راگەیەنراوی کۆتایی کۆبوونەوەی پێنج لایەنە سیاسییەکەی هەرێم - 13-10-2014
📝 Belgename
جەماوەری کۆڵنەدەری کوردستان..
خەڵکی عێراقی دڵسۆز..
لە هەل و مەرجێکی مەترسیداری چارەنوسازی ئێستای ناوچەکە و عێراق و کوردستان، ئەو پێنج لایەنەی کە لە پەرلەمانی عێراقدا نوێنەریان هەیە، رۆژی 13-10-2014 لە پایتەختی هەرێمی کوردستان و لە بارەگای سەرەکی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان، سەبارەت بە دۆخی ئێستای عێراق و کوردستان و دوا بەرنامە و بڕیار دەربارەی حکومەتی نوێی عێراق و قارەمانیێتی پێشمەرگەو گەمارۆدانی شاری کۆبانی، گفتوگۆیەکی بەرپرسیارانەیان کرد و دوا بریاریان لەسەر ئەم تەوەرانە دا:
یەکەم:
دۆخی عێراق و کوردستان:
ماوەیەکە عێراق و کوردستان، دوچاری هێرشێکی دڕندانەی داعش و داعشیەکان بونەتەوە و سەرەنجام، دۆخی ئاسایش و ژیانی کۆمەڵایەتی و چارەنوسی سیستەمی عێراق و تەواوی دەسکەوتە بەدیهاتوەکانی دوای روخانی سەدام کەوتۆتە بەر مەترسیەوە، بۆیە وێرای بەرەنگاری قارەمانانەی هێزی پێشمەرگە لە کوردستان و ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم، هێزە چەکدارەکانی بەرگری کردنی عێراقیش، لە شەڕی مان و نەماندان و هێزەکانی پشتیوانی عێراق لەجیهان و ناوچەکەدا، مایەی سوپاسە کە هەتا رادەیەکی کاریگەر بە هانای وڵاتەکە و کوردستانەوە هاتون.
لەم بارودۆخەدا، کۆبونەوە یەک هەڵوێست بو، وە جەخت دەکاتەوە کە تەواوی توانای هێزە کوردستانیەکان دەخەینە کار، ئەمجارەش عێراق لەم هەرەشە ترسناکانە رزگار بکرێت، بێ درێغی لەم پێناوەدا لە هەمو سەنگەرەکان و ئاراستەکاندا تێدەکۆشین.
دوەم:
حکومەتی نوێی عێراق
سەرەڕای ئەوەی سێ مانگ بوار دراوەتە حکومەتی بەرێز عەبادی، هەنگاوی دڵخۆشکەربنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغداو هەرێم، بەداخیشەوە لە مانگی رابردودا هیچ هەنگاوێکی کاریگەر لەسەر کێشە بنەرەتیەکانی تایبەت بە بودجەو موچە نەنراوە، سەرەڕاش کۆبونەوە بریاریدا وەزیرەکانی کوردستان، وەکو نوێنەری شەرعی گەلی کوردستان هەروەکو پێشتر بریاردرابو، بگەنە بەغدا و بەشداری راپەراندنی ئەرکەکانیان بکەن لە حکومەتی دەوڵەتمەداری عەبادی، و هیوادارین ئەم بریارە هەست بە بەرپرسیارێتیی کردنە بەرامبەر عێراق و حکومەتەکەی ببێتە مایەی پەرۆشی راستەقینە بۆ چارەسەرکردنی تێکرای کێشەکانی حکومەتی فیدرالی و حکومەتی کوردستان و بشبێتە مایەی بتەوکردنی خیتابی سیاسی و هەڵوێستی سیاسی یەکگرتو دژی دوژمنانی هاوبەش.
سێ یەم
باشوری کوردستان
لەدوای روداوی چاوەروان نەکراوی موسڵ و روداوی دڵتەزێنی شنگالەوە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە زیاتر لە هەزار (کلم) لەخانەقینەوە بۆ شنگال، لە شەرێکی بەرەیی کوردستان یان نەماندان سەربەرزانەش سەرەرای سەدان شەهیدی نەمرو برینداری کوردستان، پێشمەرگە بەراستی شەرەفی بەرزی پێشمەرگایەتی پاراست و گەیاندیە ئاستی بەرزی خۆبەختکردن لەم رێرەوەدا، رۆژی 12-10-2014 تیرۆرستەکان دوای ئەوەی لە شەڕی روبەروبونەوەدا توانایان بەرامبەر پێشمەرگە نەما دەستیان کردۆتە سەپاندنی نەخشەی کۆمەڵکوژی و تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێل لەقەرەتەپەدا سێ ئۆتۆمبێلیان لەبارەگای کۆمیتەی یەکێتی و بەرێوبەرایەتی ئاسایش و پۆلیس تەقاندەوەو لە ئاکامدا (43) شەهیدو دەیان بریندار کرانە سور خەڵاتی خەباتی خوێناوی ئەم جارەی کوردستان.
کۆبونەوە لەکاتێکدا ئەوپەری سەری نەوازش بۆ شەهیدانی قەرەتەپە دادەنەوێنێت و هیوای چاکبونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازێت، لەهەمانکاتدا دیسان دەستخۆشی لە پێشمەرگە دەکات کە نەیانهێشتوە کوردستان وەکو ناوچە کارەساتبارەکانی وڵاتەکەی لێ بێت داواش دەکەین پشتیوانی گەلەکەمان و ئەزمونە دیموکراسیەکەی باشتر و زیاتر پشتیوانی هێزی پێشمەرگە بکەن بۆ سەرکەوتن بەسەر داعشەکاندا کە دوژمنی ئازادی و هەمو لایەکمانن.
چوارەم
دۆخی کۆبانێ:
کۆبانێ ئێستا بۆتە سومبولی نەتەوەی کورد و سەنگەرێکی کاریگەری بەرپەرچدانەوەی داعشەکان، کۆبونەوە، دوپاتی دەکاتەوە کە بێ درێغ پشتیوانی شەڕەڤانانی کۆبانێ دژی دوژمنانی ئازادی دەکات و ئومێدەواریشین تەواوی وڵاتانی جیهان و ناوچەکە باشتر لە جاران بیر لە کۆبانی بکەنەوە و زیاتر بە هانایانەوە بچن، لە هەمانکاتدا حکومەتی کوردستان توانای زیاتر دەخاتە کار بۆ رزگاری کردنی کۆبانێ.
پارتی دیموکراتی کوردستان
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان
بزوتنەوەی گۆران
یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان
کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان
13-10-2014
⚠️ Ev babet bi zimana (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) hatiye nvîsandin, klîk li aykona
bike ji bu vekirina vî babetî bi vî zimana ku pî hatiye nvîsandin!
⚠️ ئەم بابەتە بەزمانی (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!