نیوەڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە #08-01-2024# بەڕێز #نێچیرڤان بارزانى#، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لە کونسولخانەى گشتیى کۆمارى ئیسلامیى ئێران لە #هەولێر#، بەشدارى لە پرسەى ئەو قوربانییانەدا کرد کە ڕۆژى #03-01-2024# لە شارى کرمان لە ئێران لە ئەنجامى هێرشێکى تیرۆرستیى #داعش#دا، شەهید بوون.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، لە دیدارێکدا لەگەڵ بەڕێز کونسولى گشتیى ئێران، وێڕاى گەیاندنى پرسە و سەرەخۆشى و هاوخەمیى هەرێمى کوردستان بە سەرکردایەتى و حکوومەت و گەلى ئێرانى دۆست، پرسەنامەیەکى لە تۆمارى پرسەدا نووسى.
تیایدا ئاماژەى بەوە کرد کە لە عێراق و هەرێمى کوردستان وەک قوربانیى دەستى تیرۆر، باشتر لە خەم و پەژارەى خانەوادە و کەسوکارى قوربانییان تێدەگەن و وێڕاى هاوسۆزى و هاوخەمى، هیواى زووچاکبوونەوەى بۆ برینداران خواست.
بەڕێزیان هێرشەکەى بە سەلمێنەرى مەترسیى ڕاستەقینەى تیرۆر زانى و نووسیویەتى: “بۆیە پێویستیمان بە بەردەوامیى هاریکاریى هاوبەش لە ناوچەکە و جیهان هەیە بۆ لەناوبردنى یەکجارەکیى داعش کە دوژمنى هاوبەشى ئێمە و کۆمارى ئیسلامیى ئێران و جیهانە.”
هەروەها سوپاس و پێزانینى بۆ ئێران دەربڕیوە کە لە بەرەنگاربوونەوەى داعشدا هاوکاریى عێراق و هەرێمى کوردستانى کرد. لاى خۆیەوە بەڕێز کونسولى گشتیى کۆمارى ئیسلامیى ئێران، سوپاس و پێزانینى بۆ سەردان و هاوبەشى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى لە خەم و پرسەکەیاندا دەربڕى.
دواى سەردانەکەش لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی باسی مەبەستی سەردانەکەی و دۆخی ئەمنیی ناوچەکەى کرد.
سەرەتا بەڕێزیان گوتی “ئەمڕۆ ئێمە هاتبووین بۆ کونسولخانەی گشتیى کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ دەربڕینی هاوسۆزیی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ قوربانییانى ئەو کارە تیرۆرستیەی کە لە کرمان ئەنجامدرا و بووە هۆی شەهیدبوونی دەیان خەڵکی بێگوناهی ئەو شارە. هاتبووین سەرەخۆشیی خۆمان بگەیەنینە کۆماری ئیسلامیی ئێران و خەڵکی ئێران بە شێوەیەکی گشتی و خۆشەویستانی کرمانیش بە شێوەیەکی تایبەتی، هاوخەمی و هاوسۆزیی خۆمان لە هەرێمی کوردستان پێیان بگەیەنین. داعشی تیرۆرست دیاردەیەکی ناوچەییە و لە ناوچەی ئێمە هەیە. جەختمان لەوە کردۆتەوە کە دەبێت بەردەوام بین لە هاوکاریکردن و کارکردن لەگەڵ یەکتر بۆ بنبڕکردنی ئەم تیرۆرستانە. لە هەمان کاتیشدا بە بیری خۆمان دەهێنینەوە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا کە داعش هات، کۆماری ئیسلامیی ئێران یارمەتیی عێراق و یارمەتیی هەرێمی کوردستانی دا و دووپاتمان لەوە کردەوە و سوپاسمان کردن بۆ هەموو ئەو یارمەتیانەی پێشکەش بە عێراق و هەرێمی کوردستانیان کردووە”.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند “کۆماری ئیسلامیی ئێران دراوسێیەکی گرنگی ئێمەیە، بەردەوام لە هەرێمی کوردستان دەمانەوێ پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەبێت و پێموایە ئێستا پەیوەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی باشە و هیوادارین ئەم پەیوەندییە باشتر و باشتریش ببێت، چونکە ئێمە دراوسێی یەکترین و لە ئەنجامدا لەو شوێنانەی ئێمە پێویستیمان بە یارمەتی هەبووە، کۆماری ئیسلامیی ئێران یارمەتیی ئێمەی داوە، لە هەرێمی کوردستانیش لە ڕابردوودا دووپاتمان کردووتەوە و ئێستایش دووپاتى دەکەینەوە کە بە هیچ شێوەیەک نابینە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ دراوسێکانمان، بەتایبەتیش بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران”. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=