئۆکتۆبەر، ناوچە دابڕێندراوەکانی دووچاری دەیان کێشە و قەیرانی وەک (ناسەقامگیری ئەمن و ئاسایش، خۆڕێکخستنەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان له و ناوچانە، دەستپێکردنەوەی پرۆسەی بەعەرەبکردن، دزین و بەهەدەردانی نەوت و سامانی گشتی، فەراغی ئیداری و یاسایی لەهەندێ ناوچە، پێشێلکردنی دەستووری عێراق، داگیرکردنی ناوچەکە و بەسەربازیکردنی، ناهاوسەنگی لەنێو پێکهاتە جیاجیاکانی ناوچەکە لە بەڕێوەبردندا، تۆمارکردنەوەی عەرەبە تەعریبکراوەکان لە تۆماری گشتی دەنگدەران، ئاوارەبوونی دەیان هەزار خێزان و نەگەڕانەوەیان بۆ شوێنی خۆیان) کردەوە، ئەمەش لەلایەن سیاسییەکانی عێراق و عەرەبە شۆڤینییەکان ئەم بارودۆخەیان بە هەلزانی و جارێکی تر لەهەموو ئه و ناوچانەی کە داگیرکرابوون لەلایەن حەشدی شەعبیەوە، عەرەبە هاوردەکان گەڕانەوە و پرۆسەی بەعەرەبکردن دەستیپێکردووە، ناوچە دابڕێندراوەکان بە گشتی و (کەرکووک) بەتایبەتی رووبەڕووی گەورەترین گۆڕانکاری دیمۆگرافی بوونەتەوە.
عەرەبە تەعریبکراوەکان زیاتر ئەو گرووپ و سەرۆک هۆزانەن کە چوونەتە پاڵ هێزەکانى (حەشدى شەعبی) دەیانەوێ وەک پێشتر بە هێزى چەک بێنەوە ئەو ناوچانە داگیر بکەن، ئەمە لەلایەک، کە کوردنشینانى ئەو ناوچانە رووبەڕووى شاڵاوى بەعەرەبکردن بوونەتەوە. لەلایەکى ترەوە، ئەو هێزانەى کە لە ناوچە دابڕێندراوەکان ھەن، چ لە (سوپا و پۆلیسى فیدرالى و حەشدى شەعبی و دژە تیرۆر) زۆربەیان هێزى تائیفین و سەر بە پێکهاتەى (شیعەن)، جگە لەوەى دۆسیەى ئەمنى ئەو ناوچانەیان لە دەستە، هەوڵى راکێشانى خەڵک دەدەن بۆ سەر مەزهەب و حزبەکانیان.
پرۆسەى (بەشیعەکردن) مێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاکانى سەدەى (هەژدەهەم) لە سەردەمى دەوڵەتى (قاجاڕى ئیرانى) کە پشتیوانى حکومەت و مەرجەعى شیعەى لەگەڵ دابوو، کە ئەم پرۆسەیە ئاراستەى (باشوورى عێراق) بکرێت و هۆزە عەرەبیەکان بگرێتەوە، هەروەکو نووسەرى ئەمەریکى (ئیسحاق نەقاش) دەڵێ پێکهاتەى (شیعە) لە سەدەى (نۆزدەهەم)وە پلانیان دانا و کارییان کرد ببنە یەکەمى عێراق لە رووى ژمارەى دانیشتوانەوە، ئەم ئاواتەشیان لە سەدەى (بیست) هاتەدى و بوونە گەورەترین پێکهاتەى دانیشتووانى عێراق بەگشتى و باشوورى عێراق بەتایبەتى.
لەکاتى بەعەربکردنى (کەرکووک) لە هەشتاکانى سەدەى رابردوو لە شەڕى (ئێران- عێراق) ئەمەش کاتى رژێمى بەعس هەستى بە مەترسى دانیشتووانە شیعە مەزهەبەکان کرد بڕیاریدا لە چوارچێوەى پرۆسەى بەعەرەبکردن زیاتر (عەرەبی شیعەکان) بۆ کەرکووک بهێنێت، ئەمەش رەهەندى سیاسى لەپشتەوە بوو.
لەماوەى ساڵانى (2017 - 2020) دا ناوچە دابڕێندراوەکان رووبەڕووى ئەم شاڵاوەى پرۆسەى (بەشیعەکردن) بوونەتەوە، بەجۆرێک ئەو هێزە تائیفییانە چەندین بڵاوکراوە و وێنە و ئاڵاى مەزهەبیان هەڵواسیووە لە شوێنە گشتییەکان، ئەمە وێڕاى ئەنجامدانى سرووتە ئایینىیەکانی تایبەت بە خۆیان، ئەمەش رەنگدانەوەى لەسەر توێژی گەنج و و هەرزەکاران دروست کردووە، بە شێوەیەک ماوەى (2) ساڵە دەیان کورد لە رۆژى (عاشوورا) سەردانى شارى (کەربەلا) دەکەن بۆ بەشداریکردنی له و سرووتانە.
لەلایەکى دیکەوە، ئەو هێزانە کار لەسەر چەند سەرۆک هۆزێک و کەسایەتییەکى ناوچە دابڕێندراوەکان دەکەن، کە لەرێگەى پێدانى ئیمتیازات و کردنەوەى فەوجى حەشدى شەعبی لە هەندێ ناوچە بۆ راکێشانیان.
ئەگەر پرۆسەى تەعریب رەهەندى سیاسی لەپشتەوە بێت بۆ سەرخستنى، ئەوا لەمەودوا بۆ سەرخستنى پرۆسەى (تەشەیوع) لەو ناوچانە، رەهەندى کۆمەڵایەتى لەپشتەوەیە، چونکە گۆڕینى مەزهەب و ئایین دەبێتە هۆى گۆڕینى (ئەتنۆگرافیاى ناوچە دابڕێندراوەکان) لەلایەک، گۆڕینى (دیمۆگرافیا)ش لەلایەکى دیکەوە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=