حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی کتێبی بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
ڕاگەیەندراوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هاونیشتمانییانی بەڕێز!ئۆگرانی پرسی کورد و کوردستان!بە دوای بڵاوبوونەوەی کتێبی بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد بەتایبەت فایلی دەنگیی 60 لاپەڕەی ئەو کتێبە کە زیاتر پێوەندیی بە ڕووداوەکانی دەیەی 60ی هەتاوی و بوونی برایانی پارتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و جووڵانەوەی کورد لەو بەشەی کوردستانەوە هەیە، دژکردەوەیەکی بەرچاوی لە بیروڕای گشتی و لایەنە کوردپەروەرەکانەوە بەدوای خۆیدا هێنا.سەرەتا پێویستە ئەو ڕاستییە بخەینە ڕوو کە شێواندنی مێژوو و بەلاڕێدابردنی ڕاستیی ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە، لەهەر لایەکەوە بێت نەک یارمەتی بە مێژووی واقعیی ڕووداوەکان ناکات بەڵکوو بە کارێکی ناتەبا لەگەڵ ڕاستیی ڕووداوەکان و زیان گەیاندن بە مێژوو دادەنرێت. لە هەمانکاتدا سەرهەڵدانی هەر ئاڵۆزییەک یان جیاوازی لە بۆچووندا بە قسەی سووک و زمانی زبر لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چارەسەر ناکرێت و لەگەڵ نەریتی لەمێژینەی حیزبی دێموکراتیش ناگونجێت. جیا لەوە پێوەندییەکانی #پارتی دیموکراتی کوردستان# و حیزبی دێموکرات لە بڕگە جۆراجۆرەکاندا هەوراز و نشێوی بەخۆیەوە بینیوە و لە هەر بڕگەیەکی زەمەنیشدا هەر لایەک قسەی خۆی لەسەر کردووە و وەرددانەوەی لە ئێستادا لەگەڵ ئەم لاپەڕە نوێیەی کە لە 30 ساڵی ڕابردوودا لە پێوەندیی دۆستانەی دوولایەندا هەڵدراوەتەوە، ناتەبایە. باسکردن لەم باس و بابەتانەی کە لە کاتی خۆی لە کەشوهەوای نادۆستایەتییەکاندا وتراون و بڵاوکردنەوەی بە شێوەیەکی تایبەتی و ڕەنگە ئامانجدار، بێجگە لە بریندارکردنەوەی هەستی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرهەمێکی دیکەی لێ ناکەوێتەوە؛ بەتایبەت کە خوێندنەوەکانی بەڕێزیان لەسەر ڕووداوەکان خوێندنەوەیەکی یەکلایەنەیە و هەموو تاوانەکانی خستووەتە ئەستۆی حیزبی دێموکرات و پارتی بێتاوان و بێ هەڵە نیشان دراوە کە لانیکەم ئەم چەشنە قەزاوەتە و تا ئەو ڕادەیە دوورکەوتنەوە لە بێ لایەنی و مێژووی واقعییەتی ڕووداوەکان لە بەڕێزیان چاوەڕوان نەدەکرا.بەتایبەت ئەوەی پێوەندیی بە سەربەخۆیی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە هەیە، کە دوکتور #قاسملوو# پایەدانەری بووە و ئێستاش درێژەی هەیە، بە سەنەد و مەدرەک و شاهیدیی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە هەر دوو بەشی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەلمێندراوە و لە بەرچاوی بیروڕای گشتی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە.حیزبی دێموکرات لە ماوەی 76 ساڵ تەمەنی پڕ لە هەوراز و نشێوی لە گۆڕەپانی خەبات بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێ کەموکۆڕی نەبووە، بەڵام بە شانازییەوە دەڵێین هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت خاڵێکی لاواز لە مێژووی ئەو حیزبە بەتایبەتی لە پێوەندی بەو دەوڵەتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، دەسنیشان بکات کە زیانی بە جووڵانەوەی کورد لە یەکێک لە پارچەکانی کوردستان گەیاندبێت. لێرەدا جێی خۆیەتی ئەو بابەتەش وەبیر بێنینەوە کە حیزبی دێموکرات لەو ماوە زەمەنییەدا کە بەهۆی بارودۆخی نەخوازراو و داسەپاوی سیاسیی بنکە و بارەگاکانی لە باشووری کوردستان بووە، بە هیچ جۆر دەستی لە کاروباری نێوخۆیی ئەو پارچە لە کوردستان وەرنەداوە و هەموو کات بە بەرپرسایەتیی نەتەوەیی خۆی لە بەرامبەر ئەو ڕووداوانەی کە پێوەندییان بە پرسە نەتەوایەتییەکانەوە هەبووە، جووڵاوەتەوە و هاندەری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە بۆ بەهاناوەچوون یان پشتگیریکردنی باشووری کوردستان.ئاشتیخوازی و باوەڕمەندبوونی حیزبی دێموکرات بە چارەسەریی ئاشتییانەی مەسەلەی کورد لە ئێراندا ئەوەندە ڕوونە کە نەک ناکرێت لەو پێوەندییەدا پاکانە بۆ ڕێژیمێکی ماف پێشێلکەر بکرێت، بەڵکوو بە ڕادەیەک بووە کە تۆمەتی سازشکاریی وەپاڵ دراوە.لە کۆتاییدا باشترە لێکۆڵینەوە و وەرددانەوەی ڕووداوە تاڵەکانی ڕابردوو بە مێژوونووسانی بێلایەن و واقیعبین بسپێرین و پێ لەسەر پێوەندییە دۆستانە و کوردخوازانەکانی دوو لایەن دابگرینەوە.ئێستا لەو بارودۆخەدا چاوەڕوانیمان لە دۆستان و دڵسۆزانی حیزبی دێموکرات ئەوەیە کە لەو هەلومەرجە هەستیارەدا بە وشیاری و هەست بە بەرپرسایەتییەوە لەو بابەتە بڕوانن و هەڵسەنگاندنەکان جۆرێک بن کە لە بەرژەوەندیی گشتیی نەتەوەیی و لە قازانجی تەبایی نێوان هێزە سیاسییەکاندا بشکێتەوە.
ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران21ی ڕێبەندانی 1400ی هەتاوی[1]
Ev babet bi zimana (کوردیی ناوەڕاست) hatiye nvîsandin, klîk li aykona
bike ji bu vekirina vî babetî bi vî zimana ku pî hatiye nvîsandin!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Ev babet 446 car hatiye dîtin
Raya xwe li ser vî babetî binivîsin!