ئەمڕۆ 31-01-2014 کە بڕیاربوو کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ببەسترێت، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەنێوان ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ئەنجومەنی ناوەندی لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لەسلێمانی بەڕێوەچوو، دواترو لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ئەنجومەنی ناوەندی دوای تاوتوێکردنی ئەگەرەکانی بەستن یان دواخستنی کۆنگرەی چوارەم بەکۆی دەنگ بڕیارماندا بە:
1- کۆنگرەی چوارەم دوابخرێت بۆ کاتێک کەبارودۆخی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەباربێت، کەهەموو بەرپرس و کادرو ئەندامانی (ی.ن.ک) بەهیواین بەڕێز مام جەلال کە ئێستا باری تەندروستی بەرەو پێشچوونی باشی بەخۆوە بینیوە لە کۆنگرەکە ئامادەبێت، کە لەهەمان کاتدا داواکاری زۆرینەی ئۆرگانەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
2- ئەنجومەنی ناوەندی پشتیوانی هەر سێ هەڤاڵان (خاتوو هێرۆ ئیبراهیم و کاک کۆسرەت ڕەسوڵ و کاک د. بەرهەم صاڵح) دەکات، کە لەکۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی وەکو ناوەندی بڕیار بڕیاریان لەسەر دراوە کە دەسەڵاتەکانی بەڕێز سکرتێری گشتی بەکاربهێنن بۆ پاراستنی یەکێتی ناو یەکێتی و یەکڕیزی یەکێتی.
3- ئەنجومەنی ناوەندی بەهەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی سەرکردایەتی وەکو یەک تیم کاربکەین بۆ سەرخستنی یەکێتی لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نیشتمانی عیراق و ئەنجومەنی پارێزگاکان کە بڕیارە ڕۆژی 30/ نیسان بەڕێوەبچن.
4- لەمڕۆوە تا بەستنی کۆنگرەی چوارەم دەبێت کاری جدی بکرێت بۆ چارەسەرکردنی کوموکورتییەکان و ئەنجامدانی گۆرانکاری پێویست و دانانی بەرنامەو نەخشەرێگای تازەو بوارنەدان بە کەم تەرخەمی و سستی و گەندەڵی لەناو ئۆرگانەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
5- لەمەودوا کاروبارەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەهاوبەشی و هەماهەنگی دەبێت و ڕێگا نادرێت هیچ کەسێک بەئارەزووی خۆی کاربکات، ئەمەش لەپێناو سەرکەوتنی بەرنامەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئاراستەکردنی هەموو ئۆرگانەکان لەسەر نەهج و ڕێبازی بەڕێز هەڤاڵ مام جەلال کە لەساڵی 1975 وە بەردەوامی هەیە تاکو ئێستا.
6- ئێمە وەکو ئەنجومەنی ناوەندی جارێکی تر دووپاتی دەکەینەوە کە چاودێرێکی بەهێز دەبین وە تەواوی دەسەڵاتەکانمان بەکار دەهێنین بۆ بەجێهێنانی ئەرک و ئامانجەکانی (ی.ن.ک)، وە دەبێت لەمەودوا ڕەچاوی کاری چاودێریکردنی ئەنجومەنی ناوەندی بکرێت پاڵپشت بە پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
ئەنجومەنی ناوەندی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
31-01-2014