دەقی ڕاگەیێندراوەکەی بزووتنەوەی گۆڕان:
رووونکردنەوەیەک لە بزوتنەوەی گۆڕانەوە بۆ ڕای گشتیی کوردستان
دوای بڵاوبونەوەی کتێبی (لەبری بیرەوەری) مەلا بەختیار، کە کۆمەڵێک تۆمەت و بوختان و حیکایەتی بێ بنەمای داوەتە پاڵ ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا، کە مێژوو سەلماندویەتی یەکێک بوە لە ڕابەرە هەرە دیارو کاریگەرەکانی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی کوردستان و قەڵەمێکی بەبڕشت و ڕاستگۆی دنیای ئەدەب و فکر و ڕۆشنبیری و سیاسەت بووە، لەمیدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا خەڵکی ڕاستگۆو پێشمەرگە دێرینە تێکۆشەرەکان و شاهید حاڵی ڕوداوەکان وخەڵکانی دڵسۆز و بەئەمەک، ئەم حیکایەتە ساختەی ناوەڕۆکی کتێبەکە و چاوپێکەوتنەکەی ناوبراویان لە کەناڵی ڕوداو پێ قبوڵ نەکراو، هەر یەکە بەشێوازی تایبەتی خۆی، هەوڵی ڕاستکردنەوەیان دا.
نەوشیروان مستەفا یەکێکە لە ڕابەر و سەرکردە گەورەکانی میلەتەکەمان و لە هەموو قۆناغەکانی ژیانیدا، خەمخۆرانەو ڕاستگۆیانەو خۆنەویستانە، کاری بۆ ئازادی و عەدالەت و ڕزگاری کردوە. ئەو چ لە قۆناغی شاخدا، وەک سەرکردەیەکی کارامەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و کۆمەڵە، وەک ئەندازیار و ڕابەری ڕاپەڕینی 1991، وەک پلاندانەری پرۆسەی ئاشتی و ڕێکەوتنەکانی نێوان دوو هێزی شەڕکەری یەکێتی و پارتی، وەک کەسایەتیەکی سەرەکی لە گفتوگۆکانی دوای ڕاپەڕین و دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس و نوسینەوەی دەستور و پەیکەری نوێی عێراق، وە چ لە قۆناغی دامەزراندن و بەڕێخستنی بزوتنەوەی چاکسازی و گۆڕانخوازی، بزوتنەوەی گۆڕان، هەمیشە لە خەمی بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی مەدەنی دیموکرات و مۆدێرندا بوە لەسەر بنەماکانی عەدالەت و ڕێز لە مافی مرۆڤ. بۆیە وەستانەوە بە ڕوی ئەو چەواشەکاری و ناڕاستی و بوختان و حیکایەت داتاشینەی مەلا بەختیار و هاوچەشنەکانی، کە دەیانەوێت لەپاڵ باسکردنی مێژوویەکی ناڕاست و خەیاڵپڵاوانەی خۆیاندا، لە پرۆژە فکری و سیاسیە گەورەکەی بدەن و پەرێزی خۆیان لە دادگای گەل و مێژوو و ویژداندا پاکبکەنەوە، بە ئەرکی هەمو مرۆڤێکی ڕاستگۆ و بەویژدانی ئەم نیشتمانەی ئەزانین، چونکە جورئەتکردن و نەسڵەمینەوە لە هۆنینەوەی کۆمەڵێک بوختانی بێبنەماو تەشهیرکردن بەسەرکردەیەکی دەستپاک و مێژوو پاکی وەک نەوشیروان مستەفا، وە خۆنەپاراستن لە بێڕیزی کردن و ناوزڕاندنی کۆمەڵێک کاراکتەری سەربازی و سیاسی میلەتەکەمان لە قۆناغەکانی ڕابردودا، سەرەتایەکی مەترسیدارە گەر ڕوبەروی نەوەستینەوە.
ئێمە وەک بزوتنەوەی گۆڕان، وێڕای دەستخۆشی و پێزانینمان بۆ خەمخۆرانی نەوشیروان مستەفا و مێژووە پڕشانازیەکەی و خەباتی هاوسەنگەر و هاوڕێیانی، لەهەمانکاتدا ڕایدەگەیەنین کە بزوتنەوەی گۆڕان و هەموو گۆڕانخوازان و کەسانی دڵسۆز و ڕاستگۆو خەمخۆری نیشتمان، بەهەموو توانایەکەوە، ئەو هەوڵە ڕیسوائەکەن و بەرپەرچی ئەدەنەوە، هەم لەرێگەی خستنەروو و دەرخستنی ڕاستیەکان و هەمیش لە ڕێگای ئەو هەموو بەڵگانەی لەبەردەستدا هەن و لە ئایندەیەکی نزیکدا بڵاوئەکرێنەوە.
دواجار دەبێ ئەو ڕاستیە بزانین، کە ئەو ڕقە پەنگخواردوەی مەلا بەختیار، تەنها پەیوەست نیە بە مێژووەوە، بەڵکو بەشێکە لە هەڵمەتەکانی دژ بە بزوتنەوەی چاکسازی و پرۆسەی ڕیفۆرم و عەدالەتخوازی. بۆیە بە ئەرکێکی سیاسی و ئەخلاقی خۆمان و هەمو دڵسۆزان و هاوڕێ و یاوەرانی کاک نەوشیروانی ئەزانین، لە دەرفەتێکی نزیکدا، کۆی چەواشەکاریەکان بۆ خەڵکی کوردستان و مێژوو ڕونبکەینەوەو ڕاستی نیەتی مەلا بەختیار دەربخەین.
بزوتنەوەی گۆڕان
21/9/2020
[1] Ev babet bi zimana (کوردیی ناوەڕاست) hatiye nvîsandin, klîk li aykona

bike ji bu vekirina vî babetî bi vî zimana ku pî hatiye nvîsandin!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی

بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Ev babet 2,919 car hatiye dîtin
Raya xwe li ser vî babetî binivîsin!