بە سەرپەرشتی (سەرۆک بارزانی) ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتیمان، پارتیی دیموکراتی کوردستان لە ڕێکەوتی 12-04-2015 کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجامدا و سەبارەت بەم بابەت و تەوەرانەی خوارەوە گفتوگۆی کرد و بڕیاری پێویستی لەبارەیانەوەدا:
یەکەم: بارودۆخی عێراق، دوای هێرشی داعش بۆسەر چەندین شار و شارۆچکەی عێراق و کوردستان و داگیرکردنیان، گۆڕانکاری بەرچاو لە پەیوەندییەکانی حزب و لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە پرۆسەی سیاسی ناوخۆی عێراق ڕویدا، هەروەکو پەیوەندی و هاوپەیمانیەتی نوێ لەسەرئاستی جیهان بەگشتیی و عێراق و ناوچەکە بەتایبەتی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نەتەوەیی و ئاینیی و مەزهەبی هاوبەش هاتنە ئاراوە، هەروەها لەسەر بنەمای بەرژەوەندی سیاسی هەروەکو هاوپەیمانیەتی لە ڕوانگەی باوەڕبوون بە دامەزراندنی سیستمی دیموکراسیشەوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە لەئاکامدا هێزی نوێ لەهاوکێشە سیاسییەکاندا بە دەرکەوتن؛ کوردستانیش بەدەرنەبوو لە کاریگەری بارودۆخی نوێی عێراق و ناوچەکە و جیهان، وەکو هێزێکی سیاسی و ئابووری و عەسکەری کاریگەر و خاوەن ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی بەشێکی کێشەکانی گۆڕەپانی سیاسی و عەسکەری لەئاستی جیهان و ناوچەکە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ.
خەڵکی کوردستان چاوەڕوانبوون دوای گۆڕانکارییەکانی ساڵی 2003 عێراق و ناوچەکە بە ئاراستەی سوود وەرگرتن لە هەڵە و گرفتەکانی پێشوو، هەموو لایەنەکان هەنگاوی جدی بهاوێژن بۆ دووبارە نەبوونەوەی هەڵە و کەموکوڕیەکان و، ئارامی و تەبایی باڵ بەسەر ناوچەکەدا بکێشێ، بەڵام بەداخەوە هەڵەی کوشندە و کاریگەر لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە ڕوویدا و، هەروەکو خوێندنەوەی ناواقعیانەی جیهانی دەرەوەش بۆ چۆنیەتی چارەکردنی کێشەکان و پشتگیری ئاڵوگۆڕیە جیاجیاکان چاوەڕوانی خەڵکی کوردستانی نەک نەهێنایە دی، بەڵکو گرفتی گەورەشیان بۆ دروستبوو، هەرچەندە گەلی کوردستان خوڕاگرانە وەکو هەمیشە بەرامبەر پڕۆژە و پیلانە چەپەڵەکانی دوژمنان و ناحەزان وەستاوەتەوە و خەونەکانیان لەگۆڕ دەنێ.
دووەم: بارودۆخی کوردستان و شەڕی داسەپاو، وەکو چەندین جاری دیکە ئەمجارەیش ئەوانەی چاویان بەپێشکەوتن و سەرکەوتنە سیاسی و ئابوری و دیپلۆماسییەکانی کوردستانیان هەڵنایەت، شەڕیکی نابەرامبەریان بەسەر کوردستاندا سەپاند و بەم هۆیەشەوە ژمارەیەکی زۆر پێشمەرگە و ڕۆڵەی نیشتمانەکەمان شەهیدبوون و بوونە قوربانی نەتەوە و نیشتمانەکەیان، ئەمڕۆ ئازایەتی و خۆڕاگری پێشمەرگەی کوردستان بووەتە وێردی سەر زوبانی جیهانیان و ئێستا هێزی پێشمەرگەی کوردستان و دامودەزگا ئەمنییەکان بەرگری لە مرۆڤایەتی دەکەن و تاکە هێزێکە کە بەوپەڕی ورە بەرزیەوە داعشی بەزاندوە و بەرە و دواوەگەڕاندەوە، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بە سوپاسەوە بە هاوکاری هێزی ئاسمانییەکانی هاوپەیمانان، زۆربەی هەرە زۆری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیان لە گەرمیان تا چیای شنگال، لە دوژمنانی مرۆڤایەتی ڕزگارکردووە. ئازایەتی و خۆڕاگری پێشمەرگە و ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە خانەقین تا شنگال وکۆبانی ترسی خستووەتە ناو دڵ و دەروونی پیلانگێڕان. سڵاو لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدان و لەخوای گەرورە داواکارین بریندارەکانمان شیفا بدات.
سێیەم: پێوەندی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ، دوای ئەو ئاڵۆزیەی لە پەیوەندییەکان دروستبوون لە ئاکامی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لەلایەن بەشێک لە دەسەڵاتدارانی بەغدا و بڕینی موچە و بودجەی کوردستان، گوشارێکی زۆر کەوتە سەر بژێوی و ژیانی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستانی و کاریگەری کردە سەرتەواوی بەرنامە و پڕۆژەکانی حکوومەت و کەرتی تایبەت، بەڵام جەماوەری کوردستان خۆڕاگرانە بەرەنگاری ئەم هەنگاوە نا بەجێیانەی حکوومەتی بەغدا بووەوە، ئەم خۆڕاگری و هاوکارییە هەمەلایەنەی خەڵکی کوردستان بەهەموو پێکهاتەکانیەوە، شایەنی سوپاس و پێزانینی زۆرە.
هەروەک پشتگیری لەهەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێم دەکەین بۆ دەربازبوون لەو قەیرانەی بەرەوڕووی هەرێم بووەتەوە، بەتایبەتی ڕێککەوتنی لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ، ئومێددەکەین ڕێککەوتنەکە بەباشی جێبەجێبکرێت. هەروەها کۆبوونەوە ڕووڵی حەشدی شەعبدی هەڵسەنگاند و، پارتیمان ئەو هێزە بە هاوکارێکی باشی سوپای عێراقی دەزانێ و لە ئازادکردنی ناوچەکانیان پێویستن، بەڵام سەبارەت بە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کە پێشمەرگە ئازادی کردوون و دەیانپارێزێت، بەپێویست نازانرێ و، هێزی خۆڕاگری پێشمەرگەی کوردستان نەیهێشتووە هیچ بۆشاییەکی عەسکەری و ئەمنی دروستببێت.
چوارەم: بارودۆخی ناوخۆی پارتیمان، لەگەڵ هاتنی داعش و پەلاماردانی کوردستان، تەواوی ئەندام و کادیران و سەرکردایەتی پارتیمان خۆبەخشانە ڕوویان لەبەرەکانی شەڕ کردوو بوونە هاوکاروپاڵپشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و دەزگا ئەمنیەکان و ژمارەیەکیشیان شەهید و برینداربوون، جێی خۆیەتی ئەم هەڵوێستەی هەڤاڵانمان بەرز بنرخێنین، هەروەکو لەو ڕەوشە نالەبارەی دارایی کە تەواوی خەڵکی کوردستان توشی بووە کاریگەری ڕاستەوخۆشی کردۆتە سەر هەڤاڵانمان و ئۆرگانەکانمان، کە بەخۆڕاگری و هەست بە بەرپرسیاریەتی ڕەفتاریان کردووە و واقیعی ئێستای کوردستانیان وەکو هەیە خوێندووەتەوە و لەبەرچاویان گرتووە و بەردەوام لەهەوڵی پاراستنی یەکڕیزی و تەبایدان کە لەئاکامدا ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەپارێزێ، بۆیە لەو ڕووەوە سوپاس دەکرێن.
ئەمانە و پرسی دەستوور و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان وەکو پرسی هەموو گەلی کوردستان گفتوگۆیان لەسەر کرا لەگەڵ چەند بابەتێکی دیکەی ناوخۆیی تاوتوێکران و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.
بژی کورد بژی کوردستان..
ئەنجوومەنی سەرکردایەتی
پارتیی دیموکراتی کوردستان
12ی نیسانی 2015