بۆچی سابڵاغی بە حەماغای گەورەیان گوتووە حەمەپاشای کۆیی؟
نووسینی: #موحیب مەهابادی#
وێنەیەکی دەگمەن و مێژوویی لە گەورەپیاوی نەتەوە و نیشتمان حەماغای گەورە کە ئێمەی سابڵاغی پێی دەڵێین: حەمەپاشای کۆیی و ئەوەش چیرۆکی تایبەتیی خۆی هەیە و مامۆستا #مەسعود محەمەد# لە لاپەڕەکانی 112 و 113ی پەرتووکی بەنرخی حەماغای گەورە وەها باسی دەکات و دەنووسێت:
میرزا محەمەد ئەمینی حاجی میرزا قادر کە مراد لێی دەگێڕێتەوە گوتوویەتی: حاجی میرزا قادری بابم بۆ مامڵەتی بازرگانی هاتوچۆی شارانی دەکرد. جارێکیان لەگەڵیدا چووم بۆ سابڵاغ. ڕۆژێکیان مامڵەتمان لەگەڵ توجاڕێکی گەورەی سابڵاغ کە ناوی ئاغاعەلی بوو دەکرد، لەوتووێژدا پێمان وت: ئێمە خەڵقی کۆیە و خزمی حەماغاین. ئاغاعەلی وتی، حەماغا یان حەمەپاشا؟ ئەو پیاوە ئەگەر لای ئێوە نەبوایە حەمەپاشا دەبوو.
دوای ئەمە حیکایەتی خۆی لە ئاست حەماغادا گێڕایەوە وتی، ساڵێکیان لەگەڵ چەند توجاڕێکی سابڵاغیدا هاتینە شاری کۆیێ، کڕین و فرۆشتنمان کرد تا پارەم بڕا جارێ پێویستیشم مابوو بە هەندێک شتمەکی پێویست بۆ سابڵاغ. کەس دەستی نەگرتم بەقەرز پارەم بداتێ. یەکێکی کۆیی وتی، خاڵە ئیشی تۆ لای حەماغا پێک دێت. سەرت نەیەشێنم لەگەڵم هات تا ماڵی حەماغای نیشان دام و خۆی گەڕایەوە. کە چوومە حەوشی دیوەخانەکە قەرەباڵغی ڕاوەستابوو. لەگەڵ برادەرەکانی سابڵاغیم چووینە ژووری دیوەخانە، بەپرسیار حەماغام ناسی، یەکێک بوو پیاو لە دەست و قەننەکەی دەتۆقی. ڕووم کردە ئەو شەخسە و وتم، ئاغا من بازرگانێکی سابڵاغیم، پارەم لێبڕاوە و پێویستیشم بە ماڵی بازرگانی ماوە بیکڕم، هاتوومە خزمەتت بەو نیازەی چەندێکی لێکیش دووربین بەنزیکم بزانی. ئەویش وتی یاخوا هەر بەخێربێی. نا، نا لێکدی دوورنین زۆر لێک نزیکین، کۆیە و سابڵاغ لەکن من یەک شارن ئەمەش پارە، خزمی وەکوو ئێوە هەر زۆربێ... دەستیم ماچ کرد و هاتمە دەرێ و ماڵی پێویستم کڕی و بارمان کرد بۆ سابڵاغ. ساڵی دواتر پارەکەم بۆ بردەوە. سێ ڕۆژ لای بووم هەتا بەهەرحاڵێک بێ پارەکم پێدایەوە. ئینجا برادەری کۆیی حەماغا لای ئێمە حەمەپاشایە.
میرزا محەمەد ئەمین لە کۆتاییدا وتی ئاغاعەلی لە سایەی حەماغاوە زۆری قەدر گرتین و خزمەتی کردین.
ئەوەی بیزانم لەو ساڵانەی نێوەندی حەفتاکاندا کاکەزیادی حەماغا گوزەر و گوزەرانی کەوتە دیوی ئێران. کۆیی ئەوتۆ پێی باوەڕ بکەم بۆی گێڕامەوە وتی: لە سابڵاغ خەڵقەکە بە چاوی شەخسی حەماغا سەیری کاکەزیادیان دەکرد و حورمەتی ئەویان پێدەدا و وەهاش دەبوو کە بەدەر دەکەوت دەیانوت حەماغا هات... بنەماڵەی پێشەوا قازی محەمەد ئەوپەڕی ڕێزیان لێنا.
ڕووحیان شاد و یادیان هەرمان بێت، شایەنی باسە کە ئەم تاقەوێنە دەگمەنەی حەماغای گەورەی کۆیە ساڵێک پێش کۆچی دواییان لە ساڵی 1919ی زایینی بە کامێرای کاپیتان های بریتانیایی گیراوە و لە پەرتووکەکەی خۆ بە ناوی دوو ساڵ لە کوردستان بڵاو بووەتەوە، پێشکەشتان بێت هاوڕێیانی هێژا و دڵسۆزی وڵاتی کوردستان. [1]
کوردیپێدیا بەرپرس نییە ل ناڤەڕۆکا ئەڤێ تۆمارێ و خودیێ وێ ژێڕە بەرپرسیارە. کوردیپێدیا ب مەرەما ئەرشیڤکرنێ تۆمار کرییە.
ئەڤ بابەت ب زمانێ (کوردیی ناوەڕاست) هاتیە نڤیساندن، کلیک ل ئایکۆنا

بکە ژ بو ڤەکرنا ڤی بابەتی ب وی زمانێ کو پێ هاتیە نڤیساندن!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی

بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
ئەڤ بابەتە 75 جار هاتیە دیتن
ڕایا خو دەربارەی ڤی بابەی بنڤێسە!