ئەو کچە کوردەی دوای دەستبەسەرکردنی لەلایەن پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشیی #تاران# تەندروستیی تێکچوو، دوای سێ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
#ژینا ئەمینی# یان مەهسا ئەمینی دوانیوەڕۆی ڕۆژی هەینی #16-09-2022# لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران گیانی لەدەستدا. ئەو کچە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، #13-09-2022#، لە وێستگەی حەقانیی میترۆی تاران لەلایەن پۆلیسی تاران بە تۆمەتی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی دەستبەسەرکرا و دواتر بۆ گرتووخانەی پۆلیس لە شەقامی وەزیرانی تاران گواسترایەوە.
ئەو کەسانەی لەگەڵ ژینا دەستبەسەرکرابوون بە میدیاکانیان ڕاگەیاندووە، لە کاتی گواستنەوەی بۆ گرتووخانە، هێزەکانی پۆلیس لە ژینایان داوە و لە گرتووخانە دۆخی تەندروستیی تێکچووە. کەسوکاری ژینا ئەمینی دەڵێن، لە نەخۆشخانە پێیان ڕاگەیاندوون، هاوکات جەڵتەی دڵ و مێشک لێی داوە.
موژگان ئەمینی، دایکی مەهسا بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، جلوبەرگی کچەکەی هیچ کێشەیەکی نەبووە و مانتۆیەکی درێژی لەبەردابووە و لەچکێکی گەورەی لەسەر بووە، بەڵام دیسانیش دەستبەسەرکراوە. دەشڵێت، لە کاتی دەستبەسەرکردنی ژینا براکەی لەگەڵدا بووە و هێزەکانی پۆلیس لە براکەیان داوە بەهۆی ئەوەی ناڕەزایەتی دەربڕیوە دژی دەستبەسەرکردنی خوشکەکەی.
ژینا ئەمینی خەڵکی #سەقز# و تەمەنی 22 ساڵان بوو، بۆ سەردانی کەسوکاری لەگەڵ خێزانەکەی ڕۆژێک پێش ئەو ڕووداوە چوو بووە تاران. ئاژانسی فەرمیی حکومەتی ئێران دەڵێت، سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە بڕیاریداوە بە پەلە لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە بکرێت و جێگری وەزیری ناوخۆ ڕاسپێردراوە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکبهێنێت. هەروەها داواکاری گشتیی تاران ڕایگەیاند، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان پێکهێناوە لەبارەی هۆکاری تێکچوونی تەندروستیی ژینا ئەمینی.
ژمارەیەک ڕۆژنامەڤانی ئێرانی لە زاری پزیشکانی نەخۆشخانەی کەسرای تارانەوە بڵاویانکردووەتەوە، مەهسا جەڵتە لێی نەداوە، بەڵکو بەهۆی ئەوەی لە سەری دراوە، کەللەسەری شکاوە و تووشی خوێنبەربوون بووە. [1]
Kurdîpêdiya ne berpirsê naverokê vê tomarê ye, xwediyê/a tomarê berpirs e. Me bi mebesta arşîvkirinê tomar kiriye.
Ev babet bi zimana (کوردیی ناوەڕاست) hatiye nvîsandin, klîk li aykona

bike ji bu vekirina vî babetî bi vî zimana ku pî hatiye nvîsandin!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی

بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Ev babet 3,272 car hatiye dîtin
Raya xwe li ser vî babetî binivîsin!