نيوەڕۆی دووشەممە 12-10-2020 لە سەرۆکايەتيی هەرێمی کوردستان لە هەولێر، سەرۆک کۆماری عێراق و هەر سێ سەرۆکايەتييەکانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
کۆبوونەوە تايبەت بوو بە بارودۆخی عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتايبەتی. دەربارەی دۆخی عێراق، کۆبوونەوە بە پەرۆشەوە دەڕوانێتە ئه و بارە قورسە دارايی و ئەمنی و تەندروستييەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هاتووەتە ئاراوە و پشتيوانيی هەرێمی کوردستانی بۆ هەنگاوەکانی حکومەت و دامەزراوە دەستوورييە فيدراڵييەکان دووپاتکردەوە بۆ پاراستنی ئاسايش و سەقامگيری وڵات، بەتايبەتی ڕەخساندنی کەشێکی سەقامگير و لەبار بۆ کار و ئەرکی نوێنەرايەتيی وڵاتانی دۆست و نێردە نێودەوڵەتييەکان لە عێراق.
کۆبوونەوە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقی تاوتوێ کرد و پشتيوانی خۆی بۆ زەمينەسازی بۆ هەڵبژاردنێکی سەرکەوتووانە لە عێراق دەربڕی. ناوچە کێشە لەسەرەکان و جێبەجێکردنی ماددەی (140)ی دەستووری عێراق، بەشێکی ديکەی کۆبوونەوە بوون و ئامادەبووان هاوهەڵوێست بوون لەسەر بەردەواميی گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانی ئه و ناوچانە و پاراستنی مافەکانی تەواوی پێکهاتەکان و گەرەنتيکردنی کەشێکی لەباری پێکەوەژيان له و ناوچانه.
کۆبوونەوە پشتگيريی خۆی بۆ دوايين ڕێککەوتنی حکومەتی فيدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئاساييکردنەوەی دۆخی شەنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان دووپاتکردەوە، هەروەها هەموو هەوڵێکی گۆڕينی ديموگرافی لە ناوچە کێشە لەسەرەکان ڕەتکردەوە و داوای کرد حکومەتی فيدراڵی عێراق ميکانيزمی ئارامی و ئاسايشی ناوچە کێشە لەسەرەکان دەستەبەر بکات.
لە بەشێکی ديکەی کۆبوونەوەکەدا باسی هەنگاوەکانی گفتوگۆی نێوان حکومەتی فيدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا و کۆبوونەوە پشتيوانيی خۆی بۆ هەوڵ و هەنگاوەکانی هەردوولا بۆ چارەسەری يەکجارەکی کێشە و بابەتە هەڵواسراوەکان دەربڕی بە ئاراستەيەک کە تيايدا ماف و شايستە دەستوورييەکانی هاووڵاتيانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی پارێزراو بن.
دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان تەوەرێکی ديکەی کۆبوونەکە بوو، تيايدا باسی ئه و کێشە و گرفتانە کرا کە وەک هەموو جيهان لە دەرەنجامی بڵاوبوونەوەی ڤايرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتەکانييەوە هاتوونەتە ئاراوە، بەتايبەتی کێشە و قەيرانی دارايی. کۆبوونەوە جەختی لەوە کردەوە کە بۆ تێپەراندنی ئەم دۆخە سەختە و پاراستنی بەرژوەندييەکانی خەڵکی کوردستان، پێويستە سەرجەم لايەن و پێکهاتەکانی کوردستان توانايان يەک بخەن و يەکڕیز و يەکهەڵوێست ڕووبەڕووی ئەم دۆخە هەستيارە و ئەگەرەکانی داهاتوو ببنەوە. کۆبوونەوە شەهيدکردنی ئەفسەری ئاسايش غازی ساڵح ئاليخانی لە سنووری پارێزگای دهۆک شەرمەزار کرد.[1]