ناونیشان: $پەیامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانبە بۆنەی 28 ساڵەی یادەوەری تاڵی خیانەتی 31ی ئاب$
بیست و هەشت ساڵی تەواو بەسەر خیانەتی 31ی ئاب ، کارەساتی هەرە گەورەی ژیانی سیاسیی گەلەکەمان تێپەڕ دەبێت کە پەلاماردانی سوپای فاشستی #بەعس# بوو بۆ سەر #هەولێر# ی پایتەختی کوردستان، لەسەر بانگێشتی فەرمی #پارتی دیموکراتی کوردستان# و لە پێناو سەپاندنی باڵانسێکی ناڕەوا. لەناو پڕۆسەی سیاسیی وڵاتەکەماندا، کە دەکرا لە جیاتی سەپاندنی خیانەت و سەپاندنی هەژموونی نانیشتمانیی و نا نەتەوەیی، بە بانگەوازی کوردانە و پەرۆشییەکی ئاشتیخوازانەوە ناکۆکی ناوخۆیی چارەسەر کرابا و خوێن و خەمێکی زۆر بۆ گەلی کوردستان و ناوبانگی نێودەوڵەتی ئەزموونەکەمان کە لە سەرەتای درووستبوون و پێکهاتندا بوو، بگێردرابایەوە.
دەرەنجامی ئەو خیانەتە هەر زیان گەیاندن بە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و هێزی پێشمەرگە و شەهید و بریندار و ئاوارەکەوتنی سەدان تێکۆشەری یەکێتیییەکەمان و خەباتگێڕانی کوردستان نەبوو، هەر کوشتن و ڕاوەدوونانی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێراقی دژی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکەی #سەددام حسێن# نەبوو، بەڵکوو برینێکی قووڵی لە جەستەی میللەتی جینۆساید دیدە و قوربانیدەری کورد درووستکرد کە دوای بیست و هەشت ساڵیش هێشتا ساڕێژ نەبووە و پاشماوە، شوێنەواری سیاسیی، کۆمەڵایەتی و ئابووری و بگرە کولتوورییشی بەسەر هەرێمەکەمانەوە ماوە، ماوەیەکی زۆریش ناوبانگ و ناوەرۆکی ڕەوا و ئازادیخوازانەی کوردایەتی لە دونیا لەکەدار کرد. بە داخیشەوە سیاسەتە چەوتە دووبارەبووەوەکانی لێرە و لەوێی پارتی هەمیشە قەتماغەی برینی هاوینی خیانەت هەڵدەداتەوە و زامی پایتەختی داگیرکراوی ڕۆژە شوومەکەی 31ی ئابیش هەروا دەکوڵێنێتەوە.
لەم نزیکەی سێ دەیەدا میللەتی بە سەبر و دانبەخۆداگرتووی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیش، لەبەر ئاییندەی وڵاتەکەمان و بۆ فراوانکردنی دەرفەتی پێکەوەیی و تەبایی کوردستانیی، ئەم ڕۆژە ناخۆشەی کوردستانی بە هەڵسەنگاندنی مێژوو سپاردووە و لەبەر خاتری خوێنی شەهیدان، لەبەر ئارەق و ڕەنجی دەیان ساڵەی کوردایەتی، لە زۆر هەقی ڕەوای خۆی خۆشبووە و پەیامی ئاشتی و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی تازەی بەرزکردووەتەوە تا بە سیاسەت و دیالۆگی ئاشتیخوازانە ئەزموونەکەمان بە پایەداری بهێڵێتەوە و گەشەی پێ بدات و سەرەڕای زامی قووڵی خیانەت بگاتە ئامانجەکانی، کەچی بەداخەوە پارتی، لە جێی پێداچوونەوە بە هەڵەکانی، لە جێی یارمەتیی ساڕێژبوونی برین و ناسۆرییەکانی ڕابردوو، لە هەر دەرفەتێکی بچووکی ناکۆکی خۆماڵیدا خوێ بە برینی نەتەوە و نیشتماندا دەکا، پشتبەستوو بە بەڵانسی ناڕەوای هێز و هەژموونی بە دەستهاتوو لە کەینوبەینەکانی دوای 31ی ئاب گەرەکێتی مێزی خیانەت و ناپاکی بەسەر خەڵکی تردا قڵپ بکاتەوە، هەر بۆیە وتاری تەنگەتاوی سیاسیی و دیاردەی دزێوی تۆمەتبەشینەوەی گوایە خیانەت و تانە و تەشەری نەتەوەیی و نیشتمانیی، دەستکاری مێژوو و زەوتکردنی سەروەرییەکانی خەباتی هەمەلایەنەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان، بووەتە وتاری زاڵ و بنێشتەخۆشەی سەر زمانی ناوەندی دەسترۆیشتووی ئەو حزبە. کە ئەم دیاردە دزێوە هەم ڕێی لە هەڵسەنگاندنێکی واقیعیانەی ڕووداوەکان گرتووە و هەمیش یارمەتیی هیچ پەرۆشییەکی ئاییندەیی نادات کە مەبەست لێی سپاردنی ڕابردووی تاریکی خیانەت بێت بە دوارۆژێکی ڕووناک بۆ گەلەکەمان.
بۆ لاوانی داهاتووی کوردەواری.
لەم یادەوەرییە خەمناک و تاڵ و پڕ سوێیەدا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سۆنگەی ویژدانێکی زیندووی کوردانەوە، پشت بەستوو بە قەڵای قوربانییەکانی ڕابردووی بۆ ئازادی و بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی و بۆ دوارۆژی نەوەکانی کوردستان، بانگەوازی خەباتێکی یەکێتییانە و بەرپرسانە و دیموکراتییانە دووپات دەکاتەوە کە ڕووی لە ئاییندەی گەش، ڕووی لە جۆشدانەوەی خەباتی نوێباوی کوردایەتی بێت بەرەو ڕاستکردنەوەی ڕێرەوی حوکمڕانی، بەرەو گێڕانەوەی بەڵانسی هێز لە کوردستان و بۆ لە قاودانی هەموو ئەو هەلومەرجە ناجۆرانەی بوونە باعیسی قۆرخکاری و جیاکاری و ستەمکاری و بوونە مایەی بەتاڵکردنەوەی زۆر جومگەی ئەزموونەکەمان لە ناوەرۆکە نیشتمانیی و دیموکراتی و دادپەروەرییەکەی، کە سەرچاوەی ماکی ئەم هەموو ناجۆرییەش خیانەتی 31ی ئابە، بە تایبەتیی لە سایەی فەرهەنگێکی بێ مۆڕاڵی دواکەتوودا کە تا ئێستاش ئەم شەرمەزارییە سیاسییە بە دەسکەوتی گوایە نەتەوەیی و نیشتمانی دەناسێنێت و بێ شەرمانە داکۆکی لێ دەکات و خۆی پێوە بادەدات.
لە یادی برینی بیست وهەشت ساڵەی ئابدا، با بە خەباتی بێوچانی مەدەنی و ئاشتیخوازی و بە هەڵبژاردنی پاک و چاودێریکراوی ئێراقی و نێودەوڵەتی بەر بەم (نەزیفە) نەتەوەییە بگرین و ڕۆحی شەهیدەکانمان، بە تایبەتیی شەهیدانی بەرەنگاری داگیرکردنی هەولێری پایتەخت، شاد بکەین.
بۆ پێشەوە
بەرەو ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی و گێڕانەوەی باڵانسی هێز لە کوردستان.
مەکتەبی سیاسیی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#
#31-08-2024#
[1]
تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!