ناونیشان: بۆ ڕووخاندنی دەسەڵات دنگبدەن بە نەوەی نوێ!
نووسەر: #ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ڕۆژی دەرچوون: #06-08-2023#
سیستمەکانی بەڕێوەبردن هۆکاری سەرەکی درووستبوونی شۆڕشەکانن. شۆڕش کردەیەکی ئانییە، بە پێچەوانەی قسەکانی خاوەنەکەی نەوەی نوێ و جۆلانێکەی چاڤیلاند کە جارجارە بە دەنگێکی نیمچە زیقن دەڵێت وەرن شوێنم کەون شۆڕشتان بۆ دەکەم، شۆڕش هەرگیز کەسێک هەڵناستێت بە ئەنجامدانی، بەڵکوو کردەیەکی ئانییە خۆبەخۆ کڵپە دەکات و سیستم قڵپ دەکاتەوە. دەشێت لایەنێک یا کەسێک سواری شەپۆلەکەی ببێت وەک ڕامکردنی ئەسپێکی سەرکەش بیهێنێتە ژێر بار و هەلەکە بقۆزێتەوە، ئاڕاستەی بکات و لێی بخوات بەڵام بە دڵنیایی شۆڕش کردەیەکە خۆبەخۆ هەڵدەئایسێت و کەسێکی دیاریکراو هەڵناسێ بە ئەنجامدانی. شۆڕش درووستدەبێت، درووستناکرێت.
گەندەڵترین و دزترین فاسیدترین سیاسیی کوردستان بکە بەفەرمانڕەوای وڵاتێکی وەک فیلەندا ناتوانت دز بێت، لەلایەکی دیکەوە سەرڕاستترین وڕاستگۆترین سیاسی ڕۆژاواییش بهێنەرە کوردستان حوکم بکات ناتوانێت گەندەڵ و دز نەبێت. هۆکاری ئەمە دیارە کلتور و سیتسمی بەڕێوەبردنە نەوەک جێگۆڕکێی کەسایەتی سیاسیی و گۆڕینی فڵان بە فیسار.
حاکم و کاربەدەستان هۆکاری سەرەکی درووستبوونی شۆڕشە خوێناوییەکانی مێژوون. هیچ شۆڕشک نییە لەم دونیایەدا توانیبێتی عەدالەت و چاکسازیی و دیموکراسیی بەدوای خۆیدا بهێنێت. ئەوەی شۆڕش پێویستیی پێی هەیە تۆپەڵێک ڕق و قین عاتیفەی شێلدراوە بە ناعەدالەتی و ستەم، یەکەمین شریقەی ئەم تەقینەوەیەش فراوانبوونی مەودای نێوان چینەکان دەیتەقێنێتەوە. کاتێک چینێکی کەم لەئاسمان خودایەتیی بکات و زۆرینەی ڕەهاش لە چاڵ و دەهلیزە تاریکەکانی ژیاندا ڕێگای لی ون بووبێت و نەتوانێت مشتێ لە تینی خۆر بەکرێ بگرێ بۆ ڕووناککردنەوەی تاریکیی ژیانی، جگە لە شۆڕش نابێت چاوەڕێی هیچی دیکە بکەین.
هیچ یەکێک لە شۆڕشەکانی مێژوو پێویستیان بە لۆژیک و عەقڵ نەبووە و ناشیانبێت. ئەو وێرانەیەی گڕو کڵپەو عاتیفەیەک سەرڕێ دەخات بە عەقڵی دەیان فەیلەسوف سەرڕێ ناخرێت، دیارە شۆڕشیش پێویستی بە وێرانە و بێ سیستمی و فەوزا و کەیئۆسە ، زۆری دەوێت تا شۆڕشگێڕان دێنەوە هۆش خۆیان و بە زوبانی حاڵ و قاڵیش ئیقراری ئەوە دەکەن کە ئەوەی ئەمان کردویانە دیکتاتۆر و زاڵمەکەی پێش ئەمان نەیتوانیوە بیکات: ئەوەی ئێمە کردمان #بەعس# نەیکرد؛ دانپێدانانی جێگری سەرۆکی هەرێم جەعفەر مستەفا بوو. گۆڕینی دیکتاتۆرێکی پۆستاڵ لەپێ بە دیکتاتۆرێکی کڵاش لەپێ و دیکتاتۆرێکی خاوەن کورسی بە دیکتاتۆرێکی خاوەن جۆلانێ و کورسی بەکورسی چارەسەر نییە.
لە سیستمە دیکتاتۆر و داپڵۆسێنەرەکاندا هیچ ئەگەرێکی چاکسازیی نییە. چاکسازیی لە هەموو بارێکدا دەبێتە هۆی بڵێسەسەندنی گڕی شۆڕش و تارومارکردنی پێکەوەیی تەڕ و وشک.
چاوەڕوانی درووستبوونی ئۆپۆزسیۆنی چالاک و ڕاستەقینە لە سیستمە تاکنەفەری و تۆتالیتارەکاندا وەک چاوەڕوانی شیری چەوری بزنە نێرە. ئۆپۆزسیۆن لە سیستمی دیموکراسیی باش و خاوەن دادگای عەدالەتخوازی بێلایەن بۆ ڕێگریکردنە لە گۆڕین و چاکسازییکردن بە شۆڕش و ڕژاندنی خوێن نەوەک بۆ کورسی و دیزەبەدەرخۆنەی سەفەقاتی پشک و قەرز و کرێ و باجەکان. زۆری ویستووە تا عەقڵی ئێمە بەوە ڕابێت گۆڕینی سوڵتانێک بە سوڵتانێکی دیکە شایەک بەشایەکی دیکە بە خوێن و لە ڕێگەی پەڕاندنی کاسەی سەرەوە نەبێت، ئەمە گەشەسەندوویی مرۆڤ دەردەخا لەمڕۆدا.
بە پێچەوانەوە لە سیستمە دیموکراتەکاندا هیچ ئەگەر و شیمانە و پۆتەنسیەلێک نییە بۆ شۆڕش، هەموو ئەگەرێکی شۆڕش بە قازانجی سیستمەکە و بە چاکسازیی بۆ کۆی سیستمەکە و خەڵک کۆتایی دێت، هەروەک چۆن لە سیتسمە خراپ و ئنیدۆلۆژی و تاکڕەو و ملهوڕەکاندا هەموو ئەگەرێکی چاکسازی بە قڵپکردنەوە و ڕژانی خوێن و بێ سیستمی کۆتایی دێت.
قسەکەی من لێرەدا لەسەر زیقنی و ترسنۆکی و زەبوونی و بێ ڕوئیایی و پرۆکسییبوون و عەقڵ لاوازیی ئۆپۆزسیۆن نییە بەگشتی، خاوەنی نەوەی نوێ بەرجەستەکار و ئارکیتایپی مۆدڵی ئۆپۆزسیۆنە لەم وڵاتەی ئێمەدا ، قسەکە لەسەر دەسەڵاتێکی بێباکە بەرانبەر داهاتووی خۆی. یەکێک لە ناشیرینترین کارەکانی دەسەڵات و سستمی حوکمڕانی لەم وڵاتەدا ئەوەیە بەردەوام ئۆپۆزسیۆنێکی لەخۆی ناشیرینتر و گەڕوگولترمان پێشکەش دەکات.
دەبوو دەسەڵات بۆ مانەوەی خۆشی بێت دەیان حیزب و دوکانی سیاسیی جیاواز لەخۆی بکاتەوە کە تەرویج بە ئارگیومێنتی ئۆپۆزسیۆنبوون بدەن، لەکاتی تەنگانەدا هەڵوێستی ڕادیکاڵی لە دژ بنوێنێن، بۆ ئیدامەدان بە مانەوەی خۆی و درووستنەبوونی شۆڕش و قڵپنەکردنەوەی سیستمەکە بەسەریدا نەڕژاندنی خوێن، جاروبار بە جۆرێک دژی خۆی و هەڵوێستەکانی بیانجوڵێنێت کە هەڵوێستمان لێ دین، وەک ئێستا نەدەین لە قاقای پێکەنین و منداڵی بێشکەکەش نەڵێت ئەمە پیاوی خۆیانە.
شای ئێران لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا دەقیق وەک دەسەڵاتی کوردی بێباکانە دەجوڵایەوە، لە کۆتاییدا هەرئەو سیستمە لێبوکییە سەری خۆی و خێزانەکەی خوارد.
کاری ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە چاوڕەوانیکردنی هەڵەی گەورەیە لەدەسەڵات بۆ ئەوەی بەیەکجار خۆی ببێتە بەدیلی و لەبەرژەوەندی خۆی یارییە سیاسییەکە کۆتایی پێبهێنێت، نەک بە زمانێکی بازاڕی بێت باسی نەقیزە و دابەشکردنی ئاو و نەوت و بەنزین بکات لەکاتێکدا دابەشکردنی پشکەکانی بزنسەکەی خۆی وەک نوکتەش تەماشا ناکات.
کارێ ئۆپۆزسیۆن لەلایەک وەک کاری ئەو ڕاوچییە وایە قەرەوڵ لە دژی نێچیرەکەی دەگرێتەوە، لەکاتی گونجاودا دەبێت جوڵەی گونجاو بکات لەلایەکی دیکەشەوە لە دۆخی ئاساییدا وەک کارگەی وەرگرتن و پاشان ئاڕاستەکردنی توڕەیی و خەشم و تەقینەوەی جەماورە کاردەکات بۆ لاوازکردی دەسەڵات. نەوەک نەقیزەیەکی پێبێت هەرکە باڵۆنی تۆڕەیی جەماوەر گەورە بوو ئەم بێت تێیژەنێت و بیتەقێنێت. لە ئێستادا کاری نەقیزەکەی کابرا لەمە زیاتر نییە.هەرچەندە پێم وایە لە دوای وشەی جاش، ناشیرینترین و پووچترین وشەیەک کە هاتبێتە فەرهەنگی سیاسیی ئێمەوە ئەم وشە بازاڕییەیە کە بە تەواوی دەلالەت لە لاوازی بوونیادی کەسێتی داهێنەرەکەی دەکات.
ئەوەی جێی داخە ئێمە دەبینین دەسەڵات فەلەت لەسەر فەلەت دەدا بەدەستەوە، نەک هەر فەلەت ئاو و خاک و پارە و نەوت و جەوت و مەوتیش دەدات بەدەستەوە بەڵام بەشێکی ئۆپۆزسیۆن پەیامی هاوخەمی و هاوهەڵوێستیی بۆ دەسەڵات دەردەبڕێت، بەشێکی دیکەی بە جۆرێک نوتقی لەخۆی بڕیوە بەقەولی خۆیان نەقیزەشیان تێژەنیت دەم ناکەنەوە، بەشێکی دیکەی دەڵێت وەرن با بەهەوای شان لە پارکی ئازادی دەمەوعەسرێک شۆڕش بکەین. لەڕابردوودا دیمان کە چۆن ئەم جۆرە سەودایە سەری ئۆپۆزسیۆنی پێشووی خوارد، بەڵام من پێم وایە لاوازی ئۆپۆزسیۆن ئەم جارە سەری دەسەڵات خۆی دەخوات چونکە کەس نییە نەزانێت بۆچی ئەم برادەرە سێسەد هەزار دەنگ دێنێت بەڵام سێ سەد کەسێ لە پارکی ئازادی بۆچی پێ کۆناکرێتەوە! [1]