ناونیشانی بابەت: تاڤگەی ئافرینە... گەوهەری پڕئاوی #لوڕستان#
ناوی نووسەر: #سارا شەفیق#
پارێزگای لوڕستان، بەهۆی زنجیرە چیاکانی زاگرۆس و سروشتە پاک و خاوێنەکەیەوە، شوێنی چەندین کانیاو و تاڤگەیە کە کاتێک بەیەکەوە دەبەسترێنەوە، ڕووبارە گەورەکانی وەک دێز و کەرخێ پڕ دەکەن. لەنێو ئەم پێکهاتە سروشتییە سەرسوڕهێنەرەدا، تاڤگەی ئافرینە وەک یەکێک لە شوێنە گەشتیارییە دیارەکانی ئەو پارێزگایە، نمایشێکی سەرنجڕاکێشی سروشتی بە لێشاوە زۆرەکەیەوە، بەدرێژایی هەر چوار وەرز پیشان دەدات.
=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2025/653879/0002.JPG=KTML_Photo_Alt=0002.JPG=KTML_Style=width:20%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2025/653879/0002.JPG=KTML_Photo_End=
ئەم تاڤگە پان و هەمیشەییە دەکەوێتە تەنیشت گوندی ئافرینە کە بەشێکە لە ناوچەی پۆل دۆختەر (پل دختر) و بەهۆی لێک نزیکبوونەوەی ڕووباری چەمشەک و ئافرینە پێکهاتووە. دوای ئەوەی بە تاشەبەردی زەبەلاح و شەق بوو تێدەپەڕێت، ئاوەکە دەڕژێتە ناو ڕووباری کەشکانەوە. سەرچاوەکەی نزیکەی 38 کیلۆمەتر لە باشووری خۆڕەم ئابادەوە هەڵکەوتووە. بەرزترین خاڵی تاڤگەکە نزیکەی 20 مەتر بەرزە و بەهۆی شەپۆڵە بەهێزکانی ئاوەکەوە مەلەکردن تێیدا زۆر مەترسیدارە.
بەشێک لە توێژەران پێیان وایە ناوی (ئافرینە) وشەیەکی ئاڤێستاییە بە واتای (ئاوبەخشین) یان (لەو شوێنەی ئاو زۆرە) هاتووە. چەمکێک کە بەتەواوی لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی ئەم تەڤگەیە یەک دەگرێتەوە.
لەنزیک تاڤگەکە پردی مێژوویی ئافرینە هەیە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ساسانییەکان. ئەم پردە لە خشت و بەردی چیاکانی کوردستان دروست کراوە و خاوەن تەلارسازییەکی ڕەسەنە، هەروەوها یەکێکە لەو شوێنەوارە بەنرخانەی ئەو دەڤەرە و نیشانەی گرنگیی ڕێگاکانی ئەو ناوچەیەیە بۆ ئالوگۆڕی و پەیوەندیکردن بە ناوچەکانی دیکەدا. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=