ناونیشانی بابەت: باران
ناوی نووسەر: #دونیا پوشۆ مستەفا#
بەرەبەری خۆراوا بوون بوو لە پڕ باران دەستی پێ کرد خەڵکەکە بەپەلە دەگەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان لەوبەری شەقامەکەوە لەژێر چەتری پاکەت فرۆشەکەوە منداڵە بچووکەکە دەیویست بچێتە ژێر باران و یاری بکات بەڵام دایکی توند دەستەکانی گرتبوو پێی دەوت: کوڕەکەم مەڕۆ با تەڕ نەبیت و نەخۆش بکەویت ئەو کات ناچاردەبم بتبەم بۆ دکتۆر و دەرزیت لێ بدات، ڕاستە منداڵان لەدەرزی دەترسن هۆکارێکی باشە بۆ ترساندنیان.
لە بەرانبەرمەوە پیاوێکی پیر کە گۆچانێک بەدەستییەوە بوو پشتی چەمابوو هەروەکوو گۆچانەکەی ئایا لەو دوو هاوڕێیەتییە بەتینتر هەیە کە هەردووکیان دەستی یەکتریان گرتووە و بەری نادەن، ڕەنگی قژە سپییەکەی بەفری سارد و سڕی زستانی خستمەوە یاد کە خەڵک لێی ڕادەکەن، لە ڕوخسارە خامۆشەکەی و هەنگاوە لەرزۆکەکانی بەدیم کرد سیما و عومرێکی پڕ حەسرەت و زەحمەت کێشان.
گەنجێکی تر لەلایەکی پردی شەقامەکەوە وەستابوو چاوەکانی داخستبوو هەردوو دەستەکانی واڵاکردبوو وەک ئەوەی بیەوێ بفڕێت، باوەشی بۆ باران کردبوویەوە وەک ئەوە وابوو دەردە دڵی لەگەڵدا بکات.
لێرەدا پرسیارێک بە مێشکم داهات منداڵەکە نەیدەزانی کە باران دەبێتە هۆی نەخۆش خستنی هەر لەبەر ئەوە ڕایدەکردە ژێر بارانەکە، هەرچی پیاوە پیرەکە بوو دەیزانی کە بارانەکە دەبێتە هۆی نەخۆش خستنی، بەڵام نەیدەتوانێت ڕێ بکات، هەرچی گەنجەکەیە هەم دەیزانی هەم توانای هەبوو ڕێ بکات کەچی هەر وەستابوو، بیرم کردەوە ژیان هاوشێوەیە لەگەڵ باران هەندێکمان لێی ڕادەکەین، هەندێکمان بەرەو ڕووی دەڕۆین، هەندێکێشمان دەوەستین تاوەکوو باوەشێکی پر موحیبەتمان لێ بدات کەچی ژیان ناوەستێ وەکوو باران دەڕوات هیچ کات لە هیچ شوێنێک و بۆ هیچ کەسێک ناوەستێ. [1]
Kurdipedia is not responsible for the content of this item. We recorded it for archival purposes.
This item has been written in (کوردیی ناوەڕاست) language, click on icon
to open the item in the original language!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
This item has been viewed 34 times
Write your comment about this item!