دەقی پەیامەکە:
بۆ یادی ڕاپەڕینی (2. 5. 1982) ی جەماوەری شاری ڕانیەی قارەمان
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان...
کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان...
ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژوویی یە لەدیرۆکی پڕ لە سەروەری گەلە ستەم دیدەکەمان، لە دووی ئایاری ساڵی 1982 ڕاپەڕینی جەماوەری لەم شارە بەرپا بوو، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە بۆ بەرز ڕاگرتنی سەروەری و نەبەردییەکانی گەلەکەمان و بە زیندوویی هێشتنەوەیان یادی ئەوڕۆژانەی فەرامۆش نەکردووە و بەرز ڕاگرتووە و هەمیشە لە پاڵ خەباتی شۆڕشگێڕانەی شاخ بڕِوای بە تینی بەهێزی جەماوەر و جۆرەکانی تری خەبات لەشێوەی ڕاپەڕین، مان گرتن، خۆپیشاندان بووە، هەموو کاتێ هاندەر و پشتیوانی گەورەی جۆری خەباتە جەماوەریەکان بووە، وێڕای ئەوە فریاد ڕەس و بەشدار بووە و لەم بوارەدا خاوەنی مێژوویەکی زێڕینی پڕشکۆ و خوێناوی یە.
خۆپیشاندانی قەڵادزێ لە 24. 4. 1982 کڵپەی سەند و ڕاپەڕینی جەماوەری گەورەی خولقاند کە بزوێنەر و پێشڕەوی ڕاپەڕین ڕێکخستنە نهێنی یەکانی یەکێتی بوو لە قەڵادزێ و دوژمنی داگیرکەری بەعسی ڕاچڵەکاند و تەوقی دیلێتی شکاند.
دوژمنی داگیرکەری بەعس ئه و ڕۆژانە بە هیچ جۆرێک دەستی نەدەپاراست لە کوشتن و گرتن و لەسێدارەدانی مرۆڤی کورد. هەر له و کاتەدا هەڤاڵانی ڕێکخستنە نهێنی یەکانی ڕانیەی (ی. ن. ک) بەردەوام لە هاتن و چووندابوون بۆ قەڵادزێ بۆ پشتیوانی قەڵادزێ و گواستنەوەی ئەم ئەزموونە بۆ بەرپاکردنی ڕاپەڕین لەشاری ڕِانیە، ئەوەبوو ڕۆڵە بوێرەکانی ڕێکخستنی ئەوسا کە خەڵکی ڕانیە تاک بەتاکی ئەوان و دەوری بەرچاویان بەرز دەنرخێنین توانیان کاریگەری بخەنە سەر هەست و سۆزی دانیشتوان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەعسی یەکان بەتین و گوڕێکی بەهێزەوە.
ڕاپەڕین لە دەوروبەری خوێندنگای ناوەندی لای قولەی ڕانیە دەستی پێکردووە، هەر له و شوێنە جەلادەکانی بەعس دەسڕێژیان لە خوێندکاران کردووە کە بۆتە هۆی بریندار بوونی چەند خوێندکارێک، دواتر لە دەوروبەری مزگەوتی گەورە تەجەموعی گەورە دروست دەبێت و دیسان دەسڕێژی گولە لە خۆپیشاندەران دەکرێت و خۆپیشاندان زیاتر پەرەدەستێنێ بەره و فولکەی کۆڕه و ئینجا ڕوودەکەنە سەرای ڕِانیە.
بۆ بەرەنگاربوونەوەی جەماوەر بەعس (ملازم محسن) بەدیاری دەهێنێت بۆ ڕِانیە بۆ سەرکوت و کوشت و بڕکردن، بەڵام شێرە کوڕانی ڕانیە بەم هەڵوێستە ڕقی پیرۆزیان ئەستورتر دەبێت و پەلاماری شێرە بەفرینەکەی بەعس دەدەن و بەڕاکردن فریای خۆی دەکەوێ.
چەکدارە کوردەکانی حکومەت لەڕانیە ئامادەنابن شەڕی گەلەکەی خۆیان بکەن و مەبەستیان نەبووە ڕِاپەڕین سەرکوت بکرێت و ماوەنادەن (ملازم محسن) دەست بوەشێنێ و داوای گەڕانەوەیان کردووە بۆ ئه و شوێنەی لێوەی هاتووە، هەوڵەکانیان بەئەنجامی باش گەیشتووە، خۆپیشاندان و مان گرتن بەردەوام دەبێت بە داخستنی دوکان و بازاڕ.
خوشکان برایان...
ڕاپەڕینی (دووی پێنج) لەڕانیە پەیامێکی کاریگەر و ترس هێنەر بوو بۆ عەقڵەقیەکان و بە ئاگاهێنانەوەیان کە ناکرێ گەلێک لەناو ببرێت، سەلماندیان کورد لە کاتی تەنگانەدا دەبێتەوە بەهێزێکی یەکگرتوو و تۆکمە و بەرهەڵستکار لە پێَناو مانەوە و سەرکەوتن.
هاوڕێیانی (حزبی شیوعی) هاوشانی ڕِێکخستنە نهێنی یەکانی (ی. ن. ک) ئه و ڕۆژانە سەروەریەکی گەورەیان لەمێژوی گەلەکەمان تۆمارکرد، هاوپشتی و هەڵوێستی پێشمەرگە قارەمانەکانی یەکێتی زیاتر دوژمنی هارکرد و دەستیان کرد بە گرتنی پێشڕەوانی ڕاپەڕین و ژمارەیەکیان گیران و دەست بەسەر کران.
ڕاپەڕین توانی سەر بە دوژمن شۆڕبکا و لەڕێگەی خەتیبی مزگەوتی گەورەوە داوای دانوستان بکەن و بەڵێنی جێ بەجێ کردنی داواکارییەکانی خەڵکی ڕاپەڕین بدەن و توانیان تەرمی شەهیدەکان بە هوتاف کێشانەوە بە خاک بسپێرن.
دیارە سەروەری و نەبەردی بێ قوربانی سەرکەوتن بەدی نایەت، ڕاپەڕین بەخوێَنی (3) ڕۆڵەی قارەمان سەرکەوت کە بریتی بوون لە شەهید (بابکر محمد حسن)، شەهید (عبدالله پیرۆت بایز)، شەهید (اسماعیل کاکل) و برینداربوونی زیاتر لە (سیانزە) هاوڵاتی.
لەکۆتاییدا...[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!