ئاراسی شێخ جەنگی کێیە؟
ڕەنگە زۆرینەی میدیای کوردی و، خەڵکی، زانیاریان لە بارەی ئاراس شێخ جەنگیەوە نەبێت، لەوانەشە زۆرینەمان لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو ئاشنای ئەم کارەکتەرە سیاسییەی نێو بنەماڵەی تاڵەبانی ببووبین.
لە ڕاستیدا تەمەنی دەستپێکردنی کاری سیاسی ئەو کابرایە لەگەڵ #مام جەلال#، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانێکی دوور (زیاتر لە 35 ساڵ)، بە تایبەت دوای ئەوەی لە سەرەتای ساڵەکانی دوو هەزارەوە، بوو بە یەکێک لە نزیکترین کەسەکانی مام جەلال.
ئاراسی شێخ جەنگی، جگە لەوەی لە نزیکەوە لەگەڵ مام جەلال کارێکردووە (لە پشتی پەردەوە)، لە هەمانکاتدا خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی کەلکانی بنەماڵەی شێخ جەنگیە (لەلایەن هیوای برای بەڕێوەدەبرێت).
یەکەم دەرکەوتنەکانی ئەو کابرایە، دەگەڕێتەوە بۆ 7 ساڵ لەمەوبەر، کە لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی هاووڵاتی، بە ناوی مام جەلال قسەی کردو، کۆمەڵێک بابەتی لە بارەی دۆخی ناوخۆی یەکێتی و چەند سەرکردەی یەکێتی وروژاند.
لە سەرەتاکانی ساڵی 2010، دەرکەوتنەکانی ئاراسی شێخ جەنگی، بووە هۆی درووستبوونی ناکۆکی، لەگەڵ هەریەک لە (بەرهەم صاڵح و کۆسرەت ڕەسوڵ)، بەڵام دواتر مام جەلال ڕازیکرد، بە دوورکەوتنەوەی بۆ ماوەیەکی کاتی لە هەندێک کاروباری یەکێتی، بۆ ئەوەی تووشی پێکدادان نەبێت لەگەڵ جێگرانی سکرتێری گشتی.
ئاراس شێخ جەنگی، بە و پێیەی یەکێک بووە لە نزیکترین کەسەکانی مام جەلال (مام جەلالیش لە ئێران و #قاسم سلێمانی# نزیکبووە)، بۆیە ناوبراو لەگەڵ #عەدنانی حەمەی مینە#، ئەو دوو سەرکردەی یەکێتین، کە زۆترین نزیکایەتیان لەگەڵ سوپای پاسداران و ئیتلاعات هەیە.
پێگەی سیاسی ئاراس، وەک کوڕە گەورەی شێخ جەنگی برای مام جەلال، زۆر لە براکانی (لاهور، ئاسۆ، پۆلات، هیوا) بەهێزترە، هەرکات ئەو دەربکەوێت لە گۆڕەپانکە دا، براکانی هیچ جۆرە ڕۆڵێکی ئەوتۆیان نابێت.
برازا گەورەکەی مام جەلال، بە دوو مانگ بەر لە وەفاتی مام جەلال، بەبێئاگاداری سەرکردایەتی و خوێندنگەی سیاسی یەکێتی، کرایە لێپرسراوی سکرتاریەتی مام جەلال، تاوەکوو ئێستاش لەم ناویشانەی بەردەوامە، جگە لەوەش لە سەرجەم کۆبوونەوە نهێنییەکانی ئەو دوو مانگەی ڕابردوو، بە تایبەت لەسەر پرسی ڕیفڕاندۆم، بەشێوەیەک لە شێوەکان بەژداریکردووە، یاخود ئاگاداربووە.
ناوبراو، لای هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی مامۆژنی، بە لە پێشترین کەسی بنەماڵەی تاڵەبانی دادەنرێت، باشترین نموونەش بۆ ئەمە: لە ڕێکەوتی 16ی تشرینی یەکەم (دوورۆژ لەمەوبەر)، لە ڕاگەیاندراوەکەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، لە بارەی کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە کەرکووک دەڵێت لای هەموو کەس ڕوون و ئاشکرایە کە ئەندامانی خێزانەکەم وەک ئاراس و بافڵ و قوبادو لاهورو پۆڵاد هاوشانی پێشمەرگە قارەمانەکانی یەکێتی لە مەیدانی جەنگن و لە ڕیزەکانی پێشەوەی بەرگرییدان، بۆیە داوا لە جەماوەری کەرکووکی قارەمان دەکەم باوەڕ بەو درۆو دەلەسانە نەکەن و ئارامی شارەکە بپارێزن.
لە و ڕاگەیاندراوەی هێرۆخان، ناوی ئاراسی شێخ جەنگی، لە پێشەوی ناوی باڤڵی کوڕی گەورەی هێناوە.
ئاراسی شێخ جەنگی، بە یەکێک لە ئەندازیارانی ڕێککەوتنەکەی شەوی 16 تشرینی یەکەم (دوو ڕۆژ لەمەوبەر) دێت، لەو کاتەی لە میدیاکان هەواڵی ئەوە وابڵاوکرایەوە، کە ناوبراو لەگەڵ باڤڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، ڕێککەوتنیان لەگەڵ حکومەتی ئێراقی و حەشدی شەعبی کردووە، لە بارەی کشانەوە هێزەکانی یەکێتی لە کەرکووک.
کەواتە؛ هەموو زانیارییەکان ئاماژەن بۆ ئەوەی ناوبراو؛ وەک کارەکتەرێکی سیاسی ماڵی تاڵەبانی پێگە و داهاتووەکی گەورەی لەنێو خانەوادەکەی و حزبەکەیی دەبێت، چونکە بەهۆی دەرکەوتنە توندو خێراکانی هەندێک کەس پێیدەڵێن شێرپەنجەکەی نێو بنەماڵەی تاڵەبانی. یەکێک لە ئەگەرەکانیش ئەوەیە: ناوبراولە داهاتوودا، لەگەڵ نەوەکانی تری بنەماڵەی تاڵەبانی، تووشی ڕووبەڕووبوونەوە بێت بەهۆی دەسەڵات و پۆست.
سەرتیپ وەیسی کەریم [1]