قەسەدە ڕایگەیاند: لە شەڕ و پێکدادانەکانی 24 کاتژمێری ڕابردوودا لە عەفرین، 53 سەرباز و چەتەی سەر بە سوپای تورک کوژراون.
ئێوارەی ئەمڕۆ، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی سوریای دیموکرات-قەسەدە، ئاماری شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەکانی 24 کاتژمێری ڕابردووی لە عەفرین بڵاوکردەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی قەسەدە:
لە گەڵ ئەوەی نەتەوە یەکگرتوەکان بە بڕیاری ژمارە 4201 ئاگربەستی لەتەواوی خاکی سوریادا ڕاگەیاندووە، بەڵام هێرشی دڕندانەی چەتەکانی تورک و هاوپەیمانەکانی لە سەر کانتۆنی عەفرین بەردەوامە، سوپای تورک بە تەکنەلۆژیای هەرە پێشکەوتوو گەلی ئێمە لە عەفرین سەرکوتدەکات.
لەبەر ئەوە هێزەکانی ئێمە ناچارن مافی پاراستنی ڕەوا لە خۆ بەکاربێنن و بەرپەرچی هێرشی هێزەکانی دوژمن بدەینەوە و گەلەکەمان لە عەفرین بپارێزن.
$بەرەی شارۆچکەی ماباتا$
سوپای تورکی داگیرکەرو چەتەکانی، چەند ڕۆژێکە لە گوندی بادینا هەوڵی پێشڕەوی دەدەن، بەڵام ڕووی وەڵامی توندی سەڕڤانانی ئێمە بوونەتەوە، پێش نیوەڕۆی دوێنێ لە دەوروبەری گوندی ناوبراو شەڕێکی سەخت ڕوویداو تا کاتژمێرەکانی درەنگای ئێوارە بەردەوام بوو، لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا چەندین چەتەو سەربازی تورک بەر زەبری هێزەکانمان کەوتن و بەگشتی 30 سەرباز و چەتە کوژران و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون.
لە ئەنجامی تۆپبارانی سوپای تورک و چەتەکانی هاوپەیمانی لە دەوروبەری گوندی میرکان، چەندین هاوڵاتی مەدەنی شەهید و برینداربوون.
$بەرەی شارۆچکەی ڕاجۆ$
هێزەکانمان لە دەوروبەری گوندی کواندە ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی سوپای تورکن کردە ئامانج و لەئەنجامدا ئۆتۆمبێلەکە بە تەواوی سەرنشینەکانیەوە تێکشکا، لەو شەڕەدا 7 چەتە کوژران.
لەدەوروبەری ڕاجۆ تا ئامادەکردنی ئەم ڕاگەیەنراوە شەڕی سەخت لەنێوان هێزەکانمان و سوپای تورک و چەتەکانیدا بەردەوامە.
$بەرەی شارۆچکەی جندریس$
فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکی داگیرکەر شەوی ڕابردوو لە کاتژمێر 9:00 تاوەکو درەنگانێکی شەو گوندەکانی ڕمادی و هیمیلکا-یان بۆردوومان کرد.
سوپای تورک دیسان بەمەبەستی قڕکردن، هاوڵاتیانی مەدەنی دەکاتە ئامانج، لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ لە گوندی حەجیلەر ئۆتۆمبیلێکی مەدەنی لەلایەن فڕۆکەکانی سوپای داگیرکەرەوە کرایە ئامانج و لە ئەنجامدا 8 هاوڵاتی شەهید و 12ی دیکەش برینداربوون، بۆ ئەوەی شوێنەواری تاوانە نامرۆڤایەتییەکەی بشارێتەوە، سوپای تورک سەرجەمی تەرمەکان و بریندارەکانی گواستەوە بۆ شارەدێی ڕیحانێ لە دیوی تورکیا.
شەڕڤانان گروپێکی چەتەیان بە ناوی (لیوای سلتان محمد فاتح) کە ناسراون بە دزینی ماڵی هاوڵاتیان ودەستدرێژی کردنە سەر سڤیل کردە ئامانج، لە ئەنجامدا توانیان 4 ئۆتۆمبیلی سەربازییان تێکبشکێنن و سەرجەم سەرنشینەکانی ناوی کوژران.
جێگەی وەبیر هێنانەوەیە لەم بەرەی شەڕدا فڕۆکەکانی سوپای تورک بەردەوام بۆردوومانی ناوچەکە دەکەن و هاوڵاتیانی مەدەنی ئامانجی سەرەکییانە.
لە نزیک گوندی چلمە، ئۆتۆمبیلێکی سوپای تورکی داگیرکەر کە لەهەوڵی پێشڕەویدا بوو لەلایەن شەڕڤانانەوە کرایە ئامانج و ئۆتۆمبیلەکە بە تەواوەتی تێکشکێنرا.
$بەرەی شارۆچکەی شەرا$
شەوی ڕابردوو تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هەریەکە لە گوندەکانی سینکا، براڤا، کفرجنە و ناوەندی شارۆچکەی شرا، لە لایەن سوپای تورکەوە بە چەکی قورس تۆپباران کران.
لەگەڵ تۆپبارانی سەخت، هێرشە ئاسمانییە هەڕەمەکییەکانی سوپای تورک لەسەر هەریەکە لە گوندەکانی سینکا، خەرابەشرا، بافلۆن، سەربازگەی کفرجنە و ناوەندی شارۆچکەی شەرا بەردەوامە.
لە بەرەی بافلۆن شەڕ بەردەوامی هەیە و هێزەکانمان کاتژمێر 10 سەرلەبەیانی ئەمڕۆ توانیان ئۆتۆمبیلێکی سەربازی دوژمن تێکبشکێنن بە تەواوی سەرنشینەکانی ناویەوە، لە هەمان بەرە ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی جۆری bmb تێکشکێنراو 16 چەتەو سەرباز کوژران.
لەم بەرەیە شەڕێکی سەخت تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە بەردەوامە و دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هێزەکانمان توانیان ئۆتۆمبێلێکی سەربازی کە چەکی دۆشکای لەسەر بوو بەتەواوەتی تێکبشکێنن.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ فڕۆکەکانی سوپای تورک گوندی مشعلە-یان بۆردوومان کرد، بۆردوومان تا ئامادەکردنی ئەم ڕاگەیەنراوە بەردەوامە، بەپێی زانیارییەکانمان تا ئێستا لە دەرەنجامی ئەو بۆردوومانانەدا 5 هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و ژمارەیەکیش برینداربوون، تیمەکانی تەندروستی بەهۆی هێرشەکانەوە ناتوانن بگەنە شەهید و بریندارەکان.[1]
#03-03-2018#