ئەمڕۆ بە شکۆدارييەوە یادی سی و چوار ساڵەى ڕاپەڕینی ئاداری
1991 دەکەینەوە. بەم بۆنەيەوە پیرۆزبایی لە خێزان و کەسوکارى سەربەرزى شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان و تەواوى گەلی کوردستان، بە هەموو پێکهاتەکانییەوە دەکەم.
ڕاپەڕين، وێستگەیەکی مێژوویی و چارەنووسساز و ويستى پۆڵایینی کوردستانييان بوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی دیکتاتۆرى و ستەمکاریدا. گەلى کوردستان بە باوەڕێکی پته و بە دادپەروەریی دۆزەکەی، يەکڕيز و یەکگرتوو، لەسەر بنەمای ئازادی، شکۆ و دادپەروەری، ڕاپەڕى و دەرگاى بە ڕووی داهاتوویەکی نوێدا کردەوە. بەرهەمی خەباتێکی دوور و درێژ و قوربانیدانی گەورەی پێشمەرگە و گەلى کوردستان بوو بەره و چەسپاندنی مافە ڕەواکانی لە عێراقی نوێدا.
فيدراڵى و دەستکەوتە دەستوورييەکان و ئامادەيى و کاريگەريى ئەمڕۆی کوردستان، بەری ئەم ڕاپەڕینە مەزنەن. بۆیە، پاراستنی دەستکەوتەکان و مسۆگەرکردنی مافی نەوەکانی داهاتوومان، بە یەکڕیزی، یەکگرتوویی و لێکگەیشتنى هەموو هێز و پێکهاتەکان دەکرێت. دۆخی هەرێمی و ئاڵنگارييە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، لە هەموومان دەخوازێت بە گیانی بەرپرسیاريەتيی هاوبەشەوە کار بکەین، لە وانەکانى ڕابردوو فێر ببین و بەرژەوەندیی گشتيی گەلەکەمان بپارێزين.
لەم بۆنە پيرۆزەدا جەخت دەکەينەوە کە بەردەوام دەبين لە کارکردن بۆ بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکانى ڕاپەڕین و خەباتی ئاشتییانە و دیپلۆماسی بۆ پاراستنی مافەکانی گەلی کوردستان. بۆ ئەوەى خواست و ئاواتەکانی کوردستانييان بۆ داهاتوویەکی باشتر و پێشکەوتن بەدیبهێنین، دەبێ بنەماکانی پێکەوەژیانی ئاشتییانە، بەهێزکردنی کولتووری يەکترقبووڵکردن، چەسپاندنی دیموکراسی و کاری هاوبەش بە گیانی بەرپرسیاريەتيی نیشتمانی پته و بکەين. هەمووان، نەوەى دواى ڕاپەڕين، نەوەکانى ئێستا و داهاتووش دەبێ بە پێزانين و سوودوەرگرتن لە ڕابردوو، بە بڕوا و ئومێدەوە بەره و داهاتوو هەنگاو بنێن.
سڵاو لە گيانى پاکى شەهیدانی ڕاپەڕین و هەموو شەهیدانی کوردستان.
هەر بەرز و شکۆدار بێت يادى ڕاپەڕين.
[1]
نێچیرڤان بارزانینێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
5ی ئاداری 2025
تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!