گا لە ئیدیۆمی کوردەواریدا
گا: گۆلکە نێر کە تەمەنی دەبێتە سێ ساڵ پێی دەوترێت: گا، گا بە هیزترین کاراکتەری ناو کێڵگەی وەرزێر و جوتیار و ئاغا و دەرەبەگی کورد بووە، بۆیە بەردەوام جێی چاوتێبرێن و قسەوباس بوون، ئەوەی گاجووتی زۆر بووایە دەوڵەمەندتر و دیارتر و قۆناغ گەورەتر دەهاتە بەرچاو، ئەمەش وایکردووە لە کوردەواریدا چەندین ئیدیۆم لەسەر گا دروست بێت و لەسەر زاران بوترێت: گام له و گێرەیدا نییە یان گام له و جوتەی نيه، واتە: هیچ بەرژەوەندییەکەم له و بابەت و مەسەلەیە نییە کەباس دەکرێت و خۆم ناکەم بەلایەنگر و دۆستی لایەنێک چونکە هیچ خێرم دەستناکەوێت، کەسێکی بەتەمەن و گەورە بچێتە ناو منداڵانەوە دەوترێت: گای ناو گۆڵکانە، بۆ کەسێک هەموو کارێک بە نێرەکەری بکات دەوترێت: کەڵەگایە، کەسێکی مرچ و مۆن و دەم وچاو گرژ و بەد فەساڵ و بەدکار دەوترێت: گای بووغەیە، کەسێکی تێکچەقیوو و تەمبەڵ و لە جێوە بخوات و کارنەکات دەوترێت: گای بنەیە، بە مرۆڤێکی بەتەمەنی پەککەوتوو وتراوە: گای پیر، بۆ شتی ئاشکرا و دیار و بێ نهێنی وتراوە: گای قەش، ئه و گایەی جوتی پێکراوە پێی وتراوە: گاجووت هەندێجار بۆ گوزارشتی بەهێزی و پڕ وزە و توانای مرۆڤیش دەوترێت: دەڵێی گای جووتە، بەکەسی تێروپڕی سەرشێت و سەرکێشیش دەوترێت: دەڵێی گای شێتە.
مانگا کە بەکەڵ دێت، پێویستە گای بخوا، واتە: گای بپەڕێتێ، ئینجا ئه و حاڵە لە ئیدیۆمی کوردەواریدا شوێنی بۆ کراوەتەوە، لە دوو حاڵەتدا بەکاردەهێنرێت، حاڵەتی یەکەم بۆ کیژێکی هاروهاج و حەز لەمێرد و بە جوڵە و بزاوت و هۆڕمۆنەکانی هەندێ جوڵەی نائاسایی پێ ئەنجام بدەن، کورد پێی دەڵێت: بە گا هاتووە، حاڵەتی دووەمیش: کاتێک زەوی لە ماوەی زستان بارانێکی زۆری بەردەکەوێت تەواو پاراو و ڕەباس دەبێت، ئەگەر بچیە ناو زەوییەکە پێت لە قوڕ و قوڕە لیتە گیر دەبێت، دەوترێت: زەوییەکە زاوەتەوە-زایتەوە، بەڵام لە دوای مانگی خاکەلێوە و سەرەتای مانگی گوڵان، ئەوەی ئاوەی کە وەریگرتووە وردە وردە کزر دەبێتەوە، قوڕ و چڵپاو و لیتەی نامێنێت و لەبار دەبێت بۆ کێڵان بەوە دەوترێت: زەوییەکە بە گا هاتووە، واتە: لە بارە بۆ ئەوەی بە گاجووتەکان بکێڵرێت.
لە کوردیپێدیادا چەندین ئیدیۆم لە سەر(گا) شیکراوەتەوە وەکو: #سواری گای هار بووە#، #گای گوی نەکات#، گای بەگونی دەناسێت، گای حەوت ئاخوڕە، #لە گای گەڵناغاج و سەگی ساتوقەڵا و ژنی قەرەناو بترسه#.[1]
Kurdipedia is not responsible for the content of this item. We recorded it for archival purposes.
This item has been written in (کوردیی ناوەڕاست) language, click on icon
to open the item in the original language!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
This item has been viewed 2,264 times
Write your comment about this item!