پەیجێکی چڵکاوخۆر کە پارە لە بەرپرسان و هەندێ کەس وەردەگرن بۆ ڕیکلام کردن بۆ کارەکانیان، لەو چوارچێوەیەدا دیارە پارەیان لە لایەنێک وەرگرتوەو ڕاپۆرتێکی پڕ لە درۆ و بوختان و چەواشەکاریان لەسەر #وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن# و پڕۆژەی پردی توەقوت کردوە.
کارەکەی نوسەری ڕاپۆرتەکەو خاوەنی پەیجەکە، هەوڵێکی تری نەزۆکانەیە بۆ ناشرینکردنی کارو پڕۆژەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، لەبەرئەوەی سەرەڕای قەیرانەکان لەماوەکانی ڕابردودا توانیومانە (440) پڕۆژە لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان بە گوژمەی 900 ملیار دینار تەواو بکەین، کە بەرهەمەکەی زیاتر لە 1300کم ڕێگا قیرتاو کراوەو لەئایندەیەکی نزیکدا لە چوارچێوەی کتێبێکدا چاپ و بڵاودەکرێتەوە.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن وێڕای ئەوەی پێشتریش ڕونکردنەوەی لەسەر پڕۆژەی پردی توەقوت داوە، سەرلەبەری ڕاپۆرتی ئەو پەیجە ڕەتدەکاتەوەو جارێکی تر بۆ ڕایگشتی ڕوندەکاتەوە:
ڕێگاو پردی توەقوت لەپارێزگای #هەڵەبجە# کە یەکێک بو لە داواکارییە سەرەکییەکانی خەڵکی ناوچەکەو کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، خۆشبەختانە لەکابینەی نۆیەمی #حکومەتی هەرێمی کوردستان# و بەهەوڵەکانی بەڕێز #دانا عەبدولکەریم#، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن و لەسەر ڕەزامەندی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ڕەزامەندی بۆ ئەنجامدان و جێبەجێ کردنی پڕۆژەکە وەرگیرا.
دوای گرتنەبەری ڕێکارەکان و ئاراستەکردنی نوسراو بۆ ئەنجومەنی وەزیران، پڕۆژەی پردی توەقوت بە ڕێکاری یاسایی و بەپێی ڕێنمایی ژمارە (2)ی ساڵی (2016) خراوەتە پرۆسەی تەندەرینەوەو ئیحالەی کەمترین نرخ کراوەو بۆ کۆمپانیایەکی خۆماڵی دەرچوە، بەڵام پردی سازان لەنێو ڕەزامەندیەکە نەبو، ئەوەش بەهۆکاری ئەوەی هێشتا ڕێککەوتن لەنێوان حکومەتی عێراق و ئێران نەکراوە کە دەروازەی سازان بکرێتە دەروازەیەکی نێودەوڵەتی.
بەهۆی ڕێوشوێن و ڕێکارەکان و تاوەکو ھاتنەوەی وەڵامی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ڕەزامەندی لەسەر پڕۆژەکە و دواتر هاتنەئارای شەڕی ئۆکرانیا، کۆمپانیاکە داوایەکی پێشکەش کرد کە پڕۆژەکە نەکات یاخود ئامادەیە بە نرخی خەمڵێنراوی وەزارەت پڕۆژەکە جێبەجێ بکات، لەسەر ئەو بنەمایەو وەک مافێکی کۆمپانیا وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن داوای کۆمپانیاکەی بەنوسراو بەرزکردوەتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی وەزیرانیش ڕەزامەندی لەسەر زیادکردنی تێچوی پڕۆژەکە کردوە بەڵام نەک بەو بڕە پارەیەی لە ڕاپۆرتی پەیجەکەدا ئاماژەی پێکراوە.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لە ساڵی 2022ەوە ئامادەیە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکەو ئێستاش چاوەڕێی بریاری ئەنجومەنی وەزیرانین بۆ دانانی بەردی بناغەو جێبەجێ کردنی پڕۆژەکە، بەڵام بەداخەوە تائێستا بەهۆکاری سیاسی نەتوانراوە بەردی بناغەی پڕۆژەکە دابنرێت، لەماوەی ڕابردودا ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجەو خەڵکی خۆشەویستی شارەکە ئاگادارن کە دو جار ئامادەکاری و پێداویستییەکانی ڕێورەسمی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەکە دانرا، بەڵام بەهۆکاری سیاسی نەتوانرا ئەنجامبدرێت.
نوسەری ڕاپۆرتەکەو خاوەنی پەیجەکە لەبەرئەوەی تەنها خەمیان چنگکەوتنی پارەی ژێربەژێر بوەو بەشێکی ستافەکەش ئاگایان لەو سەوداو مامەڵەیە نیە، لە کۆی ڕاپۆرتەکەداو سەبارەت بە پڕۆژەکانی وەزارەت زانیاری ناڕاست و بوختانیان کردوە و کەوتونەتە هەڵەی زەقەوە، کارەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو وەزارەتەکانی دیکەی تێکەڵ کردوە، بەجۆرێک پاککردنەوەی بەفری ڕێگای مەرزی کێلێ لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بودجەکەی بۆ تەرخانکراوەو هەر خۆشیان گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیایەک کردوەو لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنەوە نەکراوە.
جگەلەوەش پرۆسەی تەندەرین لەلایەن لیژنەکان و دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەت بە کۆمەڵێک ڕێکاردا تێپەڕدەبێت و دورو نزیک پەیوەندیی بە نوسینگەی بەڕێز وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنەوە نیە، دیسان لەوەشدا درۆ و بوختانیان کردوە کە دەڵێن سەرمایەدار و خاوەن کۆمپانیایەک داوای پێشکەشکردوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بێ ئەوەی داوای پارە بکات تا ئەوکاتەی بارودۆخ باش دەبێت، دور و نزیک ئەو سەرمایەدار و خاوەن کۆمپانیایە داوایەکی لەو شێوەیەی پێشکەش بە وەزارەتمان نەکردوە. سەبارەت بەپڕۆژەی ڕێگای 17 گوندی ناوچەی سیدەکان کە لە ڕاپۆرتەکەدا باسی دەکات، دیسان کەوتونەتە ھەڵەیەکی زەقەوەو بەوشێوەیە ئیحالە نەکراوە کە لە ڕاپۆرتەکەدا باسکراوە.
جگەلەوەش هیچ پەیوەندییەکی تەلەفونیان بە نوسینگەی جەنابی وەزیر و ڕاگەیاندنی وەزارەتەوە نەکردوە بۆ لێدوان وەرگرتن لەسەر ڕاپۆرتەکە، وەک ئەوەی نوسەری ڕاپۆرتەکە بۆ چەواشەکاری ئاماژەی بۆ کردوە.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن وێڕای بڕوای تەواوی بە پشتیوانی لەکاری ڕۆژنامەنوسی و ڕۆژنامەنوسان، بەڵام بەمافی خۆی دەزانێت لەرێگەی یاساو دادگاوە باجی ئەو درۆ و بوختانانە لە نوسەری ڕاپۆرتەکەو خاوەنی پەیجەکە وەربگرێت و لەنزیکترین کاتدا ڕوبەڕوی دادگاو یاسایان دەکەینەوەو سەرجەم بەڵگەو دۆکیۆمێنت و ڕاستیەکان بۆ وەڵامدانەوەی ئەو ڕاپۆرتە چەواشەکاریە دەبەینە بەردەم دادگا، هەر قەرەبو و مافکەوتێکیش کە لە ئەنجامی ئەم داوایەوە بەر وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن دەکەوێت دەیخەینە خزمەت پڕۆژەی پردی توەقوت.
جارێکی تر خەڵکی کوردستان بەگشتی و کەسوکاری شەھیدان و خەڵکی پارێزگای ھەڵەبجە دڵنیا دەکەینەوە، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لەم کابینەیەدا هەروەک چۆن لە سەرەتاوە بەڵێنیدا، ئاواش هەوڵەکانی بەئەنجام دەگەیەنێت بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی ڕێگاو پردی توەقوت. [1]
ڕاگەیاندنی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن
#17-02-2024#
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=