=KTML_Bold=5 پرسیار لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی نەوتی سەرسنک و واژۆی گرێبەستی کێڵگەی نەوتی و گازی حەمرین=KTML_End=
#مەحموود بابان#
بەرەبەیانی #15-07-2025# بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی سەرسنک کە کۆمپانیای HKNی ئەمریکایی سەرکارە و خاوەندارێتیی 62%ی پشکەکانی کێڵگەکە دەکات. هەمان ڕۆژ و چەند کاژێرێک دواتر، وەزارەتی نەوتی ئێراق ڕێوڕەسمی واژۆکردنی گرێبەستی نێوان HKN و کۆمپانیای نەوتی باکووری بڵاوکردەوە بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی حەمرین، بە بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی 60 هەزار بەرمیل نەوت لەگەڵ 45 بۆ 50 ملیۆن پێ سێجا گاز.
کۆمپانیای HKN لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند، هێرشەکە زیانی گیانیی نەبووە، بەڵام کۆی بەرهەمهێنان، کە 30 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەیە، ڕادەگرن تاوەکوو هەموو هەڵسەنگاندنێک بۆ ڕەوشەکە دەکەن.
لەڕاستیدا درۆن هاوشێوەی خۆڵ بارینی لێهاتووە بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، شەوی ڕابردووش بە دوو درۆن خورمەڵە و پێشتریش هێرشی درۆنی و مووشەک بۆ ناوچەی مەدەنی و ئەمنیی سیاسی لە هەرێمی کوردستان کراوە، بەڵام بەئامانجکردنی کێڵگەی سەرسنک لە کاتێکدا بوو ماتیو زەیس، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای HKN لە وەزارەتی نەوتی ئێراق خەریکی واژۆکردنی گرێبەستە نوێیەکەیان بوو.
ڕەهەندەکانی ئەم هێرشانە هەرچییەک بێت، لاوازیی دەوڵەت و باڵادەستیی هێزە سیاسی و گرووپە یاسایی و لە یاسا دەرچووەکانیش لە ئێراق دەردەخات، چونکە ئەم گرووپانە بەم هێرشەی سەر سەرسنک سێ ئاماژەی گرنگ دەردەخەن؛ یەکەمیان، لەڕووی توانای تەکنیکی و ئەمنییەوە پێشاندانی باڵادەستیی لایەنی هێرشکار دەردەخات، دووەمیان لەڕووی ئابوورییەوە، ئامانج لێی کەمکردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی نەوتی نیوخۆی هەرێمی کوردستان و فرۆشتنییەتی بەم شێوەیەی ئێستا، سێیەمیشیان ڕەهەندی سیاسیی گرنگی هەیە کە ڕەنگە لە هەمووشیان زیاتر ئامانجی هێرشەکە بێت، ئەویش هۆشدارییە بۆ سزانەدانی سۆمۆ لەلایەن ئەمریکاوە بەهۆی فرۆشتنی نەوتەوە.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوای نامەکەی ترەمپ بۆ سەرۆکوەزیرانی ئێراق لەبارەی دانانی باج لەسەر کاڵای ئێراقی بە ڕێژەی 30% و جێبەجێکردنی لە #01-08-2025#ەوە، ئاماژەی ئەوەش هەیە کە ئەمریکایییەکان ئێراقیان لە فرۆشتنی نەوتی ئێرانی ئاگادار کردووەتەوە، چونکە ڕۆژی 3ی تەممووز وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا چەند کەسایەتی و کۆمپانیایەکی خستە لیستی سزا و گەمارۆکانەوە بەهۆی فرۆشتنی نەوتی ئێرانی بەناوی نەوتی ئێراقەوە، پێشتریش حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی ئێراق ئاماژەی بەوە کردبوو، ئێران دۆکیۆمێنتی ئێراقی بەکاردەهێنیت بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی. لێرەوە جیاوازیی نێوان داتاکانی وەزارەتی نەوتی ئێراق و #وەزارەتی دارایی# ئێراق بۆ داهاتە نەوتییەکان لە ڕابردوودا دەردەکەوێت، کۆی بەرهەمهێنانی نەوتیش لە ئێران زیاترە لە ئێراق و بەپێی ئینێرجی بۆ بەرهەمهێنانی نەوت لە 2024دا، بەرهەمی ڕۆژانەی نەوتی ئێران 5 ملیۆن و 62 هەزار بەرمیل بووە، لە هەمان ساڵدا کۆی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئێراق 4 ملیۆن و 398 هەزار بەرمیل بووە، واتە ئەگەر ئێران بەراورد بکەین بە ئێراق لەڕووی زیادبوونی بەرهەمهێنانی ساڵانەوە، دەردەکەوێت ئێران بە ڕێژەی 10.6% بەرهەمی زیاد کردووە، کەچی ئێراق بە ڕێژەی 1% بەرهەمهێنانی نەوتی زیاد کردووە.
لە سنووری پارێزگای #دهۆک# چەند کیڵگەیەکی دیکەی نەوتی هەن، کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت بەریتانی و نەرویجی و کەنەدی و کۆمپانیای دیکە کاری تێدا دەکەن، هاوبەشن لە بەرهەمهێناندا، لەوانە کێڵگەی نەوتی تاوکێ و پیشخاپوور، کێڵگەی نەوتی شێخان و باشیک، کە لەڕووی جوگرافییەوە ئاسانتر و بگرە نزیکتریشە، ئەگەر لایەنی هێرشکار تەنیا ئامانجی زیانە ئابووری و ئەمنییەکان بێت، بەڵام هەڵبژاردنی سەرسنک بۆ ناردنی ئەو پەیامە بووە مەبەستیانە بەڕوونی، هەرچەندە ئەو هێرشانە ئاڵۆزیی سیستمی سیاسی و توانای هێزەکان لە ئێراق دەردەخات.
ئێستا بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان لەنێوان 280 بۆ 300 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەیە، بەڵام لە بەیانیی ڕۆژی سێشەممە #15-07-2025#ەوە، نزیکەی 30 هەزار بەرمیل کەمی کردووە؛ لە کاتێکدا بەپێی وەزیری نەوتی ئێراق، جیاوازیی #هەولێر# و بەغدا بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن و هەناردەکردنەوەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان و لە ڕێگەی تورکیاوە تەنیا 19 هەزار بەرمیلە.
نابێت ئەوەش نادیدە بگرین، هەڵبژاردنی کات و بەئامانجگرتنی کێڵگەی سەرسنک لە هەموو ڕووەکانەوە توانای پێشکەوتووی گەورەی لایەنی هێرشکار دەردەخات، ئەمەش مەترسییەکە کە ئەگەر ڕێککەوتنی نوێش بێتە ئاراوە، دەبێت لەبیر نەکرێت.
ڕاستییەکی دیکەش ئەوەیە، بەئامانجکردنی کۆمپانیای HKN، واتە بەئامانجکردنی لۆبیی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت لە کۆنگرێس و ئیدارەی ئەمریکا، چونکە لێدوانەکانی ئیدارەی ئەمریکا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لە ڕێگەی بۆری و گوشاری سەر هەولێر و بەغدا بۆ ڕێککەوتن زیاتر بەهۆی ئەم کۆمپانیاوە بووە.
لە کۆتاییدا، ڕاستە هێرشەکە کرا و ڕێککەوتنەکەش واژۆ کراوە، بەڵام چەند پرسیارێکی گرنگ هەیە و پێویستە بەدوای وەڵامەکەیدا بگەڕێین:
یەکەمیان؛ ئەگەر وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هەڕەشەی سزادانی سۆمۆ بکات، دەبێت گرووپەکان بەشێک لە خاکی دەوڵەتەکە بکەنە ئامانج و داوای ڕادەستکردن و داهاتەکەشی بکەن؟
دووەمیان؛ ئایا دابەشبوون لەنێو حکومڕانانی ئێستای ئیدارەی دەوڵەت بۆ بەڕێوەبردنی مەلەفەکان هەیە، یان دامەزراوە فەرمییەکان شتێکە و ئەوەی ڕوودەدات شتێکی دیکەیە؟
سێیەمیان؛ ئایا واژۆکردنی ڕێککەوتنی کۆمپانیای HKN لەگەڵ وەزارەتی نەوتی ئێراق کۆتایی بە چیرۆکە دووبارەکانی نادەستووری و نایاسایی گرێبەستەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەهێنێت؟
چوارەمیان؛ بۆچی ئێراق لەم قۆناخەدا لەنێو ئەو دەیان کۆمپانیای گەورەی نەوتی ئەمریکا، کۆمپانیای HKNی هەڵبژارد؟ ئەوە چ پەیوەندییەکی بە لۆبیکردنەوە هەیە؟
پێنجەمیان؛ وەڵامی ئیدارەی ئەمریکا بۆ زیانگەیاندن بە کۆمپانیا و سەرمایەدارانی ئەمریکایی چی دەبێت؟ [1]