راگەیاندنی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیێندراوی کۆبوونەوەکەی بڵاوکردەوەو چەند خاڵێکی خستووەتەڕوو کە بەشدارانی کۆبوونەوەکە کۆک بوون لەسەری، کە ئەمانەن:
1- لەگەڵ پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەناردەکردنی بڕی پێویستی نەوت بەگوێرەی ڕێککەوتننامەکە و یاسای بودجەی ساڵی 2015، بە داخەوە لەبەرامبەردا حکومەتی فیدرال پابەند نەبووە بە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان. ئەمەش لە کاتێکدا کە بارقورسییەکی زۆر کەوتووەتە ئەستۆی دارایی هەرێمی کوردستان بە هۆی بڕینی بەشە بودجەی ساڵی 2014 و شەڕی دژی تیرۆر و بوونی زیاتر لە ملیۆنێک و پێنجسەد هەزار ئاوارە و پەنابەر و دەرهاویشتەکانی کە لە لایەن حکومەتی فیدرالەوه، بەهەند وەرنەگیراوه.
2- کۆبوونەوە جەختی کردەوە لەسەر بەردەوامبوون بۆ چارەسەرکردنی کێشە و پرسەکان لەڕێگەی گفتوگۆکردن و دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدرال.
3- حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕێککەوتنەکه و بە یاسای بودجەی ساڵی 2015ی عێراقی فیدرالەوە پابەند دەبێت، بەڵام ئەگەر دیالۆگ و دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی فیدرال نەگەیشتە ئەنجام و حکومەتی فیدرال هەر سوور بوو لەسەر پێشێلکردنی یاسای بودجە و شایسته داراییەکانی هەرێمی کوردستانی نەنارد، ئەوا حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتبەست بە بڕگەی 3 لە ماددەی 11ی یاسای بودجەی ساڵی 2015 و بەپێی یاسای ژمارە 5ی ساڵی 2013ی پەرلەمانی کوردستان، ڕێگەچارەی دیکە دەگرێتە بەر بۆ دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ هەرێمی کوردستان.
4- کۆبوونەوە داوا لە حکومەتی فیدرالی دەکات کە بەپێی بەرنامە سیاسییەکەی، چارەسەری گرفت و کێشەکانی نێوان حکومەتی فیدرال و هەرێم بکات و پابەند بێت بە دەستوور و یاسا کارپێکراوەکانەوە.
13-05-2015
This item has been written in (کوردیی ناوەڕاست) language, click on icon
to open the item in the original language!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
This item has been viewed 9,362 times
Write your comment about this item!