ڕەشەبای کاتژمێرێک پێش نیوەی شەو
ڕێبین ئەحمەد ڕەشیدڕێبین ئەحمەد ڕەشید
ڕێبازی بارزانی ڕێبازی خواپەرەستی و مرۆڤدۆستی و ژینگەدۆستی و عەدالەتی کۆمەڵایەتییە. مەسعودبارزانی
(کاتژمێرێک پیش نیوەی شەو) تێرمێکە بۆ یەکەمجار فەیلەسوفی ئەمریکیی نعوم چۆمسکی لە پەسنی سێ هەڕەشەی جیددی بۆ سەر ئەستێرەکەمان بەکاریهێنا. ئەو هەڕەشانەی کە چۆمسکی بە مەترسییەکی زۆر نزیکیان دەزانێت بۆسەر ژیانی مرۆڤی هۆشمەند؛ خۆیان لە شەڕی ئەتۆمی، گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی زەوی و پاشەکشکەی دیموکراسیی لەبەرانبەر هەژمونی ڕاسیست و پۆپیولیست و ڕاستڕەوەکاندا خۆی دەبینێتەوە. بەندە لێرەدا ئەم تێرمە بۆ ئەو دۆخە شڵەژاوەی ماڵی کوردی ئێراق بەکاردەهێنم کە لەشەوێکی ئەنگوستەچاودایە، ڕەشەبایەکی توند هەڵیکردووە ئەم بە خۆی و گڕی فانۆسەکەی دەستی کە ئەو ڕەشەبایە کردوویەتی بە قەشمەر و کوێرە کوێر بۆ نادیار ڕێ دەکات، نەلەبیری ئەوەدایە پارێزگاری لەم گڕە بکات تا فانۆسێکی دیکەی پێ داگیرسێنێت، نە ئەوەشە ئاسۆیەکی هەڵهاتنی خۆری لێ دیاربێت. ئەوەی لە پێشە نیوەشەوێکی تارێکی بێ فانۆسە.
باد تند است و چراغم ابتری
زو بگیرانم چراغ دیگری
ڕێکخستنی دیدارێکی ناپێویست لەم شەوەزەنگە پڕ لە ڕەشەبایەی هەرێمی کوردستانی ئێراق و لەم بێ نانی و بێ ئاوی بێ کاری و بێ پەروەردەی و بێ دەرەتانی و تەراتێنی موشەک و درۆنەکان کە تێیکەوتووە و پێوەی دەناڵێنێت بۆ دیراسەکردنی بابەتێکی ناگرنگی وەک بابەتی تۆخکردنەوەی ڕوڵی تەریقەتێک، عەشیرەتێک، تیرە یا خێڵێک لەڕابردوودا هیچ نییە جگە لەوەی بە یەک وشە بە ئاکادیمیسیان و مونەویر و پیاوانی زانکۆ و ئەفەندییەکانی کوردایتی دەڵێت ڕۆڵی ئێوە لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتووشدا جگە لە تەمەلوق و ماستاوچێتیی و خۆپێداهەڵواسینێکی ڕەزاگران شتێکی دیکە نییە. ئەوەی وتووتانە و دەیڵێن، ئەوەی نووسیوتانە و دەینووسن، ئەوەشی دەتانەوێت بیڵێن لەداهاتوودا لەم بازاڕی عوکازەی ئێمەدا پولێک ناکات گەر خۆمان نەبینەوە کڕیاری پێداهەڵدان و حەمد و سەناکانتان بۆمان.
دیسانەوە نەقشی و قادری
سەدانە لەپڕ و ناوەختەکەی شێخ نهرۆی کەسنەزانی سەرۆکی تەریقەتی قادریی بۆلای کاک مەسعود بارزانی کە لەئێستادا وەک ڕێبەری نەقشییەکانی بارزان تەماشا دەکرێت بێ مەرام و بێ ئەجێندا نەبوو. پێش هەموو شتێک دەبێت ئەوە ڕوون بێت کە تاڵەبانییەکانسنووری بابان کە سلێمانی وکەرکووک دەگرێتەوە تا کۆتایی قەڵەمڕەوی ئەردەڵان قادریین، هەرچی بارزانییەکان هەن سەر بە تەریقەتی نەقشبەندین.
ئەمڕۆ زۆر بە وردی گوێم بۆ وتارەکەی گرت، کاک مەسعود لە وتارەکەیدا ئەمڕۆ چەندین جار بە گرنگییەوە باسی لە ڕۆڵی تەریقەتی بارزانییەکان و کەڵت و کلتورە دینییەکەیانی دەکرد و جەختی لێدەکردنەوە، پێم وایە ئەم وتارەی لەم کاتەدا بەمەبەست و بە ئەجێنداوە خوێندەوە .
ئەوەی لە هەشتاساڵی ڕابردوودا بەناوی شۆڕش و سیاسەت و حوکمڕانییەوە لە کوردستانی ئێراقدا سەرڕێ کەوتووە و بڕیار گرنگ و چارەنووسسازی داوە داوە ئیمتیدادێکی تەریقەتیی بووە زیاتر نەوەک سیاسەت و بۆچون و دۆکترینی سیاسیی و ئابووریی. هەندێ جار کەسانی بزێو و چەپی وەک برایم ئەحمەد، ئارام و دواتریش نەوشیروان مستەفا هەوڵیانداوە ئەم تەریقەتانە بە بیری مارکسیی و چەبپوونەوە موتوربە بکەن، یا ڕۆڵیان نزیک بکەنەوە لە سفر بەڵام هەوڵەکانیان هیچ ئەنجامێکی وای لێنەکەتۆتەوە، کۆتاییەکەی یا بە تیاچوونی خۆیان وەک ئارام یا بە چونەوە سەر ڕێبازە تەریقەتییەکە بۆ تەوریسی دەسەڵات کۆتایی هاتووە وەک ئەوەی نەوشیروان مستەفا.
بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی باسەکە دەبێت بزانین بارزانیی و هەقە و نەهرییەکان مونتەسیبی تەریقەتی نەقشبەندین، نزیکییان زیاتر لە تورکیایە، هەرچی تاڵەبانیی و کەسنەزانیی و ڕیفاعییەکان هەن سەربە قادریەکانن، وەلائێکی عەرەبی- ئێرانییان هەیە. بەبڕوای من کۆتا سەردانی شێخ نەهرۆ بۆلای بارزانی پەیامێکی دینیی-سیاسیی بۆ ناوچەی قەڵەمڕەوی قارییەکان یەکێتی لەخۆیدا هەڵگرتووە. بۆشایی تێگەیشتنی نەوەی دووەمی تاڵەبانییەکان لە وردەکاریی تەریقەت و گەورەنەبوونیان لە هەوای تەکیە و خانەقاکانی تاڵەبانی قادرییەکاندا وادەکات لە داهاتوودا پارتی شێخ نەهرۆی قادری وەک ئەگەری بەدیل بۆ کوڕانی جەلال تاڵەبانی چاو لێبکات.
سلێمانی شارێک ڕادەست بە نەقشبەندی نابێت!
ڕوداوە مێژووییەکان دەڵێن قادرییەکان هەمیشە لە سلێمانی دەسەڵاتدار بوون و نزیک بوون لە ئالی بابان و پادشاکانیانەوە، هەر ئەو مێژووەشە بنەماڵەی شێخ مارفی نۆدێش تاوانبار دەکات لە شاربەدەرکردنی مەولاناخالیدی نەقشبەندیی دامەزرێنەری نەقشبەندی لەم ناوچەیە بۆ شام و دواتر ئێستانبوڵ، بەهۆی ئەوەی ڕەخنەی لە ژیانی ئەرستۆکراتیانەی ئەوان گرتووە و پێی وابووە شێخی تەریقەت دەبێ ژیانێکی قەلەندەرانە بژیی نەک لەسەرووی خەڵکەوە خۆی ببینێت. بەم هۆیە خەڵکێکی زۆر ڕوو لە مەولانا دەکەن و بنەماڵەی نۆدییەکانیش ئەم کارەیان پێ قەبووڵ نابێت. کار دەگاتە ئەوەی شێخی نەقشییەکانی شام بانگدەکەنە سلێمانی بۆ موحاسەبەی مەولانا، ئەویش کە دەچێت دەبینێت ئەم خالید ناوە زۆر موتەوازیعە و هۆدەیەکی بچووکی خانەقاو خانۆچکەیەکی تەواو کۆن دایە، سەرزەنشتی نۆدییەکان دەکات بەوەی کە بەڕاستی خالید بۆ خواسوڵحاوە و ئێوە گێچەڵی پێدەکەن. نزیکیی نەقشییەکان لە سوڵتانەکانی عوسمانییەوە وادەکات مەولاناخالید بچێتە ئێستانبوڵ و پاشانیش دیمەشق. لەسەرێکی دیکەوە سەرباری ئەوەی تورکەکان تیرۆری چەند شێخێکی بارزانییەکان دەکەن بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی ئەوان دەستبەرداری ئێستانبوڵ ببن.
مەترسییەکانی عیرفان و تەریقەت لەسەر سیاسەت
سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئیسلامی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئیسلامی سیاسیی و بە دیاریکراویش حیزبە ئیسلامییەکانی بە ئامانج گرت و وتی دەبێ دین لە سیاسەت جیابکرێتەوە، بەبڕوای من باشتر بوو ئەو مامۆستایە بڵێت دەبێت تەریقەت لەسیاسەت جیابکرێتەوە، چونکە هەشتا ساڵە ئەوەی تەحەکوم بە سیاسەتی کوردییەوە دەکات بەدیاریکراوی تەریقەتە نەوەک ئیسلامی سیاسیی وەک ئەوەی ئەو بانگەشەی دەکرد.
بەپێچەوانەی تێگەیشتنی باوەوە کە پێی وایە ئیسلامی سیاسیی و ئیسلامی سەلەفیی دەسەڵاتخواز و پاوانخوازن، بەبۆچوونی من تەریقەت لەبارترین کەش دەڕەخسێنێت بۆ مۆنۆپۆلکردنی دەسەڵات و پاشانیش تەوریسکردنەوەی بۆ نەوەکان داهاتوو. لای ئیسلامی سیاسی خوێن زۆر گرنگ نییە، شورا سەنتەرە، بەڵام لە تەریقەتەکاندا تەوریسی سیاسیی بە خوێن لە باوکەوە بۆ کوڕ دەگوازێتەوە. شەڕی سوڵتانەکانی عوسمانیی و یەکتر بۆ قڕکردنیان بۆ کورسی لەوەوە سەرچاوەی دەگرت کە ئەوان سەر بەتەریقەتی نەقشبەندی بوون و تەریقەتیش لە تەوریسی سیاسییدا ئەو شەرعیەتەی پێدەدان کە تاجی پاشایەتی لە باوکەوە بۆ کوڕ بگوازێتەوە. لانی کەم لە ئیسلامی سیاسیدا شتێک هەیە بە ناوی شورا و فرەجەمسەری بۆچوون، بەڵام لە تەریقەتەکاندا ڕۆڵی شورا لەبەرانبەر ڕۆڵی شێخ و سەردەستەی تەریقەتدا سفری ڕووتە.
فرەیی دەسەڵاتەکانی وەلی خودا یا شێخی تەریقەت وادەکات هەر خۆی بیبڕێ و بشیدوورێت بێ ئەوە بۆ مەنسوبانی تەریقەت بگەڕێتەوە، تاکڕەوانە بڕیاری چارەنووسساز بدات. گەر ڕۆڵی عیرفان و تەریقەت لەم کایەیەدا کاریگەر نەبوایە کەسایەتییەکی وەک ڕوحوڵا خومەیینی نەیدەتوانی ببێتە حوجەتوڵا و وەلی و ئیمامی موسوڵمانان لە ئێران. ئەو لەڕێگای تیۆریا عیرفانییەکانی ئیبن عەرەبییەوە کە زۆر شارەزایی لێیان هەبوو بەتایبەتی تیۆریای ویلایەت توانی ببێتە یەکەمین ڕێبەری وڵاتێکی فرەجەمسەری وەک ئێران و سەرکەوتووانەش سیستمەکە بکاتە سیستمێکی ویلایەتیی فیقهی کە تێیدا ئیمام یا ڕێبەر دەتوانێت تا ئاستێک بڕوات بەناوی خوداشەوە بڕیار بدات و ببێتە سێبەری ئەو لەسەر زەوی. ئەم ئارگیومێنتە لە فەتوای کوشتنی سەلمان ڕوشدیدا زۆر ڕوون دەردەکەوێت، ڕوحوڵا خومەیینی گوتبووی تەنانەت گەر پێغەمبەریش زیندوو ببێتەوە و دژی ئەم فەتوایە بۆستێتەوە ئێمە لێی پاشگەز نابینەوە و دەبێت بکوژرێت. ئەو ئەم شەرعیەتەی لە عیرفانەوە وەرگرتبوو کە دەوانێت لە جیاتی خودا بڕیا بدات. شارەزایی ئەو لە عیرفاندا بە جۆرێک بووە گەر یەکێک نەزانێت دیوە سیاسییەکەی چییە و چۆنە و تەنیا دیوانە شیعرییەکەی بخوێنێتەوە ئەوا هەستدەکات شیعری شاعیرێکی بەتوانای وەک حافزی شیرازیی دەخوێنێتەوە.
ئەنجام
سیاسەت لە کوردستاندا درێژکراوەی تەریقەتە، تەریقەتەکانیش دوانەی دژ و ناتەبان: نەقشی و قادری. بارزانییەکان لە ڕێگای دیدارەکەی ئەمڕۆیانەوە جارێکی دیکە بەیعەتیان بۆ تەریقەتەکەیان و سەرۆکی تەریقەتەکەیان نوێ کردەوە. ئەوەی لێرەدا ونە دۆخی ناوچەی قادرییەکانە. لە ئێستادا کوڕەکانی جەلال تاڵەبانی ناتوانن بە حوکمی کەم ئەزموونییان لە ئیدارەدانی تەریقەت و پەروەردە ڕۆژاواییەکەیان ناتوانن ئیدارەی هێز و کاریگەریی قادرییەکانی سنوورەکەیان بدەن. بۆیە بارزانی وەک بەدیل لە شێخ نەهرۆی کەسنەزانی دەڕوانێت. ئەوەی لە دەساڵی داهاتوودا بەیارمەتیی هێزە ئیقلیمییەکان و بەتایبەتیش تورکیا وەک خۆی دەمێنێتەوە قەڵەمڕەوی پارتیی و نەقشییەکانە، ڕیفۆرمەکانی نێچیرڤان بارزانی بۆ کرانەوە بەڕووی مۆدێرنیتەدا ناتوانن تەجاوزی هەژمونی تەریقەت بکەن و خۆشی بە حوکمی خوێن ناتوانێت ببێتە کەسی یەکەمی بارزانییەکان، دیدارەکەی ئەمڕۆ پێی وتین پاش بارزانی باوک مەسرور بارزانی گارانتی ئیدارە کردنی بارزانییەکان وەردەگرێت.
[1]