راماڵ قەسرەیی
لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا نزیکەی یەک ملیۆن تەن کاڵا لەرێگەی خاڵی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە هاوردە و هەناردەکراوە و قەیرانەکانیش کاریگەریی خۆیان هەبووە.
مەسعود باتێلی، سەرپەرشتیاری کۆمەڵگای ئیداریی خاڵی سنوری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی حوزەیران 784هەزار و 111 تەن کاڵای جۆراوجۆر ئێرانەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە و له و ماوەیەشدا 14هەزار و 383 تەن کاڵا بەپێچەوانەوە هەناردە کراوە، بەپێی ئامارەکانیش ڕێژەی هاوردەکردن نزێکەی 98%بووە.
مەسعود باتێلی وتیشی: بەبەراورد بە ساڵی ڕابردوو بارودۆخەکە گۆرانکاریی گەورەی بەسەر داهاتووە، وەک قەیرانی دارایی و دواکەوتنی مووچە لەهەرێمی کوردستان و تێکچوونی باری ئەمنیی چەند شارێکی ناوەراستی عێراق کە ڕێژەیەکی زۆری کاڵای هاوردەکراو بۆ ئه و شارانە دەچوو، بەڵام ڕێژەی ئاڵوگۆر زیاترە و ئەگەر بارودۆخەکە بەم شێوەیە نەبووایە زۆر زیاتریش دەبوو.
باتێلی وتیشی: بە پشتبەستن بە ستانداردی نێودەوڵەتی، تەنها لەماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا نزیکەی حەوت هەزار تەن کاڵای جۆراوجۆری نەگونجا و گەرێندراوەتەوە و هەندێکیش لەناوبراوە.
سەرپەرشتیاری کۆمەڵگای خاڵی سنوری حاجی ئۆمەران ئاشکراشیکرد کە لەئێستادا هاتنی کەرەستی بیناسازی زۆر سستە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕاوەستانی پرۆژە خزمەتگوزراییەکانی حکومەت بەهۆی قەیرانی داراییەوە.
سەبارەت بەداهاتی ئه و ماوەیەش سەرپەرشتیاری کۆمەڵگای ئیداری دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران وتی: ناتوانین هیچ ژمارەیەک بڵێین، چونکە ئەمە پەیوەندیی بەبەرێوەبەرایەتی گومەرگەکانی سەر بەوەزارەتی داراییەوە هەیە.
- 09-07-2014
Ev babet bi zimana (کوردیی ناوەڕاست) hatiye nvîsandin, klîk li aykona

bike ji bu vekirina vî babetî bi vî zimana ku pî hatiye nvîsandin!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی

بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Ev babet 8,774 car hatiye dîtin
Raya xwe li ser vî babetî binivîsin!