کاروان محەمەد سینۆ
ساڵی 1961 کاتێک #شۆڕشی ئەیلوول# بە سەرکردایەتی مەلا مستەفا بارزانی بەرپا بوو، سەرەڕای بچووکی تەمەنی، بەڵام #ئیدریس بارزانی# لەو شۆڕشەدا وەکوو پێشمەرگە و سەرکردەیەکی گەورە و بەتوانا لەنێو مەیدانی شۆڕشدا بووژایەوە و لێهاتووی و توانستەکانی کاک ئیدریس بارزانی لە بواری زانستی سەربازی و خەباتی پێشمەرگایەتی و دیپڵوماسییەت و ئیدارەدانی جەنگ و ئاشتی و خەبات، ڕۆژ دوای ڕۆژ بەهێزتر دەبوون، تا ئەو ڕادەیەی کە بەلێهاتوویی خۆی، کاک ئیدریس بارزانی توانی جێگای خۆی لەنێو دڵ و متمانەی مەلا مستەفا بارزانیدا بکاتەوە. لەم ڕووەوە جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی وەسفی کاک ئیدریس بارزانی دەکات و دەفەرموێ: دەتوانم بڵێم کاک ئیدریس وێنەیەکی پاک و بێگەردی بارزانی بوو، هەموو سیفاتی لەودا کۆ بووبوونەوە.
وەکوو پێشمەرگەیەکی چالاک و لێهاتوو، بە شیان و توانستەکانی خۆی، هەر زوو ئیدریس بارزانی لەنێو شۆڕشی ئەیلوول و پارتی دیموکراتی کوردستانداپێشکەوت و ڕۆژ دوای ڕۆژ ئەرکەکانی کاک ئیدریس زیاد و قورستر دەبوون. ساڵی 1961 لەبەر لێهاتووی کاک ئیدریس بارزانی جەنابی مەلا مستەفا بارزانی متمانەی بە کاک ئیدریس بارزانی کرد و ئەرک و کار و چالاکییەکانی شۆڕشی ئەیلوولی پێ ڕاسپارد. دواتر لە ساڵی 1962 سەرۆک مەسعود بارزانی لە گەلی بێخمە پەیوەندی بە بارەگای بارزانی کرد و بووە پێشمەرگەی کوردستان و لەپاڵ کاک ئیدریس بارزانی هەردووکیان قۆڵی پێشمەرگایەتییان لێ هەڵماڵی و هەردووکیان وەکوو پێشمەرگە، چالاکانە ئەرک و فەرمانەکانی جەنابی بارزانی و شۆڕش، بەوپەڕی بەرپرسێتییەوە ڕادەپەڕان و ڕۆژ دوای ڕۆژ وەکوو دووسەرکردەی لێهاتوو و شارەزا لە کاروباری شۆڕش و پێشمەرگایەتی و خەبات و دیپلۆماسییەت و دانووستان، هەردووکیان بوونە جێگای متمانەی بارزانی نەمر و هەر لەژێر چاودێری بارزانی کار و چالاکییەکانی شۆڕشیان جێبەجێ دەکرد.
=KTML_Bold=هەوڵی تیرۆر کردنی ئیدریس بارزانی=KTML_End=
بێشک جەنابی مەلامستەفا بارزانی و ئیدریس بارزانی و سەرۆک مەسعود بارزانی، لە دەسپێکی شۆڕشی ئەیلوولدا تەوەری سەرەکی و ستوونی سەرەکی شۆڕشی ئەیلوول بوون. بۆیە دوژمنانی کورد و شۆڕش و پارتی، هەردەم لە بۆسەدابوون کە بتوانن دەستیان بگات بە ژیانی ئەم سێ سەرکردە نیشتمانپەروەرانە. هەڵبەت مێژووی شۆڕش و خەباتی ئەم سێ سەرکردەیە، چیرۆکی هەوڵەکانی تیرۆرکردنی ئەم سێ سەرکردەیەمان بۆ دەگێڕێتەوە. بە بۆنەی 49 ساڵ ڕۆژی هەوڵی تیڕۆرکردنی ئیدریس بارزانی لە بەغدا، ئەمڕۆ کورتەیەک لە چۆنییەتی ئەم هەوڵە تیرۆرستیانەی سەر ژیانی ئیدریس بارزانی بۆ خوێنەرانی ڕۆژنامەی خەبات دەخەینەڕوو.
لە ڕێکەوتی #01-12-1970# بۆ بەدواداچوون و تاوتۆکردنی چۆنییەتی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی#11-03-1970# و بەتایبەتی چارەنووسی پێشمەرگە و پێکهێنانی هێزی زێرەڤانانی سنوور حرس الحدود لە پێشمەرگەکانی شۆڕشی ئەیلوول. ئیدریس بارزانی چووە بەغدا و چاوی کەوت بە ئەحمەد حەسەن بەکر سەرۆک کۆماری ئەوسای ئێراق و سەدام حسێن کە ئەو کات جێگری سەرۆک کۆمار بوو. ئیدریس بارزانی لەم سەردانەیدا بۆ بەغدا ژمارەیەک سەرکردەی پێشمەرگە و ئەفسەری لەگەڵدابوو، بڕیاربوو ئەم سەردانەی کاک ئیدریس بارزانی سێ ڕۆژ بخایێنێت. بەڵام دواتر کاک ئیدریس نامەیەکی بۆ جەنابی بارزانی و سەرۆک مەسعود بارزانی نارد و پێی ڕاگەیاندن کە ئەحمەد حەسەن بەکرد سەرۆک کۆماری ئێراق داوای لێکردووە کە ماوەی سەردانەکەی بۆ چەند ڕۆژێکی دیکە درێژ بکاتەوە. لەو دەمەدا شێخ بابۆ مامی کاک مەسعود و کاک ئیدریس لە سەردانێکدابوو لە ماڵی بارزانی نەمر لە حاجی ئۆمەران، شێخ بابۆ چاوەڕوانی گەڕانەوەی کاک ئیدریسی دەکرد بۆ ئەوەی لە حاجی ئۆمەرانەوە بەیەکەوە بگەڕێنەوە بارزان. لە 6ی کانوونی یەکەم کاک ئیدریس لە بەغدابوو، شێخ بابۆ لە کاک مەسعود بارزانی دەپرسێ: “دەتوانی بڕیاری ئیدریس بزانی، کەی دەگەڕێتەوە؟!، ئەگەر لە ماوەی سێ ڕۆژدا بگەڕێتەوە ئەوا من چاوەڕوانی دەکەم و ئەگەر زیاتر دەمێنێتەوە، ئەوا من بەتەنیا دەگەڕێمەوە بارزان”.
بۆ جێبەجێ کردنی خواستی شێخ بابۆ، سەرۆک مەسعود بارزانی بە تەڵەفۆن قسەی لەگەڵ کاک ئیدریس بارزانی کرد بۆ ئەوەی کاتی گەڕانەوەی بزانێت، بەڵام هێڵی پەیوەندی کردنی تەلەفۆن لە حاجی ئۆمەرانەوە بۆ بەغدا کز و لاواز بوو و سەرۆک مەسعود بارزانی نەیتوانی کاتی گەڕانەوەی کاک ئیدریس بزانێت. بۆیە سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ دەستکەوتنی کاتی گەڕانەوەی کاک ئیدریس، پەیوەندی بە شێخ ڕەزا گوڵانی کرد بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەو کاتی هەوڵیر، و پێی گوت: “هەوڵبدە تەلەفۆن لەگەڵ کاک ئیدریس بکەو پێی بڵێ مام بەپەلەیە بگەڕێتەوە بارزان، ئەگەر لە ماوەی سێ ڕۆژدا دەگەڕێتەوە ئەوە باشە، ئەگەرنا مام دەگەڕێتەوە بارزان”.
لێرەدا بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر شێخ ڕەزا گوڵانی وا تێگەیشت کە کاک مەسعود زۆر بەپێویستی دەزانێت کە کاک ئیدریس هەر ئێستا بگەڕێتەوە، و هەر ئەمەی بە کاک ئیدریس بارزانی ڕاگەیان. لەو کاتەدا، ئۆتۆمبێلەکەی لە جۆری مارسیدس کە ئەحمەد حەسەن بەکر سەرۆکی ئێراق پێشکەش بە کاک ئیدریس کردبوو، نێردرابووە میکانیکی بۆ چاککردنەوەی هەندێک کەموکووڕی. بۆیە کاک ئیدریس چاوەڕوانی گەڕانەوەی ئۆتۆمبێلەکەی نەکرد و هەر زوو ئۆتۆمبێلێکی کرێ گرد و دەمودەست گەڕایەوە هەولێر بێ ئەوەی کەس پێی بزانێت. ئێوارەی هەمان ڕۆژ 06-12-1970 ئۆتۆمبێلە مارسیدسەکە لە میکانیکی گەڕایەوە و بڕیاربوو کە ڕۆژی پاشترە کاک ئیدریس و حەمید ڕێکەوتی و محەمەد عەزیز کە یاوەری کاک ئیدریس بوون هەموویان بەیەکەوە بگەڕێنەوە، بەڵام گەڕانەوەی پێشوەختی کاک ئیدریس بووە ئەگەری ئەوەی حەمید ڕێکەوتی و محەمەد عەزیز لە بەغدا بمێننەوە. بۆیە لە ئێوارەی هەمان ڕۆژ کە کاک ئیدریس بارزانی بەغدای بەجێهێشت 06-12-1970 حەمید ڕێکەوتی و محەمەد عەزیز ئۆتۆمبێلەکەی کاک ئیدریسیان وەرگرەتەوە و پێی دەرچوون بۆ نانخواردنی ئێوارە. لە هەمان کاتدا هەندێک خۆفرۆش بە هاوکاری نازم گزار بەڕێوەبەری ئەمنی گشتی ئێراق پیلانی تیڕۆر کردنی کاک ئیدریس بارزانییان ئامادە کردبوو، جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەرتووکەکەیدا البارزانی و الحرکە التحرریە الکوردیە بەدوور نازانێت کە هەندێک بەرپرسی باڵای ئەو کاتی ئێراق دەستیان هەبووە لەم پیلانەدا.
بەم شێوەیە جێبەجێکارانی پیلانی تیرۆرکردنی کاک ئیدریس بارزانی لە بەغدا، لە چەند شوێنێکی دیارکراو بۆسەیان بۆ ئۆتۆمبێلەکەی کاک ئیدریسیان نایەوە، بەخەیاڵی ئەوەی کە کاک ئیدریس بارزانی لەناو ئۆتۆمبێلەکەدایە. لە کاتژمێر 10:00ی شەو ئۆتۆمبێلەکەی کاک ئیدریسیان دایە بەر دەستڕێژی گوللە و پێیان وابوو کە حەمید ڕێکەوتی، ئیدریس بارزانییە لەبەر ئەوەی هەردووکیان هەندێک لەیەکتر دەچوون، لە ئەنجامی گوللە بارانەکە، ئۆتۆمبێلەکەی کاک ئیدریس بارزانی زیاتر لە 50 گوللەی بەرکەوت و حەمید ڕێکەوتی بەسەختی بریندار بوو، بەڵام محەمەد عەزیز و حەسەن کاوانی کە ئۆتۆمبێلەکەی لێدەخوری هەردووکیان بێ زیان بوون و زیرەکانە حەسەن کاوانی توانی ئۆتۆمبێلەکە بەناو بۆسەکەدا لێخورێ تاکوو لە بۆسەکە دوورکەوتنەوە.
هەڵبەت ئەم هەوڵەی تیرۆرکردنی کاک ئیدریس بارزانی گرنگی و پایە و پێگەی کاک ئیدریس بارزانی دەخاتە ڕوو لەنێو بزاڤی ڕزگاری خوازی نەتەوەی کورد، دوژمنان و داگیرکەران دڵنیابوون لەوەی کە بە تیرۆرکردنی کاک ئیدریس بارزانی یاخود کاک مەسعود بارزانی یاخود جەنابی مەلامستەفا بارزانی ئیتر دۆزی کورد و شۆڕشی ئەیلوول لەناو دەچێت. بەڵام لێهاتووی و خەبات و شۆڕشگێری و نیشتمانپەروەری و کۆڵنەدانی ئەم سێ سەرکردە مێژوویانەی میللەتەکەمان بووە مایەی ئەوەی کە ڕژێمی ئێراق لە میانەی ڕێکەوتنی 11ی ئازاری 1970 دان بە مافی گەلی کورد بنێ وەکوو شەریکێکی دەستووری لە خاکی ئێراق و ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان لەسایەی خەبات و تێکۆشانی بنەماڵەی بارزانی قەوارەیەکی سیاسی کاریگەرو دانپێنراوە لەنێو پڕۆسەی سیاسی و دەستووری ئەمڕۆی ئێراقدا. [1]