بورهان قانع (1935 - 1985)
هەڵکەوتوی بواری نووسین و وەرگێڕان و ڕۆژنامەنووسی...
وردبوونەوە لە نەخشەی بچووکی ئەدەبیاتی کوردی و لیستی چاپەمەنییەکاندا، دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە زوربەی خاوەن بەرهەمی سەنگین و قەڵەمی بە توانا و دڵسۆزانی ئەم کاروانە پیرۆزە، ئەو کەسانەن کە خوێندنێکی ئەوتۆیان دەسگیر نەبووە و بە سووتان و کۆششی بەردەوامیان بوونە دەرچوانی قوتابخانەی ژیان و مەینەتی و تاقیکردنەوەکانی ڕۆژکار. هاوڕێی ئازیزم خوالێخۆشبوو (بورهان قانع 1935 – 27/6/1985) لە دایکبوی ئاواییەکی بچووک و بەردەڵانی (نەوێ) ی بناری شارەزوورە، ژیانی تایبەتی و ناهەمواری گوزەران و بارودۆخی ئەو ڕۆژگارە بوونەتە بەربەست و ڕێگری تەواوکردنی خوێندن. لە تەمەنێکی ئێجگار مناڵیدا (قانع) ی باوکی دەینێرێتە قەلەندەر خانەکەی (پیرەمێرد 1867 – 19/6/1950) ی شاعیرو ڕۆژنامەنووس، هەر لەوێوە بە دنیای پیت و وشە و کاغەزو سەرەتاکانی ئەدەب و نووسین ئاشنا دەبێت و دەستگیرۆیی و هاندانی باوکیشی دەبنە پاڵپشتێکی تر. لە دەوروبەری شۆڕشی چواردەی تەمووزی ساڵی 1958 دا دەبێتە ئەندامی دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی (پێشکەوتن) و دواتریش ڕۆژنامەی (دەنگی کورد)، لە ڕێی نووسین و شیعرەکانییەوە بە خوێندەواران دەناسرێ، جگە لە گۆشەی تایبەتی چەندین بابەتی هەمەڕەنگ و ڕیپۆرتاژی ڕۆژنامەنووسی تێدا بڵاوکردوونەتەوە. ساڵی 1960 بۆ یەکەمجار لەگەڵ (14) نووسەر و شاعیری دیاردا داوای دامەزراندنی یەکێتی نووسەرانی کوردیان کردووە و مامۆستایانی وەک (شێخ محەمەدی خاڵ و شاکیر فەتاح و محەڕەم محەمەد ئەمین و کامەران موکری و ڕەمزی مەلا مارف) لەو داواکارییەدا بەشدارییان کردووە و ڕۆژنامەی (پێشکەوتن) ی ژ 109 ی ڕۆژی 14 ی نیسانی 1960 ناوەکانی بڵاوکردووەتەوە. ساڵی 1970 ئەندامێکی کاراو چالاک و هەڵسووڕێنەرو چاپکردنی گۆڤاری (ڕزگاری) بووە، دواتریش لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی وەک (هاوکاری و ڕۆشنبیری نوێ و بەیان) ی دەزگای ڕۆشنبیری کوردی چالاکانە کاری کردووە. لە ساڵی 1980 بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە دەزگا ڕۆشنبیرییەکانی شۆڕشی کورددا وەک نووسەر و کادرێک بەشداریکردووە و چەند بەرهەمێکی بە چاپگەیاندووە، پێش کۆچی دوایی بە ساڵێک پڕۆژەیەکی نووسین و وەرگێڕانی ئامادە کردبوو، بە هەوڵی تایبەتی خۆی چەند کارێکی ئەدەبی و مێژوویی و فیکری بە چاپگەیاند هەندێکیشیان بە دەستنووسی ماونەتەوە، کاکە بورهان گەر مەرگ لێی بگەڕایە بە تەنیا باڵ دەزگایەکی تایبەتی چاپ و بڵاوکردنەوە بوو.
Ev babet bi zimana (کوردیی ناوەڕاست) hatiye nvîsandin, klîk li aykona
bike ji bu vekirina vî babetî bi vî zimana ku pî hatiye nvîsandin!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Ev babet 24,899 car hatiye dîtin
Raya xwe li ser vî babetî binivîsin!