دیدی ئاییندە:
دەربازکردنی پڕۆسەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی لە قەیرانەکان بە ویست و ئیرادەی گەل دەبێت، ویست و ئیرادەی گەلیش لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا بەرجەستە دبێت کە بەهۆیەوە ئاییندەیەکی گەش بۆ گەلەکەمان دێتەدی.
پەیام:
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پێناو ئێوە دا بڕیاری بەشداری کردن لە هەڵبژاردنەکان دەدات.
ئامانجەکان
یەکەم:
حوکمی ڕەشیدو دیموکراتیانە مسۆگەرکردنی پاراستنی مافەکان و ئازادییە بنەڕەتییەکانی سەرجەم هاووڵاتییان.
دووەم:
پاراستنی ماف و دەسکەوتە دەستووریەکانی گەلی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووردا.
سێیەم: مسۆگەرکردنی ئاساییش بۆ هاووڵاتی و کۆمەڵگە و خاوێن ڕاگرتنی ژینگەی وڵات.
چوارەم: بنیادنانی ئابووری وڵات بە ئابووریەکی فرە دەرامەت و کۆمەڵگەیەکی هاوسەنگ و هاووڵاتی بەرهەمێنەر و شەفافکردنی بەرهەمێنان و داهاتی نەوت و گاز.
پێنجەم: بەشدارکردنی کارای ئافرەت و لاوان لە ژیانی سیاسی و گشتی دا.
هەنگاوەکانی گەیشتن بە ئامانجەکان
هۆکار و ڕێگاکانی بەرجەستەکردنی ئەم ئامانجانە لە ڕێگای پەرۆشی خوشک و برا دەنگدەرەکانەوە بە مەبەستی جێگیرکردنی بنەماکانی دیموکراسی و حوکمی ڕەشید لە لایەک و کاراکردنی ڕەوتی گەشەپێدان لە لایەکی ترەوە. بۆ بەرجەستەکردنی ئەم ئامانجانە بێگومان پاڵێوراوانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کار دەکەن لەسەر جێبەجێکردنی بەرنامەکەیان لە ڕێگای ئەم هەنگاوانەی خوارەوە:
یەکەم: حوکمی ڕەشیدو دیموکراسی درووست و بەهێز ومسۆگەرکردنی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان بۆ گشت هاووڵاتییان:
1-کاراکردنی ڕۆڵی بێلایەنانەی دەزگاکانی یاسادانان و دادوەری و جێبەجێکردن، چەسپاندنی سەروەری یاسا و پاراستنی سەرجەم مافە یاساییەکانی هاووڵاتییان بە دادپەروەری و یەکسانی.
2-چەسپاندنی نەهجی دیموکراسی کە لەسەر فرەیی سیاسی وەستاوە، هەروەها جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵات و کێبڕکێ لەسەر چاککردنی گوزەران و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان.
3-ڕێزگرتن و پشتگیری مەبدەئی شەفافیەت و لێپرسینەوە لە هەموو لایەنەکانی کاری حکومەتی و تایبەت.
4-کاراکردنی یاسای بنەبڕکردنی گەندەڵی بە هەموو جۆرەکانییەوە، پشتگیری سەربەخۆیی دامودەزگا کانی چاودێری و نەزاهەت، بۆ ئەوەی ئاستێک بۆ بە هەدەردانی دەرامەتی دەوڵەت دابنرێت، پاشان دابەشکردنی ئەو دەرامەتە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر هاووڵاتییاندا.
5-پشتگیری سەربەخۆیی دادگاکان لە ڕێگای جەختکردنەوە لەسەر مەبدەئی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان.
6-کاراکردنی ڕۆڵی دامودەزگاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیکاو یەکێتییە پیشەییەکان.
7-پشتگیری و هاوکاری و سەربەخۆیی ماددی و مەعنەوی ڕاگەیاندنی ئازاد.
دووەم: پاراستنی ماف و دەسکەوتە دەستووریەکانی گەلی کوردستان:-
1-ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی اتحادی لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق دا.
2-دیاریکردنی میکانیزمی گونجاو بۆ دابەشکردنی سامان و دەسەڵاتە ئیتیحادیەکان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و هاوسەنگ لەنێوان هەرێم و ناوەند دا.
3-جێبەجێکردنی ماددەی 140 و بەڕێوەبردنی کەرکووک و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکومەتی هەرێم بەشێوەیەکی هاوبەشی لەنێوان پێکهاتەکانی ئەو ناوچانەدا.
سێیەم/ مسوگەرکردنی ئاساییش بۆ هاووڵاتی و کۆمەڵگە و خاوێن ڕاگرتنی ژینگەی وڵات:
1-کارکردن بۆ چەسپاندنی سەقامگیری ئاساییش و ئاشتەوایی نیشتمانی و کۆتایی هێنان بە تیرۆر و توندوتیژی و گەڕانەوەی ئارامی بۆ سەرتاسەری عێراق.
2-سرینەوەی شوێنەواری کلتۆری دیکتاتۆریەت و بڵاوکردنوەی هزری میانڕەوی و پێکەوە ژیان و ڕەتکردنەوەی باڵادەستی نەتەوەیی یان مەزهەبی و تایفی و هەموو شێوازەکانی تاکرەویی لە دەسەڵات.
3-کارکردنی جددی بۆ گەڕانەوەی ئاوارە و درکراوەکان و ئاوەدانکردنەوەی وێرانکاریەکانی شەری داعش...
4-خاوێن ڕاگرتنی ژینگەی سرۆشتی وڵات و پاکردنەوەی لە شوێنەوارەکانی چەکە زیانبەخشەکان و هۆکارەکانی تری پیسبوونی ژینگە
چوارەم: بنیادنانی ئابووری وڵات بە ئابووریەکی فرە دەرامەت و کۆمەڵگەیەکی هاوسەنگ و هاووڵاتییەکی بەرهەمهێن هەست بە خۆشگوزەرانی و ژیانێکی سەربەرزانە دەکرێت:
1-هەمەجۆری چالاکییە ئابووریەکان لە پێناو کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت و ڕەخساندنی خۆشگوزەرانی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری گونجاو بۆ هاووڵاتییان.
2-بەهێزکردن و کاراکردنی سیستەم و دەزگاکانی کارکردن لە بواری سەروەری یاسا و لێپرسینەوەو شەفافیەت لە پێناو گرەنتی کاری باش و چۆنییەتی بەرهەم و خزمەتی پێشکەشکراو بە هاووڵاتییان هەروەها ڕوبەروبوونەوەی گەندەڵی بە هەموو جۆرەکانییەوە.
3-فراوانکردنی ڕۆڵی کەرتی تایبەت لە ئابووری نیشتمانی و بەرەو پێشبردنی کاری ئەو دەزگایانەی نوێنەرایەتی دەکەن، لەگەڵ پارێزگاری ڕۆڵی پلانرێژی و چاودێری و هەڵسەنگاندنی حکومەت لە بەڕێوەبردنی ئابووریەکدا کە پلە بە پلە کار بۆ کۆمەڵگەیەکی ئارام و دیموکراسی دەکات.
4-پەیڕەوکردنی سیاسەتی لامەرکەزی لە دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامان و دەسەڵاتدا، هەروەها کاراکردنی ڕۆڵی دەسەڵاتی پلاندانان و جێبەجێَکردن و چاودێری و هەڵسەنگاندن لەنێوان ناوەندو هەرێمی کوردستان و پارێزگاکاندا، بە شێوەیەک دوور بێت لە دژایەتی جۆراوجۆرو ڕێگر لە بەردەم ڕەوتی خێرای گەشەپێدان و بەرەوپێشچووندا.
5-چاکسازی سیستمی بانکی و داڕشتنەوەی پەیکەرەکەی و پەرەپێدانی توانای ئەو کارمەندانەی لە بانکە گشتی و تایبەتییەکاندا کار دەکەن.
6-بەستنەوەی بڕی تەرخانکراو بۆ گشەپێدانی پارێزگاکان لەگەڵ ڕێژەی دانیشتووان و ڕادەی بێبەش بوون و زەرەرمەندبوون پێداویستییە سەرەتاییەکان لە پارێزگاکاندا بۆ دابەشکردنێکی هاوسەنگ و دادپەروەرانەی داهاتی دەوڵەت.
7-ئاسانکردنی دەرفەت لە بەردەم وەبەرهێنانی بیانی و ناخۆییدا.
8-کاراکردنی سیسەتم و یاساکانی پاراستنی بەکاربەر و کێبرکرێ، بە شێوەیەک مافی بەکاربەر لە یاری پێکردن و گزیکاری بازرگانی پارێزراو بێت.
9-باشترکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز و شەفافکردنی داهاتەکانی و بەکارهێنانی لە گەشەپێدانی ئابووری وڵات و باشترکردنی گۆزەرانی هاووڵاتییان.
10-دامەزراندنی تۆڕی بۆری گاز بۆ شارەکان، بۆ بەکارهێنانی لە کاروباری ناو ماڵدالەسەرتاسەری عێراقدا.
پێنجەم: کاراکردنی ڕۆڵی ئافرەتان و لاوان لە ژیانی گشتی و سیاسی دا:
1-هۆشیارکردنەوە و پشتگیریکردنی ئافرتان و لاوان بۆ بەشداریکردنی کارا لە کاری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی دا و دابینکردنی دەرفەتی کار بۆیان.
2-کارکردن بۆ نەهێشتنی دابوو نەریتە کومەڵایەتییە نەخوازراوەکان کە دژی ماف و ئازادییەکانی ئافرەت دەوەستن.
3-کارکردن بۆ قەدەغەکردنی هەموو شێوازەکانی تۆندوتیژی و جیاکاری دژ بە ئافرەت.
4-بایەخدان بە پەروەردە و ڕۆشنبیری لاوان و پاراستنیان لە لادان و مادە هۆشبەرەکان.
5-پشتگیرکردن و بەهێزکردنی ڕێکخراوەکانی ئافرەتان و لاوان و قوتابییان.
میکانیزم و ئامرازی بەدیهێنانی ئامانجەکان
1. خەباتی سیاسی و پەڕڵەمانی و دبلوماسی.
2. جێبەجێکردنی دەستوور.
3. فشاری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.
4. بەکارهێنانی کارای میدیا.
5. هەرهەنگاوێکی تری مەدەنی و دیمۆکراتیانە (مانگرتن، خۆپیشاندان,گردبۆنەوە...هتد).
[1]
سەرچاوە: ماڵپەڕی کوردیو-15-04-2018