بەپێی ئاماری ساڵی 2013 ی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی گشتی کەلار، له و ساڵەدا 170 حاڵەتی مردن و 653 حاڵەتی بریندار بوون تۆمار کراون، زۆرترینیشیان بەهۆی ئۆتۆمبێلەوە بووە.
بەپێی ئامارێکی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کەلار، کە وێنەیەکی دەست خەندان کەوتووە، برینداربوون و گیانلەدەستدانی هاوڵاتیان بە ڕووداوە جۆراوجۆرەکان، لە 2013 دا ئاشکرا کراوە، تیایدا 170 هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوه و 653ی دیکەش بریندار بوون.
زۆرترینی حاڵەتەکانیش بە ڕووداوی ئۆتۆمبێل و دوای ئەویش ڕووداوی فیشەک و دواتریش خنکان بووە، بەمشێوەیە:
260 ڕووداوی ئۆتۆمبێل تۆمار کراون، تیایدا 82 کەس گیانیان لەدەستداوه و 178 ی دیکە بریندار بوون.
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیانیش، لە 2013 دا، 375 هاوڵاتی بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە.
لە 60 حاڵەتی (فیشەک) یشدا، 28 کەس گیانیان لەدەستداوە و 32 ی دیکە بریندار بوون.
17 حاڵەتی خنکان بە ئاو و یەک حاڵەتی خنکان بە غاز، چوار خنکانیش بە هەڵواسین و خۆهەڵواسین، تۆمار کراون.
رووداوەکانی دیکە بەمشێوەیە بوون:
هەر لە 2013 دا، بەهۆی تەزووی کارەباوە 13 کەس مردوون، حاڵەتی کارەباش 33 جار تۆمار کراوە.
85 حاڵەتی شەڕە چەقۆ و ئامێری تیژ تۆمار کراوە، تیایدا حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە و 78 ی دیکە بریندار بوون.
129 حاڵەتی سووتاوی تۆمار کراوە، تیایدا شەش کەس گیانیان لەدەستداوه و 123ی دیکە بریندار بوون.
گیانلەدەستدان بە لوغم و تەقەمەنی شەش جار تۆمار کراوە، 85 حاڵەتی کەوتنە خوارەوە، تۆمار کراوە، له و ڕێژەیەش پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە، 80 ی دیکە بریندار بوون.
118 حاڵەتی پێوەدانی مار و دووپشک، تۆمار کراون، له و ڕێژەیەش یەک کەس بەهۆی دووپشکەوە گیانی لەدەستداوە.
سەگی هار و بەرەڵای ناوچەکەش 25 هاوڵاتیان بریندار کردوە.
- 04-01-2014