کۆبوونەوەکەی سەرۆک بارزانی و ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدی، لەنێو خەڵک و سیاسەتڤانانی کوردستان دەنگدانەوەی هەبوو. لەیلا زانا دەڵێت: هیواتان بە گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەورەتر کرد و عوسمان بایدەمیریش نووسیویەتی: ماڵتان هەزار جار ئاوابێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، #16-01-2025# ، ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبووەوە.
#لەیلا زانا# ، ژنە سیاسەتڤانی باکووری کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: سوپاستان دەکەم.. پیرۆز و بەردەوام بێت! پێکەوەژیانی گەلان پێوەری ئێمەیە. هیواتان بە گەلانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەورەتر کرد.
هەروەها #عوسمان بایدەمیر# ، پەڕڵەمانتاری پێشووی هەدەپە و سیاسەتڤان نووسیویەتی: پیرۆز بێت.. ئەمە داواکاریی ملیۆنان کوردستانی بوو.. ماڵتان هەزار جار ئاوا بێت.. هیوامان ئەوەیە کە ئەمە بەردەوام بێت و دەرگای خێر بکاتەوە.
ئەم سەردانەی ئەمڕۆ پێنجشەممەی مەزڵووم عەبدی، دوای سەردانێکی د. حەمید دەربەندی، نوێنەری سەرۆک بارزانی هات بۆ ڕۆژاوای کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵیدا، کە لەو کۆبوونەوەدا بەفەرمی بانگهێشتنامەی سەرۆک بارزانی بە فەرماندەی گشتیی هەسەدە گەیاند.
بارەگای بارزانی لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت: ئەمڕۆ سەرۆک بارزانی لە پیرمام پێشوازیی لە مەزڵووم عەبدی کردووە و جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە لایەنە کوردییەکانی سووریا لە پێناو زامنکردنی مافەکانیان بە یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی هاوبەش لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سووریا بگەنە ڕێککەوتن.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ی کانوونی دووەمی 2025، بارەگای بارزانی لە ڕاگەیێندراوێکدا وتی، لە پیرمام، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کرد.
بەگوێرەی بارەگای بارزانی، لەم دیدارەدا بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا و هەروەها چوارچێوەی گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنییەتی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا تاوتوێ کرا.[1]
Kurdipedia is not responsible for the content of this item. We recorded it for archival purposes.
This item has been written in (کوردیی ناوەڕاست) language, click on icon

to open the item in the original language!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی

بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
This item has been viewed 416 times
Write your comment about this item!