#فەرهەنگی دەشتودەری کۆیە#ی #ئاراس ئیلنجاغی#
ئەم فەرهەنگە ناوی هەموو ئەو شوێن و ئاقار و سنوور و تخووب و کانی و کانیاو و ڕووبار و گرد و گردۆلکە و شاخ و دۆڵ و لووتکە و پارچەزەوی و ئەشکەوت و گۆڕستان و باخچە و دەشتایی و ... هتد، هیی تەواوی سنووری کارگێڕی شارۆچکەی #کۆیە# بە هەر پێنج شارەدێکە و 170 گوند و ئاوەدانی بەتەواوی لەخۆدەگرێت لەنێوان ساڵانی (2020 -2025).
بە شێوەیەکی تر دەتوانین بڵێین ئەم فەرهەنگە کێوماڵی تەواوی سنووری کارگێڕی شاری کۆیەی کردووە کە ڕووبەری خاکەکەی (881914) دۆنم زەوییە کە دەکاتە (2205) کیلۆمەتر چوارگۆشە.
دەتوانین گرنگی ئەم فەرهەنگە لە چەند لایەنێکەوە بخەینە ڕوو:
٭ فەرهەنگێکی دەوڵەمەندی زمانەوانیی ناوچەییە دەخرێتە سەر خەرمانی فەرهەنگی لەبن نەهاتووی زمانی کوردی.
٭ ڕووپێوێکی چڕو وردی تەواوی ئەم ناوچەیە لە ڕووی جوگرافی و شێوازی ژیان.
٭ پاراستن و بەدێکیۆمێنتکردنی ناوی هەموو ئەو شوێن و ناوچانەیە کە لە فەرهەنگەکەدا هاتوون بۆ هەتاهەتایە.
٭ ئاشناکردن و پێدانی زانیارییە بە نەوەی تازە لەسەر شوێنی ژیانی باب و باپیران و تەواوی ناوچە جیاوازەکانی ئەم سنوورە.
٭ سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی (زمانەوانی، جوگرافی، کۆمەڵایەتی، ژینگەیی، کشتوکاڵی).
٭ خستنەڕووی داتا و ئامارێکی ورد و درووستە بۆ کاری کارگێڕی و کشوکاڵی و مرۆیی و ڕووپێوی.
٭ سوودبەخش و جێگای تێڕامان و مایەی گرنگیپێدانە بۆ ئەوانەی سەرقاڵی زمانەوانی و وشەسازین لە زمانی کوردی.
٭ سەرچاوەیەکی گرنگی هێشتنەوەی کلتوور و شێوزاو وشەی ڕەسەنی کوردییە.
٭ دەوڵەمەندی زمانی کوردی دەردەخات لە بوارەکانی: ناو، کار ، وشەی لێکدراو، ئاوەڵناو، ئاوەڵفرمان .
٭ دیاری کردن و خستنەڕووی چەندین زانیاری لەسەر زاراوەی جۆراوجۆری جوگرافی و خێڵ و هۆزی سنووری #دەشتی کۆیە# و #وراتی کۆیە# و تەواوی سنوورەکە .
لە کۆتاییدا وێڕای سوپاس و پێزانینی زۆرم بۆ ئەم دیارییە بەنرخ و مێژووییە بە برای نووسەر دەڵێم: خەرمانت پڕ بەرکەت بێت، تەمەنت بەقەد چیای باواجی بێت، وشە و فەرهەنگت دەوڵەمەندتر بێت، باڵات گەلێک بەرزتر و زراڤتر بێت ، نووکی قەڵەمەکەشت دەیانجار تیژتر و بەبڕشتتربێت. [1]
ئازاد جۆڵا-هەولێر 28-11-2025