سەماحەتیان باجی هەڵە سیاسییەکان دەدەن!
عادل باخەوانعادل باخەوان
لە کۆتاییدا و ساڵێک پاش هەڵبژاردنەکان، سەرۆککۆمارێکی نوێ لە ئێراقدا هەڵبژێردرا و سوودانیش دەبێت لە ماوەی مانگێکدا حکومەتەکەی پێکبهێنێت. ئێستا ڕەنگە کاتی ئەوە هاتبێت کە بەخێراییش بووە، بگەڕێینەوە سەر ئەو هەڵە ستراتیژییانەی کە ئەکتەرە بەهێزەکانی هاوکێشەی ئێراقی کردیان و هەر یەکەیان لە ئاستێکدا بە قوورسی باجەکانیان دەدەن. لەم وتارە کوورتەدا دەگەڕێمەوە سەر هەڵە ستراتیژییەکانی سەماحەتی سەید موقتەدا سەدر و هەفتەی داهاتووش دەگەڕێمەوە سەر کورد و هەڵە کوشندەکان.
هاوپەیمانیی سەدر و پارتی و سیادە
لە ساتەوەختی پێکهێنانی ئەم هاوپەیمانییەدا، جۆرێک لە مەستبوونی سیاسی هەرسێ لایەنەکەی گرتبوو. مامەڵەیان لەگەڵ ئەکتەرەکانی نێو کێڵگەی سیاسی ئێراقیدا بێباکانە بوو، وەک ئەوەی وشیارنەبووبن بەوەی کە ئێراق نەرویج نییە و براوەکانی هەڵبژاردن هەمیشە ئەوانەنین کە لە کۆتاییدا حکومەت پێکدەهێنن. هۆکارەکانی شکستی ئەم هاوپەیمانییە سێ قۆڵییە زۆرن، بەڵام چواریان لە هەموویان گرنگترن.
یەکەم: تێکەڵەیەک لە پرۆگرامی لێکدژ
هەر یەکێک لەم سێ گرووپە سێ پرۆگرامی یەکتربڕی ڕادیکاڵییان هەیە. تەوژمی سەدری کار بۆ درووستکردنی دەوڵەتێکی ناوەندگەرایی بیناکراو لەسەر ڕۆحی ناسیۆنالیزمی ئێراقی دەکات کە دەبێت سەروەری بەسەر هەموو خاکی ئێراقدا هەبێت، بە هەرێمی کوردستانیشەوە. پارتی دیموکراتی کوردستان خۆی بە خاوەنی پڕۆژەی سەربەخۆیی کوردستان دەزانێت و سەربەخۆیی کوردستانیش نەک هەر لەگەڵ ئەم تایپە لە دەوڵەتی ناوەندگەرادا یەکناگرێتەوە، بەڵکوو هەڵیشی دەوەشێنێتەوە. سیادەی حەلبوسی بێئومێدبووە لەوەی کە لە ئێراقی پاش سەدام حسێندا، پێگەیەکی گرنگ بۆ سوننە مابێت و خەون بە دەوڵەتێکی سووننی سەربەخۆوە دەبینێت. کۆکردنەوەی ئەم سێ پڕۆژەیە، ئەم سێ ئەکتەرە یەکتربڕە لە هاوپەیمانییەکدا، زیاتر لە ئەستەمە وە نزیکە!
دوو: ڕۆحیەتی تاکڕەوانەی سەماحەتی سەید
ئەوەی کە دیوارەکانی ئەم موستەحیلەش ئەستوورتر دەکات، ئامادەیی بەهێزی ڕۆحیەتی تاکڕەوانەی سەماحەتی سەید موقتەدا سەدرە کە زۆر بەدەگمەن نەبێت هیچ جۆرە حسابێکی بۆ هاوبەشەکانی نەدەکرد. خۆی هەر لە بناخەوە و لە خەیاڵدانی سەماحەتی سەیددا ئەوانیتر هاوبەش نین، بەڵکوو تەواوکاری ئەو شانۆگەرییەن کە دەیویست خۆی نووسەر و خۆی دەرهێنەر و خۆی پێشکێشکاریشی بێت. لێرەوە هاوپەیمانییەکە هەر وەکوو چۆن لەنێو زنجیرەیەک لە گوماندا لەدایکبوو، ئاواش لەنێو هەمان زنجیرە لە گوماندا مرد.
سێ: پراگماتیزمی ڕکابەرەکان
لەبەرانبەر سەماحەتیاندا ئێمە کۆمەڵێک ئەکتەری ڕکابەرمان هەیە کە جیهان بە ڕەش و سپی نابینن و لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا فێری ئەوەبوون کە چۆن لەسەر شەترەنجەکە یاریی بکەن. سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەو گرووپەن کە دانیشتووانی ڕۆمای کۆن ناویان نابوون: بێ پاشا و بێ یاسا و بێ بڕوا. واتە ئەوان بەشێوەیەکی پراگماتیکانە لەگەڵ دونیادا مامەڵە دەکەن، نەک بە پرانسیپی ڕەش و سپی و ئەمەش وایکرد لەکۆتایدا گورزی سەختی سیاسی لە سەماحەت و هاوپەیمانەکانی بدەن.
چوار: ڤیتۆی ئێرانی!
یەکێک لەو داتایانەی کە زۆر بە ئەستەم دەتوانین لێی تێبگەین مامەڵەی هاوپەیمانی بە گشتی و سەدر بەتایبەتییە لەگەڵ سیاسەتی ئێران لە ئێراقدا. گۆڕینی سیستم لە ئێراقدا بەبێ واژۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران، نەک هەر بە سەدر ناکرێت، بەڵکوو بە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش ناکرێت. هەر ئەمەش وایکرد کە کاتێک ویستیان حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی پێکبهێنن، ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی ڤیتۆیەکی تووندی ئێرانی بوونەوە کە بەهیچ شێوەیەک دانووستانی قبووڵ نەدەکرد.
هەموو ئەم هەڵانە وایانکرد کە لە ئێستادا سەماحەتی سەید تەنیا لە بەردەم دوو بژاردەی دراماتیکیدا بێت: یان بێدەنگی کە بەرەو خودکوژیی سیاسی دەبات، یان نەڕەی شەقام کە ئێراق بەرەو پشێوییەکی نادیاری سەخت و مەترسیدار دەبات. بێگومان ئەمە باجی سەختی ئەو هەڵانەن کە دەکرا نەکرانایە.
هەموو ئەو ئەکتەرە سیاسییانەی کە لەژێر کارایی سۆز و هەڵچوونەکانیاندا سیاسەت بەرهەمدەهێنن، لە کۆتاییدا سیاسەت سەریاندەخوات، ڕەنگە تاکە شتێک بۆیان بمێنێتەوە وێنەی قوربانییە کە هیچ لە هاوکێشەکان ناگۆڕێت: لەنێوان فیگەری ئەکتەر و فیگەری قوربانییدا، سیاسی سەرکەوتوو ئەو کەسەیە کە ڕۆڵی یەکەمیان هەڵدەبژێرێت کە مێژوو درووستدەکات، نەک دووەمیان کە تەنیا بەزەییمان پیایدا دێتەوە.
[1] Kurdîpêdiya ne berpirsê naverokê vê tomarê ye, xwediyê/a tomarê berpirs e. Me bi mebesta arşîvkirinê tomar kiriye.
Ev babet bi zimana (کوردیی ناوەڕاست) hatiye nvîsandin, klîk li aykona
bike ji bu vekirina vî babetî bi vî zimana ku pî hatiye nvîsandin!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Ev babet 1,011 car hatiye dîtin
Raya xwe li ser vî babetî binivîsin!