=KTML_Bold=ناونیشانی بابەت: شەوی یەڵدا (شەوچلە) لە تاریکیی شەوەوە تا بەرەبەیانی ئومێد=KTML_End=
ئامادەکردنی: #فاتمە قاسم#
شەوی یەڵدا یان شەوی چلە، یەکێکە لە جەژن و بۆنە مێژووییە کۆنەکانی کورد و بەشێک لە گەلانی هیند و ئاریی نەخاسمە لە ناوچەی میزۆپۆتامیا کە خاوەن مێژوویەکی 7 هەزار ساڵەیە، ئەمە شەوێکی تایبەتە بۆ هەندێک ناوچە وەک کوردستانی مەزن کە لە نیوەگۆی باکووری زەویدا و لە جوگرافیای کوردستانی گەورەدا شەوی 21 لەسەر 22 بە درێژترین شەوی ساڵ هەژمار دەکرێت و تیایدا خۆروەگەڕی زستان ڕوو دەدات، لەو شەوە بەدواوە شەو کورت دەبێت و ڕۆژ درێژ دەبێتەوە، خەڵکی کوردیش ساڵانە بە ڕێوڕەسم یادی ئەو شەوە دەکەنەوە.
$واتای شەوی چلە$
سەبارەت بەمە، نووسەر و فۆلکلۆریست، محەمەد مەردان بە (باسکورد)ی گوت: بە یەکەمین شەوی زستان دەگوترێت شەوی یەڵدا، یان چلە، بەڵام بە شێوازی گشتی لە کۆمەڵی کوردەواریدا بەم شەوە دەگوترێت شەوی چلە، کە بە مانای شەوی لەدایکبوونی میترا (خواوەندی هەتاو - خۆر) دێت، ڕیشەی شەوی چلە دەگەڕێتەوە بۆ ئارینەژادەکان کە پێکهاتوون لە (هیند و ئۆرۆپی، کورد) واتە کوردانی چیانشینی زاگرۆس. مێژووی ئارینەژادەکان دەگەڕێتەوە بۆ 7 هەزار ساڵ پێش ئێستا، واتا شەوی یەڵدا یان (شەوی چلە) مێژووی 7 هەزار ساڵەی هەیە.
لە فەرھەنگی ئێرانی کۆندا چلە شەوی لەدایکبوونی خۆشەویستییە. لە فەرهەنگی کوردیشدا بە مانای شەوی زاڵبوون و سەرکەوتنی ڕووناکی بەسەر تاریکی، هەروەها شەوی خۆشەویستی و بەیەکگەیشتنی مانگ و خۆر دێت. بەشێک لە مێژوونووسانیش دەڵێن، لە ئاڤێستای زەردەشتییەکان ئاماژەی پێ دراوە، ساڵ تەنیا خاوەن 2 وەرز بووە کە پێکهاتووی (چلەی هاوین و چلە زستانە)، بۆیە چلەی زستان لە دیدی زەردەشتییەکان واتا چل ڕۆژەی گەورەی زستان، واتا چل ڕۆژی بارینی بەفر و بارانی زستان و لەدایکبوونی خۆر و دەستپێکی یەکەم ڕۆژی بەفرانباری وەرزی زستان.
$لە تاریکیی شەوەوە تا بەرەبەیانی ئومێد$
نووسەر، محەمەد مەردان، لە درێژایی قسەکانیدا بەم شێوەیە باسی شەوی چلەی کرد: ئەم شەوە لە کوردستاندا دەبێتە یەکەمی بەفرانبار، واتا شەوی 21 لەسەر 22ی مانگی 12، لە شەوی چلەدا 14 کاتژمێر تاریکی نیوەگۆی زەوی دەگرێتەوە و بە درێژترین شەوی ساڵ هەژمار دەکرێت، ڕۆژەکەیشی کورتترین ڕۆژی ساڵ دەبێت و تیایدا خۆروەگەڕی زستان ڕوو دەدات، لەو شەوە بەدواوە ڕۆژبەڕۆژ، شەو بەرەو کورتبوونەوە دەچێت، هەتاکوو یەکەم شەوی وەرزی هاوین و پێچەوانەکەی ڕۆژ درێژ دەبێتەوە. لە میتولۆژیای کوردیدا لەو شەوە خۆر و مانگ عاشقی یەک دەبن، گوایە مانگ بەردەوام بەدواى ڕۆژەوە بووە، بەڵام خەو هەمیشە ڕێگریى لێ دەکات و دەیباتەوە. تا ناچار دەبێت داوا لە ئەستێرەیەک بکات بۆ ئەوەى بتوانێت لە ماوەى ئەو ساڵەدا تەنیا بۆ جارێکیش بێت لە شەوێکى تاریک و درێژى ساڵدا یەکترى ببیننەوە.
بۆیە ئەستێرەکە لە دوای نیوەی شەوەوە بە مانگ ئەڵێت ئەوا خۆر نزیک بووەتەوە و هاوکاریان دەبێت بۆ ئەوەى ئەو دوو عاشقە هەر نەبێ لە شەوێکى زۆر درێژى ساڵدا بە یەک بگەن و ژوانێک بەسەر ببەن، هەر بۆیە لەو شەوەدا تاریکی زۆرترە و شەو درێژترە، چونکە حەزیان نەکردووە ڕۆژ ببێتەوە و نزیکی بەیان کە پێی دەگوترێت تاریک و لێڵی بەیان، بەتەواوی بەیەک دەگەن، بۆیە شەوی چلە هاوکات بە شەوی خۆشەویستی واتا (ڤاڵانتاین)ی کوردی ناو دەبرێت. هەروەها پێشی دەگوترێت شەوی نوێکردنەوەی پەیمان.
$دەوری خوان... نەریتەکانی خێزانی کورد و تامی میرات$
مەردان تیشکی خستە سەر ئەوەی: لە کۆنەوە هەتا ئێستا میللەتی کورد وەک ڕۆژانی جەژن مامەڵەیان لەگەڵ شەوی پیرۆزی (چلە)دا کردووە و بە گەرمی پێشوازیی لێ دەکەن، لە کۆندا ئەوان چەند ڕۆژێک پێش هاتنی شەوی چلە خۆیان ئامادە دەکرد، لەو شەوەدا خێزانە کوردەکان بە پۆشینی دەستەجلێکی کوردیی جوان ڕوویان دەکردە ماڵی گەورە ماڵەکانیان، واتا ماڵی (باوک، مام، یان برای گەورە) و لای یەک کۆ دەبوونەوە، دوای خواردنی ژەمی شەو سفرەیەکی جوانیان هەڵدەخست کە میوەی ڕەنگاوەڕەنگی لەسەر دادەنرا، بەتایبەت (هەنار) چونکە هەنار ناوەکەکانی ڕەنگی سوورە و گوزارشتی لە خۆر کردووە، لەگەڵ دانانی میوە وشککراوەکان وەک (هەرمێ، هەڵووژە، هەنجیر، مێوژ) و شیرینییە دروستکراوەکان بەتایبەت (کولیچەی) کوردی، بەم شێوەیە سفرەکە دەڕازێنرا و بە خوێندنەوەی شیعر لەسەر شەوی چله و گۆرانی و چەپڵەلێدان و هەڵپەڕکێ و گوتنی حیکایەت و مەتەڵی خۆش لەسەر شەوی چلە لە لایەن بەتەمەنەکانەوە ئەو شەوە پیرۆزە بەڕێ دەکرا و هەر لەکۆنەوە لەناو خەڵکدا وا باو بووە کە بارینى بەفر و باران لە شەوى چلەدا هێمای ساڵێکى پڕ خێر و خۆشی و بەرەکەتە، لەم شەوەدا پێرەووکارانی سەرجەم ئایینە کۆنەکانی کورد شەونخوونییان دەکێشا و چاوەڕوانی ھەڵھاتنی خۆر دەبوون، چونکە پێیانوابوو خۆر لە دوایین ڕۆژی پاییز لاواز دەبێت و دەمرێت و لە یەکەم ڕۆژی زستانیشدا دیسان لەدایک دەبێت، بۆیە لەو شەوەدا هەتا ئێستا بەشێکی زۆری کوردەکان ناخەون، بۆ ئەوەی یەکەمین تیشکی هەتاو ببینن، خەڵک لەنزیک دەمەوبەیاندا کە تیشکی خۆریان بینیوە، لە ڕێگەی چەپڵەلێداندا خۆشیی خۆیان دەربڕیوە.
بەپێی ھەندێک سەرچاوە، ڕۆژی خۆر، ڕۆژی یەکسانیی مرۆڤەکان بووە، لەو ڕۆژەدا هیچ جۆرە کێشە و شەڕ و فەرمانێک نەبووە، پاشاکان بەرگێکی سپی و سادەیان لەبەر دەکرد و لەو ڕۆژەدا نە پاشا و نە ھیچ کەسێکی دی فەرمانی بە کەسانی دیکە نەدەکرد و سەرجەم کاروبارەکان بەبێ فەرمانکردن و بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە بەڕێوە دەچوون، بۆ ئەوەی هیچ جۆرە حوکمێک نەبێت و هەموو شتێک یەکسان بێت لەنێو خەڵکدا.
$شاعیران و شەوی چلە (یەڵدا)$
شەوی چلە لەنێو هۆنراوەکانی زۆر لە شاعیرانی کوردیش ڕەنگی داوەتەوە و بووەتە هەوێنی شیعرەکانیان، بۆیە هەریەکەو بە شێوەیەک باس لەو شەو دەکەن، لە هەمان کاتدا چەندین گۆرانیبێژی کوردیش ئەو هۆنراوانەیان کردووەتە گۆرانی، شاعیری گەورەی کورد #نالی# دەڵێت:
شەوی يەڵدايە يان دەيجوورە ئەمشەو
کە ديدەم دوور لە تۆ بێ نوورە ئەمشەو
دڵم وەک حاکمی مەعزوولە قوربان
خەڵاتی وەسڵی تۆی مەنزوورە ئەمشەو.
هەرچەندە ئێستا سەردەمەکە پێشکەوتووە و ڕێژەیەکی زۆری بەتەمەنەکان لە دنیا نەماون، بەڵام خێزانە کوردەکان هەوڵ دەدەن ساڵانە ئەم بۆنە کوردییە ساز بکەن و منداڵەکانیان لەگەڵ ئەم دابونەریتە کۆنەدا ئاشنا بکەنەوە، لەپاڵ ئەوانیش کۆمەڵەی کەلەپوور و فۆلکلۆری کوردی لە شاری سلێمانی، بە سەرپەرشتیی (محەمەد مەردان)، نووسەر و فۆلکلۆریست، لە ساڵی 1991 هەتا ئێستا لە ڕێگەی ئەم کۆمەڵەیە هەوڵی داوە بە ئاشناکردنی نەوەکانی نوێی کورد بە شەوی چلە و تەواوی بۆن و یادەکانی دیکەی کوردی.
مەردان ساڵانە لە یەکێک لە هۆڵەکانی شاری #سلێمانی# ڕێوڕەسمێکی گەورە بەبۆنەی شەوی چلە ساز دەکات و بانگهێشتی خێزانە کوردەکان دەکات بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمەکەدا، ساڵانە لە ڕێگەی نماییشی (شانۆی میترا، شانۆی ئەوینی خۆر و مانگ، نماییشی جلی کوردی، نماییشی گرووپەکانی هەڵپەڕکێ، خوێندنەوەی شیعر کە هەموویان تایبەت لەسەر شەوی چلەدان، چەپڵەلێدان و گوتنی گۆرانی و خواردنی هەنار) شەوی چلە بەڕێ دەکەن.
وەک خۆی دەڵێت: لەو شەوەدا هۆڵەکە قەرەباڵغ دەبێت و پڕاوپڕ دەبێت لە خێزان و گەنجانی کورد، ئەوان لەناوخۆ و دەرەوەی شار سەردانمان دەکەن، بۆ ئاهەنگگێڕان لەم شەوە پیرۆزەدا ، مەبەستی کۆمەڵەکە لەم کارەدا زیندووکردنەوەی بۆن و ڕێوڕەسمە پیرۆز و دێرینەکان و پاراستنی دابونەریتی کوردییە. جگە لەمەش، ماوەی 7 ساڵە مەردان دەستی بە دەرکردنی شەونامەی چلە کردووە کە تیایدا باس لەسەر شەوی چلە و چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی دەکات و بە هیوایە تەمەن ڕێگەی زیاتری پێبدات، بۆ ئەوەی لە ڕێی کارەکانی زیاتر خزمەت بە گەلی کورد بکات. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=