$لەنێوان پاککردنەوەی سۆشیال میدیا و ژنهێنانەکەی عەلی باپیردا$
نووسینی: #ئیدریس مستەفا#
$یەکەم:$ دوو سێ ڕۆژە کەمپینێک بەڕێخراوە بۆ پاککردنەوەی سۆشیال میدیا لە جوێن و سوکایەتی. هەموو هاوڕێان و دۆستانی من دەزانن کە ڕکابەریکی سەرسەختی ئەوەم جنێو و سوکایەتی لە نووسیندا هەبێ. بەڵام؛ ئەم کەمپینە مەحکومە بە زۆر لایەنی تەکنیکی و ئیداری و قانونی و مۆراڵی و سیاسی و فەرهەنگی و کەلتوریەوە. من هەندێک لەوانە دەناسم کە لەم کەمپینەدا کەسانی گەلێک پاک و باشن بەڵام ئایا لە بنەرەتدا کێ بەڕێیخستووە و مەرامەکە چییە ئەوە ئەسڵی مەسەلەکەیە. یەمەکین شت ئەوەیە مەبەست لە (جنێو) یانی چی یاخود (سوکایەتی) یان چی! لە ڕووی فەرهەنگیەوە قسە زۆر هەڵدەگرێ بەڵام تەنیا ئەوە دەلێم کە ئەوەی جنێو دەدات مەرج نییە خراپ بێت بەڵکوو هەموان دەزانین زۆربەی جنێوەکانی سۆشیال میدیای ئێمە بەتایبەت لەسەر وەزعی سیاسی ڕوو بە دەسەڵات و یاوەرەکانی و گەندەڵیەکانە دەرئەنجامەکەی توڕەییە لەو بارودۆخە. جا هەیە ئاوها دەری دەبڕێ و ئێمە دەتوانین بڵێین ئەوە هەڵەیە و بەس نەک بیانخەینە قەفەسی تۆماتباریەوە جا ئەو تۆمەتباریە لە هەر شێوەیەکیدابێ.
لە ڕویی تەمیکی و میدیایی و ئیداریەوە ئەستەمە ڕێ لە خەڵک بگری لەوەی نەتوانێ جنێو بدات. گریمان جوێنی دا قابیلە چی لێدەکەی. مەحکەمەی بۆ دادەنێی؟ دەیکەی بە قانون؟ ئایا قانون هەیە لە وڵاتی ئێمە؟ گریمان بوو بە یاسا ئایا خەڵک بەند دەکرێ؟ سزا دەدرێ؟ سزاکەی چۆنە و چەندە؟ ئایا بەندیخانەی تایبەت نابێ هەبێ بۆ ئەو کەسانە؟ و ..هتد. ئەوە کردارە ناشیرین و ناشایستەکانن وشەی ناشیرین و ناشایستە درووست دەکەن، ئەگەرنا هیچ کەس لە خۆیەوە جنێو نادات مەگەر بڵێم چی.
ئەوەی کە بازاڕی جنێودان گەرم دەکات ئەو کەسانە نین کە جنێوەکان دەدەن بەڵکوو ئەوانەن کە هۆکاری بارودۆخەکەن. جنێودان و توڕەیی حاڵەتێکی ئینسانیە و ژینگە و ڕەوشە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان بەرزی و نزمیەکانی دیاری دەکەن. ئەوەی کەسێک گەندەڵە یاخود موچەی بندیواری هەیە بە خۆی و خاووخێزانەوە، یاخود میدیاکارێکی خۆفرۆشە تەنیا بۆ پارە یاخود نووسەرێکە چەندان موچە وەدەگرێ یان زۆری چەندان دەفتەری وەردەگرن و ..هتد ئایا گەر کەسێک قسە لەسەر ئەمانە بکات یاخود وشەی گەندەڵی و تاڵانی و خۆفرۆشی و چی و چی بەکاربهێنێ ئیتر ئەوە پیسە و ئەوەی بەکاری ناهێنی پاک و بێگەردە. ئیا دەکرێ تۆ بە نووسەرێک یا کەسێک بڵێی کاکە گیان تۆ خۆت و خێزان بۆ موچەی عەقیدی و وەزیری و ئەندام پەڕڵەمانتاری وەردەگری و خەڵکی تریش گیرفانیان سەوزەلە خانم دەڵێ، ئەمە بە ئیهانە دابنرێ یاخود بچی بیدەیتە دادگا و داوای پاکانەی لێ بکەی وەک ئەوەی بەرانبەر کامیار سابیر کردیان. من دژی هەر قسەیەکی ناخۆشم بەڵام گرتنی هەر کەسێک لەسەر جنێو و قسەی نەشیاو نەک ئەوپەڕی بێ مۆراڵیە بگرە نیشانەی تاوانباری ئەو کەسەیە لەو بابەتەدا.
وشەی نەشیاو لای من تەنیا ئەوەیە کە جنێوی شەخسی و هێرش و بابەتی شەخسی تیدا نەبێ ئەگەرنا لەسەر کارەکەی و شوێنگەکەی و موچەکەی و ماڵ و حاڵەکەی گرنگ پرسیار بکرێ ئەمە یانی چی، ئەگەر ئەو کەسە خۆی ڕادا و بادا بە ناوی ئینسانی و داد و ناداد و دژە گەندەڵیەوە.
سۆشیال میدیا ناوەکەی بەخۆیەوەیەتی و ناتوانرێ کۆنترۆڵ بکرێ و قانون بۆ خەڵک دابنێی و گەر ئەوەش کرا ئەوا دەبێتە مەهزەلەیەک لەو گۆڕەی.
تەنیا چارەسەر ئەوەیە هەر کەسە لە کۆنتاکتی خۆیدا داوابکات یاخود ئەو کەسانە لابدات کە وشەی جنێو و نەشیاو بەکاردەهێنن.
ئەگەر بەو هزرە بێت ئەوا شێخ ڕەزا و قانع و ئەوانی تریش دەبێ بچنە ژێر فیلتەری پاک و تەمیزی نووسین و فەرهەنگەوە.
$دووەم:$ ئەمە دەمانبات بۆ دیاردەیەکی وەک ئەوەی ئەمڕۆی ژنهێنانی چوارەمی عەلی باپیر و ئەو هاوەڵانەشی کە پیرۆزبایی لێدەکەن و بۆی دادەپۆشن وەک ئەبوبەکر هەڵەدەنی. ئایا لە بەرانبەر دیاردەیەکی ئاوها ناشیریندا گەر وشەی ناشیرین و ناخۆش بەکاربێت، مەعقوڵە ئەو کەسە بچێتە ژێر پرسیاری قانونی و میدیایی و مۆراڵیەوە؟
ئایا پەڕڵەمانێک کە لیژنەی تایبەتی هەیە بە مافی ژنان و ڕێکخراوەکانی تری ژنان کە داکۆکی لە مافی ژنان دەکەن بۆ هیچ قسەیەک ناکەن لەم بارەیەوە. بەتایبەت ئەو قسەیەی هاوەڵە سیاسیەکەی وەک عەبدولستار مەجید کردی کە گوایە کچێکیان پێ بەخشیوە. گەر جوڵەی ژنان و قەوارەکانی ژنان و ڕەوتی ڕۆشنبیری بە هزر و هەڵویست وجودیان هەبێ دەبوو تەنیا لەسەر ئەو قسەیە و پیرۆزباییەکەی ئەبوبەکر هەڵەدەنی و وەک بیستم سەرۆکی حکومەتیش پیرۆزبایی لێکردووە، دەبوو دنیایان بهێنایاتە دەنگ؛ بەڵام دیارە ئەو کۆمەڵەگەیە داغان کراوە، لە لایەک گەندەڵی پوڵ و پارەی ڕەهای یەکێتی و پارتی و لە لایەکی تریش گەندەڵی کەلتوری ئیسلامیەکان وڵاتیان بەرەو هزر داخستن بردووە بەوەی کە خەڵک هەیە دەڵێ یان گەنجێکە کە خۆی ناتوانێ یەک ژن بهێنێ کەچی دەڵێ هەقی خۆیەتی حەڵاڵە و لە بێ ئەخلاقی لابەلای مەسئولەکان باشترە. دیارە بێ ڕەوشتی هەر بێرەوشتیە گەر بە ئەمری زەوی بێ یان بە بڕوبیانووەکانی ئاسمان. [1]