#مانناییەکان#/ #ماناییەکان# کێن؟
مانناییەکان دەوڵەتێکی تری کورد لە پێش زاییندا مانناییەکان یەکێک لە پێکهاتە کۆنەکانی کوردن کە نیشتەجێی زنجیرە چیاکانی زاگرۆس و پێدەشتەکانی بوون، نزیکەی 900 ساڵ پێش زایین لە دەشتی باشووری دەریاچەی #ورمێ# لە دەڤەری (#سابڵاغ#/ #مەهاباد#)، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە ڕێککەوتنی هەموو هۆزەکانی ناوچەکە دەسەڵاتی خۆیان ڕاگەیاند.
مەبەستی سەرەکی درووستکردنی یەکێتیی نێوان هۆزەکانی ئەم دەڤەرە، یەکگرتوویی و بەهێزبوونیان بوو لە بەرانبەر هێرش و پەلاماری هێزەکانی دەوروبەر کە دەیانکردە سەر ناوچەکانیان، دیاریکردنی ناوچەی دەسەڵاتداری مانناییەکان تا ئاستێک کێشەیە، لەبەرئەوەی زۆرجار بەربەرەکانێ هەبووە لە نێوان ماننا و #ئاشوور# و #ئورارتو#، بۆیە ناوچەکانیان جێگیر نەبووە. زۆر جار ناوچەکانیان لە فراوانبوون و تەسکبوونەوەدا بووە، بەڵام بە شێوازێکی گشتی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی مانناییەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی میزۆپۆتامیا تا ئازەربایجانی ئەمڕۆی لەخۆ گرتووە.
لە کاتی لاوازبوونی ئورارتو و بێهێزی دەسەاڵتی ئاشوورییەکان کە دراوسێی ماننا بوون توانیان دەسەڵاتیان بەرەو ناوچەی ئاشوور و ئورارتو فراوان بکەن.
لە هەندێ سەرچاوە مێژووییەکان ناوچەی دەسەڵاتداری ماننا بۆ دوو بەش دابەشکراوە: یەکەم، ناوچەی (مانیای تەواو Proper Mannea) کە شوێنی دەسەڵاتداری هەمیشەییان بوو، دووەم، (مانیای گەورە Mannea Great) کە لە کاتی بەهێزی مانناییەکان دەخرایە ژێر دەسەڵاتیان و مانیا تەواو گەورەتر دەبوو. پایتەختی مانناییەکان شاری (ئیزیرتو) بووە لە نزیک شاری مەهاباد و #سەقز#ی ئێستا، بەڵام هێشتا شوێنەوارەکانی نەدۆزراونەتەوە، دەوڵەتی ماننا کۆمەڵێک ناوچەی سەرەکی لەژێر دەستدا بوو، لەوانە: زیرتە zirta، ناوچەی زێوەی ئەمڕۆ zibiya، ئەرمێتە Armeta، سەنها sanha، شمێری shimeri و... تاد.
ناو و ڕەگەزی مانناییەکان
لەبارەی مانای ناوی مانی، یان ماننا، دەتوانین بڵێین ئەم وشەیە کوردییە و لە زمانی کوردی ئێستاش مانای هەیە و بەکاردێت، وشەی (ماننا) لە زمانی میدیدا بە واتای هزر و هۆش دێت و لە زمانی کوردی وشەی (مینە) مانای توێژینەوە و پشکنین و گەڕان دەدات و (ماننا) بە واتای لێکدانەوەی شتێک، یان واتایەکی ڕوونتر دێت و پێدەچێت مانای ناوەکە خاوەن هزر و هۆش و زانایی بێت.
یەکەمجار لە ساڵی 843 پێش زایین لە سەرچاوە ئاشوورییەکان ئاماژە بە ناو و خاکی (مات مەنای mannai mat) کراوە کە مەبەست مانناییەکانن و هەندێ جاریش بە (مونا، مانناس و ماننا) هاتووە. لە سەرچاوە ئورارتوییەکان بە (مانانا mannane / مێنا mina) و لە تەورات مەملەکەتەکەیان بە (مینی mini) باس کراوە و لە سەرچاوە (ئەکەدییەکان) بە (مانای کانو) لای بابلییەکان (مینی)یان پێ گوتراوە.
لەبارەی تیرەی مانییەکان، ئێمە ناتوانین ڕەگەزێکی تایبەت بۆ ئەوان دیاری بکەین، ئەویش لەبەر نزیکی و تێکەڵ بوونی زۆربەی نەسلە کۆنە کوردییەکان لەو ناوچەیە، بۆیە زۆرجار ماناییەکان بە هوری و کاشی و گوتی، باسیان لێوەکراوە، بەڵام ئەوەی نابێت فەرامۆش بکرێت ئەوەیە کە (ماننا) ناوی میللەت نەبووە، بەڵکو ناوی بنەماڵەی حوکمڕانی ئەو ناوچەیە بووە.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]
Kurdipedia is not responsible for the content of this item. We recorded it for archival purposes.
This item has been written in (کوردیی ناوەڕاست) language, click on icon

to open the item in the original language!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی

بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
This item has been viewed 1,757 times
Write your comment about this item!