ڤیدیۆ: چیرۆکی هۆنراوەی بەرهەمی هیوا مەگری هونەرمەند #مەرزییە فەریقی#
ئامادەکردنی ڤیدیۆ: دامەزراوەی میدیایی 964
ساڵ: 2024
[1]
هیوا! مەگری، هەنیسکی نیوەشەو بەس هەڵدە، بەس بگری!
لە چاوی بێ قەرارم بۆ چی دەرمانی وەنەوز ئەبڕی؟
کوڕی خۆم! کۆرپەڵەم! میوانی دنیای تازە خوڵقاوم!
ئەدا گریەت بە زەربەی چز، لە ڕۆحی پڕ گلاراوم!
چییە ئەم گریە بێ غایە، کڕووزەی نیوەشەو خورپێن؟
چییە ئەم قەترە وردانەی لە چاوت بێ مەئال ئەڕژێن؟
لەگەڵ ئەو غونچە ساوایەی لەسەر خەڵفی بەهار ئەڕوێ
چییە فەرقت؟ لەبەرچی ئەو هەتاکوو سیس ئەبێ ئەنوێ؟
چییە تو خوا؟ چ سیڕڕێکە وەها مەحکوومی گریانی،
کە تۆ هێشتا لە خەم ناگەی؟ لە مەعنای گریە نازانی؟
ئەگەر وەک باوکە حەسرەت دیدەکەت زەهرت بچێژایە،
زەمان گەردی ئەمەلتی گشت بە دەم باوە بپێژایە؛
حەقت بوو عەرش بلەرزێنی بە ناڵەی ڕۆحی پڕ ئێشت،
لە ئەستێرەی سەما بپژێنی فرمێسکی دڵی ڕێشت!
بە خۆڕایی مەترسە، خەم مەخۆ، مەگری لە ئێستاوە!
بە چی مەعلووم کە چی لەو تەختی ناوچاوانە نووسراوە؟
گۆران