کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی پێشهاتەکانی ئەمڕۆی کەرکووکەوە بڵاوکردەوە..
بسم اللە الرحمن الرحیم
کوردستانیانی بەڕێز
هاوڵاتیانی خۆشەویستی کەرکووک
بە نیگەرانیەکی قوڵەوە چاودێریی ڕووداوەکانی شاری خۆشەویستی کەرکووک دەکەین، پەرەگرتنی گرژییەکان و ڕشتنی خوێنی خۆپیشاندەرانی مەدەنی پێشهاتێکی مەترسیدارە، بە داخەوە لە ڕووداوەکانی ئەمڕۆدا، 2/ی ئەیلول قوربانی لێکەوتوەتەوە، ئەمەش هەوڵەکانی چارەسەر قورستر دەکەن، وێڕای سەرکۆنەکردنی تەقەکردن لە خۆپیشاندەران، داوا دەکەین دامودەزگاکانی دەوڵەت بە ئەرکی خۆیان هەستن و بەرپرسیارانە هەڵسوکەوت لەگەڵ بارودۆخەکەدا بکەن و پارێزەری سەرو ماڵی هاوڵاتیان و تێکڕای پێکهاتەکانی کەرکووک بن.
شاری کەرکووک شاری پێکەوەژیان و نمونەیەکی بچوککراوەی عێراقە، هەوڵدان بۆ تێکدانی کەشوهەوای برایەتی نێوان پێکهاتەکان و نانەوەی ئاشوب و شەڕی تائیفی، یاریکردنە بەو ئاگرەی کە هەڕەشە لە سەقامگیریی هەموو عێراق و ناوچەکەش دەکات، بۆیە داوا لە هەموولایەک، لایەنە کوردستانی و عێراقیەکان، نوێنەرایەتی سیاسی پێکهاتەکان،دەکەین ئەوپەڕی حیکمەت و دانایی بەکاربێنن بۆ بەرگرتن لە تەشەنەسەندنی گرژیەکان و لە دەست دەرچوونی بارو دۆخەکە.
هاوڵاتیانی کەرکووک بە سەرجەم پێکهاتەکانیەوەو لە نێویشیاندا هاوڵاتیانی کورد کە پێکهاتەیەکی سەرەکی کەرکووک و فاکتەری بنەڕەتی پێکەوەژیانن لە شارەکەدا، دەمێک ساڵە باجی ململانێی سیاسیەکان دەدەن و قوربانی زۆریانداوە، قبوڵنەکراوە چی دیکە خەڵکی خۆشەویستی کەرکووک بکرێنە سوتەمەنی کردنەوەی بارەگای حیزبی و شەڕی سیاسیەکان و ئارامی و ئاسایش و گیان و ژیانیان بخرێتە مەترسیەوە.[1]
#کۆمەڵی دادگەریی کوردستان#
ئەنجومەنی باڵا
2023/9/2
تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!