شارەدێیەکە سەربە شارۆچکەی #چەمچەماڵ# لە پارێزگای #سلێمانی# باشووری کوردستان.[1].
شارەدێی ئاغجەلەر سەرجەمی دانیشتووانەکەی کوردە، وەیەکێکە لە ناوچە جێناکۆکەکانی ئێراق، لە سەرەتادا لەگەڵ شارۆچکەی چەمچەماڵدا سەر بە سنجاقی سلێمانی بوو، بەڵام لەگەڵ داگیرکاری ئینگلیز و درووستکردنی دەوڵەتی ئێراق بۆ کەم کردنەوەی لایەنگری شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفید، شارۆچکەی چەمچەماڵ خرایە سەر پارێزگای #کەرکووک#، بەڵام بەھۆکاری سیاسی و پاکتاوکردن و کەمکردنەوەی ڕێژەی کورد لە پارێزگای کەرکووک دابڕێنراو لە ساڵی 1976دا شارۆچکەی چەمچەماڵ خرایەوە سەر پارێزگای سلێمانی، لە ئێستادا چارەنووسی ئەم شارەدێیە چاوەڕێی جێبەجێکردنی (ماددەی 140ی دەستووری ئێراق) دەکات.
لە شاڵاوی ئەنفالدا ئەم شارەدێیە لەسەر ئاستی شارەدێکانی باشووری کوردستان زۆرترین قوربانی داوە لە دوای شارەدێی #قادرکەرەم#.
$ناو$
لە سەردەمی بابانی و عوسمانیدا بەم ناوچەیە دەوترا قەڵاسێوکە، تاوەکوو سەردەمی پاشایەتی ناوی شارەدێیەکە ھەر قەڵاسێوکە بوو.
وشەی ئاغجەلەر گوایە لە وشەی (ئاغاج+لەر) ھاتووە ئاغاج واتای دار (درەخت) و لەر ئامڕازی کۆیە لە زمانی تورکیدا، بەسەریەکەوە دەبێتە دارەکان.
ئاقجەلەر یا ئاغجەلەر بووە، ئاقجە یان ئاغجە بە واتای پارچە زیو دێت، بەسەریەکەوە دەبێتە زیوەکان.
گوایە باغچەلەر بووە بەواتای باخچەکان دێت، کە لە زوودا ئەم گوندە ھەمووی باخ و بێستان بووە.
ئاغجەلەر لە زمانی تورکیدا بە واتای ھاوارکردنیش دێت.
ئەگەری ھەیە پێش داگیرکاری عوسمانی ناوێکی کوردی ھەبووبێ بە وتن نزیک بووبێت لەم وشەیە یان بەم واتایە ھاتبێت، لە سەردەمی عوسمانییەکاندا گۆڕدراوە، لەبەرئەوەی ئەم گۆڕانکارییانەیان بەکاردەھێنا لە ناوچەکاندا.
$جوگرافیا$
شارەدێی ئاغجەلەر ھاوسنوورە لەگەڵ؛
لە باکوورەوە شارەدێی #ئاشتی# و شارەدێی #تەقتەق# لە شارۆچکەی #کۆیە#.
لە باشوورەوە لەگەڵ شارەدێی ناوەندی شارۆچکەی #بازیان#، شارەدێی ناوەندی شارۆچکەی چەمچەماڵ و شارەدێی #تەکیەی کاکەمەند#.
لە ڕۆژھەڵاتەوە شارەدێی ناوەندی شارۆچکەی #دوکان#، شارەدێی #سوورداش# و شارەدێی #پیرەمەگروون#.
لە ڕۆژاواوە شارەدێی #شوان# لە پارێزگای کەرکووک.
ڕووبەری ئەم شارەدێیە (638کم2)ە لە (18٫39٪) شارۆچکەی چەمچەماڵ پێکدەھێنێت، و لە (3٫16٪) پارێزگای سلێمانی پێکدەھێنێت.
لە ڕووی ڕووبەرەوە لە ئاستی (سێیەمە) لە حەوت شارەدێی شارۆچکەی چەمچەماڵدا.
لە ڕووی دانیشتووانەوە لەسەر ئاستی (چوارەمە) لە حەوت شارەدێی شارۆچکەی چەمچەماڵ.
ژمارەی دانیشتووانی ناحیەی ئاغجەلەر لە ساڵی 2020دا (11٬169)کەسە.