#شێخ ئەحمەدی بارزان# ، خودانی بارزان، بەڵگە فیلمی کوردستان24 ە، لەسەر ژیان و بەرخودانی شێخ ئەحمەدی بارزانی و بارزانییەکان لە پێناوی بەرگریکردن لە شوناس و مانەوەی کورد، هەستی شۆڕشگێڕیی و نەتەوەیی شێخ ئەحمەدی بارزانی بەشێوەیەک بووە، خۆی بە بەرگریکاری مافەکانی گەلی کوردستان زانیوە لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا، بۆیە لەگەڵ بارزانییەکان بوونە پاڵپشت و بەرگریکاری کۆماری کوردستان.
شێخ ئەحمەدی بارزان، ساڵی 1896 لە گوندی بارزان لەدایک بووە، بە خودانی بارزان بانگیان کردووە، کە بەمانای خاوەنی بارزان دێت، دوای شەهیدبوونی عەبدولسەلامی برا گەورەی، هەمان ڕێبەر و ڕێبازی وەرگرتووە و بووەتە ڕێبەری تەریقەتی بارزان.
کازم شانەدەری: شێخ ئەحمەدی بارزانی کەسایەتییەکی دیاری ئایینی بارزان بوو
کازم شانەدەری پێشمەرگەی دێرین لەبارەی شێخ ئەحمەدی بارزانی دەڵێت: دوای شەهیدکردنی شێخ عەبدولسەلام، شێخ ئەحمەدی بارزانی برای هاتە شوێنی، شێخ ئەحمەدی بارزانی لەنێو بارزانییەکان کەسێکی موبارەکە، لە ڕووی ئایینییەوە کەسایەتییەکی دیاری بارزان بوو.
عزەدین مستەفا ڕەسوڵیش لەبارەی شێخ ئەحمەدی بارزانی دەڵێت: شێخ ئەحمەد کەسێکی هۆشیار و وریا بوو، ناوێکی گەورەیە لە مێژووی کورددا، لەنێو بارزانییەکانیشدا دوای شێخ عەبدولسەلام دیسان ناوێکی گەورەیە.
بارزانییەکان ناوچەی بارزانیان بە سەربەخۆیی و بە خۆیان بەڕێوە بردووە، تەنانەت دوای دامەزراندنی حکومەتی ئێراقی کە لە ساڵی 1931 بڕیاریدا بارەگانی پۆلیس لەو ناوچەیە دامەزرێنێت، دانیشتووانی ناوچەکە بە ڕێبەرایەتی شێخ ئەحمەدی بارزانی لەڕووی ئەو کارە وەستانەوە و ئامادە نەبوون ملکەچ بکەن بۆ دوژمن، لە ئەنجامدا شۆڕشەکە بارزانی گرتەوەو ، بارزانییەکان توانیان گورزێکی بەهێز و کوشندە لە دوژمن بدەن.
کازم شانەدەری دەڵێت: بارزانی گێڕاویەتییەوە، کەسێک هاتۆتە لای و پێی ڕاگەیاندووە بگەن بە شێخ ئەحمەد، بارزانیی نەمر دەڵێت کە خۆم توند کرد بچم بۆ لای شێخ ئەحمەد، بینیم کە دەوری گوند دراوە و خۆی گەیاندووەتە شێخ ئەحمەد و لێی پرسیووە، ڕای تۆ چییە، شێخ ئەحمەد وەڵامی بارزانی داوەتەوە و پێی گوتووە، ڕای من ئەوەیە کەس ناتوانێت شەڕ بکات، بارزانیی نەمر پێی فەرمووە کە پێویستە لە گوندی بارزان بچێتە دەرەوە، لەگەڵ خۆشیدا دوو یان سێ کەسێک ببات، لە گوندی بارزان ئەو کات هەشت چەکدار مابوونەوە، شەڕێکی گەورە بە ڕێبەرایەتی بارزانیی نەمر دژ بە سوپای ئێراقی کراو سوپاکە تێکشکێندرا.
عزەدین مستەفا ڕەسوڵ: شێخ ئەحمەدی بارزانی خۆی ڕێبەرایەتی چوونی بارزانییەکانی بۆ کۆماری کوردستان کرد
عزەدین مستەفا ڕەسوڵیش دەڵێت: دوای شێخ عەبدولسەلام، شێخ ئەحمەد سەرکردەی شۆڕش بووە، دەڵێت: بارزانیی نەمر بەوشێوەیە باسی دەکرد، ڕاستی بارزانیی نەمر لە سەردەمی شێخ ئەحمەددا شەڕکەریش بووە، ڕۆڵی شێخ ئەحمەدیش ئاگاداری هەموو شتێک بووە، بە کردارەکی سەرکردە بوو، شێخ ئەحمەد بەو گەورەییە سەیر دەکرا لەلای ئەوان.
لە سەرووبەندی پێکهێنانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، شێخ ئەحمەد بڕیاری بەشداری پێکردنی بارزانییەکانی لەو کۆمارە دا و خۆی ڕێبەرایەتی چوونی بارزانییەکانی بۆ کۆماری کوردستان کرد.
ئەوەی دەتوانێت چەک هەڵبگرێت بێتە کۆماری کوردستان
کازم شاندەری دەڵێت: ساڵی 1946 ئەو کاتەی کۆماری کوردستان ڕاگەیاندرا، بارزانیی نەمر لە مەهاباد بوو، هەر ئەوساڵە لە نەورۆزدا هەواڵی بە ئێمە دا کە ئێمە لەنێوان نەغەدە و شنۆیە بووین، ئەوەی بتوانێت چەک هەڵبگرێت، بێتە مەهاباد، ئێمەش سێ ڕۆژان بەپێ چووین و هەتا گەیشتینە مەهاباد بووینە 100 کەس و زیاتریش، ئێمە لەوێ چووینە بارەگای بارزانی.
تەنیا بارزانییەکان بەرگرییان لە کۆماری کوردستان کرد
عزەدین مستەفا ڕەسوڵ دەڵێت: بارزانییەکان چوونە ئێران و لەوێ ڕۆڵیان هەبوو لە کۆماری کوردستاندا، کە ئێران ئەو کاتە بڕیاریدا ئەو کۆمارە نەمێنێت، تاکە هێز کە بەرگریی کرد لەبەرەی سەقز، بارزانییەکان بوون.
ماڵی شێخ ئەحمەد ماڵی هەموو هەژار و نەدارێک بوو
حەمەدەمین هۆستانی پێشمەرگەی دێرین دەگێڕێتەوە و دەڵێت: جگەلە ماڵی خۆی، شێخ ئەحمەد تەکێی هەبوو، ماڵەکەی ماڵی هەژار و نەدارانی کوردستان بوو، هەر هەژارێک ڕووی کردبایە ماڵەکەی، شێخ ئەحمەد خۆی لێ دەکرد بە خاوەن و سەرپەرشتی دەکرد، هەموو خواست و پێویستییەکی بۆ جێبەجێدەکرد، ڕووناکییەک لەو ماڵەوە خودا بە گەلی کوردستانی بەخشی کە شۆڕشێک لەنێو ماڵەکەوە دەستی پێ کرد، ئەو شۆڕشە بووە ڕووناکی بۆ هەموو کوردستان هەتاوەکوو ئێستاش.
مزگەوتی بارزان، لانکەی شۆڕشی بارزان
حەمەدەمین هۆستانی دەڵێت: مزگەوتی بارزان، شوێنی شۆڕشی بارزانە، شێخ ئەحمەد لەگەڵ خەڵکێک لێرە کۆدەبووەوە، دەڵێت: لێرە شۆڕش دەستی پێ کرد.
لە سەردەمی ڕێبەرایەتی شێخ ئەحمەد، تەریقەتی بارزان چەند بڕیارێکی گرنگی بۆ ژیانی هاووڵاتییان دەرکرد وەک، قەدەغەکردنی ڕاوکردنی ئاژەڵی کێوی و پاراستنی ژینگە، لەگەڵ ڕێگەگرتن لە بەزۆر بەشوودانی ئافرەتان و نەهێشتنی ژن بە ژن و شیربایی، جیاوازی نەکردن لەنێوان چین و توێژەکان و پێکەوە ژیان کە تاکوو ئێستاش ئەو بڕیارانە لە ناوچەکەدا پەیڕەو دەکرێن.
حەمەدەمین هۆستانی دەڵێت: شێخ ئەحمەد بڕیاریدا، کچ بەزۆر بەشوو نەدرێت، ئەگەر بەزۆر بەشوو بدرێت، مارەیی نایێت، منداڵەکانی کە دەشیان بێت، درووست نییە، بۆیە خەڵکی بارزان لەسەر ئەو بڕیارەی شێخ ئەحمەد، وازیان لە بەزۆر بەشوودان هێنا.
کازم شانەدەری دەڵێت: شێخ ئەحمەد فەرمانی کرد، هیچ ئاژەڵێکی کیوی نەکوژن، چونکە بەر لە فەرمانەکانی ئەو، ئاژەڵی کێوی لە ناوچەکە دەکوژران، هاوکات فەرمانیکرد، داری بە بەر نەبڕدرێن، داوای ئەوەی لە میللەت کرد پێکەوە بن و لەگەڵ یەک هاوڕابن، هاوکاری یەکتر بکەن و وەک برا بەیەکەوە بژین، شێخ ئەحمەد هەر فەرمانێکی دەرکردبا، دەستبەجێ خەڵک جێبەجێی دەکرد.
شێخ ئەحمەدی بارزانی لە ساڵی 1969 لە تەمەنی 73 ساڵیدا بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد. [1]