دەستخۆشی لە سەرجەم هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە گشت بەرەکانی جەنگو هێزەکانی دژە تێرۆرو تێکڕای شەڕڤانانی کوبانێو گەلی کوردستان دەکات کە لەجیاتی جیهانی ئازاد، جیهانی مافەکانی مرۆڤو پاراستنی کەرامەتی ئینسانییەوە لە دژی چەتە تێرۆریستەکانی داعش وەستاوەنەتەوەو مێژووێکی پڕشنگدار بۆ مرۆڤایەتیو ڕەوتی ڕێزگرتنی بەرامبەرو میانڕۆیی تۆمار دەکەن، لەمڕوەشەوە ڕایدەگەیەنێ کە یەکێتی بە ئەرکی نیشتمانیو نەتەوەیی خۆی دەزانێ وەک چۆن هاوکاری سەربازی گەیاندە کوبانێ، لە هەموو کەناڵەکانو لە هەر دەرفەتێکی فەراهەمکراو هاوکاری مرۆییو پزیشکیو خۆراکیو تەنانەت کەرستەی سەربازیش بگەیەنێتە ئەو بەرانەی کە لە دژی داعشە دەستڕەشە تێرۆرستەکان وەستاونەتەوە.
– ئەنجومەنی ناوەندی لە ڕێی سەرچاوەکانی تایبەت بە خۆیەوە ماوەیەکی زۆرە ئاگاداری ئەو دوو هەلیکۆپتەرەیە کە لە لایەن عیراقەوە تەرخانکراون بۆ گواستنەوەی کەلوپەلو کەرەستەو پێداویستییەکانی سەربازی بۆ چیای شەنگال، بەڵام لە گەڵ ناردنو گەیشتنی ئەو هاوکاریو پێداویستیانە ڕاستەوخۆ لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێو بە ناوی حزبیو بەپێی فۆڕمێکی دیاریکراوەوە دابەشی لایەنگرانی حزبی دەکرێن، ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەو هاوکارییانە لە بنەڕەتەوە بەناوی جەماوەرگەلی ئاوارەو پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەکانی ئەوێ بەڕێ دەکرێن بێ ئەوەی ڕەچاوی لایەنگیربوونی سیاسی یاخود حزبی بکرێ، بۆیە ئەنجومەنی ناوەندی بە نیگەرانییەوە لەو هەڵوێستە مەیدانییە سیاسییە-حزبییە دەڕوانێ.
– ئەنجومەنی ناوەندی داوا دەکات هەموو ڕێگاکان بکرێنەوەو دەرفەتەکانیش فەراهەم ومەیسەر بکرێن بۆ ئەوەی بتواندرێ ئازوقەو چەک بۆ شەنگالییەکان بنێردرێ.
– ئەنجومەنی ناوەندی ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان لە هەر پارچەیەکی کوردستانو کۆدەنگی نیشتمانیو نەتەوەییو یەکخستنی گوتاری سیاسی بە پێداویستی بە پەلەو هەنوکەیی گرنگ دەزانێو پێیوایە کە ڕێککەوتنی سیاسی نێوان لایەنەکان پێویستە بە ڕەچاوکردنی هاوبەشبوونی ڕاستەقینە بێتو دوور بێت لە هەر هەوڵێکی پاوانکاری سیاسی، هەر بەم دیدگایەشەوە دەڕوانێتە ڕێککەوتننامەی ستراتیژیو ئەگەرەکانی هەموارکردنەوە، هەروەک گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سیاسی هەمەلایەنە لەژێر بنمێچی پەرلەمانی کوردستان بۆ قۆناغی ئێستای کوردستان بە گرنگو ئەرێنی دەزانێ، هەروەک ڕایدەگەیەنێ کە هەر ڕێککەوتنێکی نێوان یەکێتیو هەر لایەنێکی دیکەی سیاسی دەبێ دواجار بەپێی ماددەی (39) بڕگەی (7)ی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی، لەناو ئەنجومەنی ناوەندییەوە پەسند بکرێ.
– ئەنجومەنی ناوەندی پێیوایە نەبوونی هەماهەنگی سیاسیو کارگێڕی پێویست لەسەر ئاستی ئەنجومەنی ئاساییشی نەتەوەییو نەبوونی ستراتیژێکی هاوبەشو زاڵکردنی ئەجێندای لایەنێکی سیاسی بەسەر ڕەوتو کارەکانی ئەنجومەنەکە، زیانێکی گەورە بە یەکڕیزی نیشتمانی دەگەیەنێو کەلێنێکی ئاسان دەداتە دەست دوژمنانی کوردستان، بۆیە پێویستە هەرچی زووە پێداچوونەوەی ورد بە کارەکان بکرێو لەسەر ئاستی نیشتمانیو نەتەوەییەوە ئاراستەی هەڵوێستەکان بکرێت.
– ئەنجومەنی ناوەندی بە مافی خۆی دەزانێ لەمەودوا، بە وردی هەڵسەنگاندن لەسەر هەڵوێستەکانی مەکتەبی سیاسیو ئەنجومەنی سەرکردایەتی (ی.ن.ک) بکاتو لە کاتی پێویستو بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی لە پەیڕەو پێی دراوە لێپێچینەوەی خۆی بکات، داواش دەکات هەرچی زووە ئامادەکاری بۆ بەستنی کۆنگرە بکرێو لیژنەکانیش دوایین ڕاپۆرتی خۆیان بدەنە لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرە بۆ ئەوەی ڕێکارو میکانیزمەکانی بەستنی کۆنگرە بگیرێنە بەر.
لە کۆتاییدا ئەنجومەنی ناوەندی (ی.ن.ک) وێڕای سەردانواندن بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان، سڵاوی بەرخودانو خەباتی نیشتمانی بۆ سەرجەم پێشمەرگەو شەڕڤانانو ئازادیخوازان دەنێرێو داوای چاکبوونەوەی بریندارەکانیش دەکات.
ئەنجومەنی ناوەندی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 25-10-2014