ئەمڕۆ 35 ساڵ بەسەر کۆچکردنی تێکۆشەرێکی ناسراوی گەلەکەمان و ئەستێرەیەکی گەشی ئاسمانی کوردایەتی کە لە دامێنی چیای شیرینی سەرکەش لە گوندی بارزانی لانکەی شێران و شۆڕش و بەرخودان و دوژمنبەزێن هاتە ژیانەوە، ئەویش سەرکردەی ناسراو و ھەمیشە زیندوو کاکە ئیدریس مستەفا بارزانییە.
کاکە ئیدریس ئەو سەرکردە خۆشەویستەی ناو دڵی جەماوەری کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان بوو، کە لە تەمەنی سێ ساڵیدا لەگەڵ خانەوادە تێکۆشەر و سەربەرزەکەیاندا ئاوارەی باشووری ئێراق دەبن پاش ئەوەی بارزانیی نەمر و هەڤاڵەکانی ڕوو لە یەکێتیی سۆڤێتی جاران دەکەن، بۆ ماوەی یانزە ساڵ لە شارە جیاجیاکانی ناوەڕاست و باشووری ئێراق و مووسڵ لە بارودۆخێکی پڕ لە ئێش و ئازار و مەینەتی دەژیان.
ئەم خانەوادە خاوەن مێژووی پاک و پڕ سەروەرییە هەمیشە چاوەڕوانی ھەواڵی ھەڵۆی بەرزی کوردستان بوون و لە پێش ھەموو ئێش و ئازارێک خۆڕاگر و خاوەن ورە و ئیرادەیەکی بەهێز بوون، متمانە و بڕوابەخۆبوونێکی بێ هاوتایان هەبوو، چونکە باوەڕی تەواویان بە ھەڵۆی بەرزی کوردستان بارزانیی نەمر ھەبوو کە خاوەنی دید و پەیام بوون و تێکۆشانیان بۆ کێشەی ڕەوای نەتەوەیەکی خاوەن خاکێکی پارچەپارچەکراو بوو، ڕەوایەتیی پرسی گەلی کوردستان کە دڵنیا بوو لە شکستی دوژمنان و سەرکەوتن و ڕزگارکردنی گەلی سەربەرزی کوردستان.
دوای گەڕانەوەی بارزانیی نەمر لە یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی 1958 کاکە ئیدریس لەگەڵ خانەوادەکەی دەگەڕێتەوە بارزان و لەگەڵ یەکەم چرکەساتی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن کاکە ئیدریس وەکوو لاوێکی خوێنگەرم و ڕۆشنبیر و چاونەترس دەبێتە پێشمەرگە و لە ماوەیەکی کەمدا بوونی خۆی لەنێو شۆڕش و جەماوەردا دەسەلمێنێ وەکوو سەرکردەیەکی ئازا و بوێر و خۆنەویست و ڕۆشنبیر دەردەکەوێت و دەبێتە جێگای متمانەی شۆڕش و بارزانیی نەمر و، وەکوو دبلۆماتکارێکی لێهاتوو لە پەیوەندیکردن لەگەڵ وڵاتانی ناوچەیی و جیهانیدا ڕۆڵێکی گرینگ بۆ ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و ئامانجەکانی شۆڕش بە دونیای دەرەوە دەگێڕێ، کاکە ئیدریسی ھەمیشە لەیاد قارەمانی سەرخستنی شەڕی ھەندرێن بوو لە شۆڕشی ئەیلوول.
کاکە ئیدریس لە گفتوگۆکانی نێوان سەرکردایەتیی شۆڕش لەگەڵ ڕژێمی بەعس لەگەڵ بارزانیی نەمر و ڕێزدار کاک مەسعوود بارزانی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتننامەی مێژووی یانزەی ئاداری ساڵی 1970 ڕۆڵی گرینگی هەبوو و، لەو کاتە لەگەڵ ئەوەی ڕژێمی بەعس بە ڕێگای بەکرێگیراوەکانی ھەوڵی تیرۆری کاکە ئیدریسیان لە بەغدا دابوو کەچی لە پێناوی بەرژەوەندی گەلی کوردستان لە ساتە ترسناکەکانی نێوان شۆڕشی کوردستان و ڕژێمی بوغرای بەعسی بەغدا سەرەڕای ھەموو مەترسییەکان چووە بەغدا و ھەوڵی زۆری دا شەڕ ڕوو نەدات و بە ئاشتی لێکتێنەگەیشتنەکان چارەسەر بکەن و ھەر لەو سەردانە لەگەڵ باڵیۆزی سۆڤیەت دانیشت و پاشان بە زیرەکی و لێھاتوویی خۆی، خۆی گەیاندەوە شۆڕشی کوردستان.
لە کاتی ڕوودانی ھێرشەکانی ڕژێمی بەغدا، کاکە ئیدریسی ھەمیشە زیندوو ڕۆڵی زۆر گرینگی دەگێڕا و ماندوونەناسانە کاری دەکرد.
پاش نسکۆی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن کاکە ئیدریس ڕۆڵی کاریگەریی لە سەرپەرشتیکردنی پەنابەران هەبووە و خەمخۆری ڕاستەقینەی ئاوارە و لێقەوماوان و ئەوانە بوو بە ئاوارەیی دەچوونە ھەندەران و ئەوانەی لە ئێران مانەوە.
بۆ هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخوازیش لە ساڵی 1976 کاکە ئیدریس لەگەڵ ڕێزدار سەرۆک مسعوود بارزانی و ژمارەیەک لە کادرە دڵسۆز و خۆنەویست و بەئەمەکەکانی پارتی و بارزانی و لەژێر چاودێری و ئامۆژگاریی بارزانیی نەمر ڕۆڵی کاریگەریان لە هەڵگیرسانی شۆڕش و گەڕانەوەی متمانە و هیوا بۆ گەلی کوردستان و دۆزە ڕەواکەی بینی.
سەرکردە ئیدریس بارزانی هەمیشە باوەڕی تەواوی بە مافی ڕەوای گەلی کوردستان و بە سەرکەوتن ھەبوو، شارەزایی تەواوی دەربارەی نەیاران و داردەستانی دژ بە گەلی کوردستان و شۆڕشە پیرۆزەکەی ھەبوو.
سەرکردەی ھەمیشەزیندوو باوەڕی تەواوی بە فرەحزبی لەسەر بنەمای نیشتمانپەروەی و بەرنگاربوونەوەی دوژمنانی گەلەکەمان و تێکشکاندنی داگیرکەرانی خاک و خەڵکی کوردستان لە پێناو گەیشتن بە ئامانجە نیشتمانی و نەتەوایەتییەکانمان ھەبوو، بۆیە هەوڵ و دەسپێشخەرییەکانی لەو پێناوەدا خستەگڕ، کە لە ئاکامدا ساڵی 1986 بەرەی کوردستانی لەدایک بوو، دواتر کاکە ئیدریسی سەرکردە لە کۆنگرەی تاران لە ساڵی 1987 پێشنیاری یەکخستنی توانای هەموو لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێراقی کرد بە کورد و عەرەب و هەموو پێکهاتە و مەزهەبەکان دژ بە ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس لە پێناو ڕووخاندنی ڕژێم.
ماڵی ئەم سەرکردە لێھاتووە، ماڵی ھەموو شۆڕشگێڕانی گیان لەسەردەست و نەخۆشخانەی نھێنیی پێشمەرگە بریندارەکانی شۆڕشی گوڵان بوو.
کاکە ئیدریس سەربەرز و ناوپاک یاوەری ھێنانەوەی تەرمی پیرۆزی بارزانیی نەمر لە ئەمریکاوە بۆ کوردستانی ڕۆژھەلات لە ئێران بوو.
بەڵام بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە بەرەبەیانی ڕۆژی #31-01-1987# ئەم سەرکردە مەزنەی گەلەکەمان لە شارۆچەکەی سلیڤانای سەربە پارێزگای ورمێ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و گەیشتە کاروانی نەمران. بەمەش نەتەوەی کورد ئەستێرەیەکی گەش و درەوشاوە و خەباتگێڕێکی سیاسی و دبلۆماسی و سەربازی و ڕۆشنبیر و خەمخۆری کەموێنەی لە دەست دا و چووە ئاسمانی کوردستان و بۆ ھەمیشە درەوشاوە و پرشنگدار دەمێنێتەوە.
لەم یادە دڵتەزێنەدا سڵاو و دروود دەنێرین بۆ گیانی پاکی کاکە ئیدریسی جوانەمەرگ کە هەمیشە بە کار و خەبات و هەڵوێستەکانی لە مێژوودا بەزیندوویی لە دڵ و ویژدانی دڵسۆزانی گەلەکەمان دەمێنێتەوە. [1]
نەمری بۆ شەهیدانی کورد و کوردستان و شەهیدانی ئەنفال
سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان
دکتۆر #کەمال کەرکووکی#
سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیان
#31-01-2-22#
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=