دهۆک بارزانی
کاتێک پەڕەکانی مێژوو هەڵدەدرێنەوە و قسە لەبارەی کەسە کاریگەر و خاوەن کەسایەتی بەهێزی مێژووی کورد دەکرێت، دەبێت لە یەکێک لەو پەڕانە ناوی ئیدریس بارزانی ببینرێت، هاوڕێ و هاوسەنگەرەکانی ئیدریس بارزانی بە ئەندازیاری هەوڵەکانی یەکڕیزی گەلی کوردی دادەنێن، بەو پێیەی کاری بۆ یەکماڵی کورد و قبووڵ نەکردنی ملکەچی کردووە، هاوشێوەی ئێستا کە یەکڕیزی بە بنەمای گەیشتن بە ئامانجەکان دادەنرێت.
دوایین ڕۆژى مانگى کانوونى دووەم/ یەنایرى هەموو ساڵێک لە ڕۆژمێرى پێشمەرگەى کوردستان و خەباتى ڕزگاریخوازى خەڵکى کوردستاندا ساڵڕۆژى کۆچى دوایى پێشمەرگە و تێکۆشەرى دیارى خەباتى خەڵکى کوردستان ئیدریس مستەفا بارزانییە.
ئیدریس بارزانى لە مانگى ئازارى 1944 لە ناوچەى بارزان و لە ئامێزى خێزانێکدا لەدایکبوو، کە وەک سەرچاوە مێژووییەکانى کوردستان ئاماژەیان پێکردووە، هەر لە سەرەتاى سەدەى بیستەمەوە ببوە ماڵى گەورەى کوردایەتى و سیمبوڵى نەتەوەیى و ڕووگەى تێکۆشەرانى کورد.
ئیدریس بارزانى تەمەنى گەیشتە دوو ساڵ، مستەفا بارزانى باوکى، ڕووی کردە ڕۆژهەڵاتى کوردستان و بە مەبەستى پشتیوانیکردن لە جووڵانەوەى کورد و کۆمارى کوردستان لە #مەهاباد# خەباتى دەستپێکرد.
دواى پیلانگێڕى دژى کۆمارى کوردستان و گەڕانەوەى ئەرتەشى شاى ئێران بۆ کۆمارى کوردستان، مستەفا بارزانى و دەیان پێشمەرگەى کوردستان ڕوویانکردە یەکێتى سۆڤیەتى جاران.
خێزان و ژن و منداڵەکانیش بە یاوەرى شێخ ئەحمەدى بارزانى براى گەورەى مستەفا بارزانى لە پێناو پاراستنى گیانى منداڵ و ژنانى کورد گەڕانەوە بۆ ئێراق و ئیدریس بارزانیش کە ئەو کات تەمەنى 3 ساڵ بوو لەگەڵ خێزانەکەیان گەڕانەوە بۆ ئێراق و لەلایەن دەسەڵاتى پادشایى ئێراقەوە بۆ شارەکانى باشوورى وڵات ڕاگوێزران.
لە تەمەنى شەش ساڵیدا ئیدریس بارزانى لە شارى کەربەلا بۆ یەکەمجار چووە بەرخوێندن و تا ڕووخانى دەسەڵاتى پادشایى لە ئێراق و هاتنەسەرکارى کۆمارى بە ڕێبەرایەتى عەبدولکەریم قاسم لە 1958 دا ئیدریس بارزانى لە دیدارى باوکى بێبەش بوو، بەڵام لەو ساڵەدا مستەفا بارزانى و یاوەرانى لە سۆڤیەت گەڕانەوە و دواى دابڕانێکى زۆر، ماڵباتەکەیان بەیەک شادبوونەوە.
بە گوێرەى ئەدەبیاتى پارتى دیموکراتى کوردستان، دواى گەڕانەوەى مستەفا بارزانى لە یەکێتى سۆڤیەت و سەرهەڵدانى شۆڕشى ئەیلوول لە 1961دا، ئیدریس بارزانى لە دەستە یەکەمەکانى ئەو پێشمەرگانە بوو، کە پەیوەندیان بە ڕیزى شۆڕشەوە کرد و چەکى تێکۆشانى کردە شان و شانبەشانى پێشمەرگە بەشدارى لە داستان و سەرکەوتنەکانى شۆڕشدا کرد.
دواى 9 ساڵ پێشمەرگایەتى و بەشدارى لە شۆڕشى ئەیلوولدا، لە مانگى حوزەیرانى 1970 لە کۆنگرەى هەشتەمى پارتى دیموکراتى کوردستان کە لە ناوچەى ناوپردانى شارەدێى گەڵاڵە ئەنجامدرا، بۆ یەکەمجار ئیدریس بارزانى کرایە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى پارتى دیموکراتى کوردستان.
لەگەڵ دەستپێکردنى پڕۆژەى ئاشتى و دانووستان لەنێوان شۆڕش و دەسەڵاتدارانى #بەغدا# ، ئیدریس بارزانى بە یاوەرى #مەسعود بارزانى# براى، لە دەستەى شاندى دانووستانى شۆڕش بوون کە هەریەک لە شەهیدان ساڵح یوسفى و دارا تۆفیق و سامى عەبدولڕەحمان و نافز جەلال و مەحمود عوسمان بوون, لە بەغدا کەوتنە شەڕى سیاسى و دیپلۆماسى بۆ بەدەستهێنانى زۆرترین ماف و داخوازى شۆڕش و سەرەنجام بە سەرپەرشتى مستەفا بارزانى مافى ئۆتۆنۆمى بۆ کوردستانى ئێراق بەدەستهات و ڕێککەوتنەکە چوار ساڵى پڕ لە خۆشى و بووژاندنەوەى لە ئێراق هێنایە دى و تا سەرەنجام دەسەڵاتدارانى #بەعس# لە بەغدا کەوتنەوە دژایەتى کورد و سەرکردایەتییەکەى و بۆ ئەو مەبەستەش ڕێککەوتنى جەزائیریان لەگەڵ شاى ئێران محەمەد ڕەزا شاى پەهڵەوى واژوو کرد و شۆڕشى کوردیان تووشى نسکۆ کرد.
بە هۆى نسکۆى شۆڕشەوە، ئیدریس بارزانى بە یاوەرى کەسوکار و ماڵبات و بەشێک لە هێزى پێشمەرگەى کوردستان ئاوارەى ئێران بوون.
هەر بە گوێرەى ئەدەبیاتى پارتى دیموکراتى کوردستان، لە سەروبەندى نسکۆى شۆڕشدا ئیدریس بارزانى بە یاوەرى مەسعود بارزانى، هەر زوو هەوڵەکانى خستەوەگەڕ بۆ بنیاتنانەوەى ژێرخانى ڕێکخستنى پارتى دیموکراتى کوردستان و هێزى پێشمەرگەى کوردستان و دەستى بە چالاکى کردەوە.
1979 گۆڕانکارى گەورە بەسەر نەخشە و هاوسەنگى هێز لە ناوچەکەدا هات و لە ئێران کۆمارى ئیسلامى ئێران دامەزرا و دەسەڵاتى شاى ئێران ڕوخێندرا و لە ئێراقیش بەعس زیاتر پێگەى خۆى لە دەسەڵات قایم کردبوو، پڕۆسەى ڕاگواستنى گوندەکانى سنوورى بە قوڵایى 30 کیلۆمەتر تەواوکردبوو، دانیشتووانى گوندەکانى ڕاپێچى کۆمەڵگە زۆرەملێکان کردبوو، هاوکات هێزە ئێراقییەکان و هێزە کوردستانییەکان لە ناوخۆدا دابەش ببوون.
لەو سەروبەندەدا شەڕى ئێراق و ئێران هەڵگیرسا و حکوومەتى بەعس دەیویست لە ڕێگەى درووستکردنى ناکۆکى لەنێوان لایەنە کوردستانییەکان وزە و تواناى لایەنەکان بە هەدەر بڕوات و بە هۆى ناکۆکى سیاسییەوە شەڕى ناوخۆ لەنێوان لایەنە سیاسییەکانى کوردستان ڕوویدا و ئەو ڕووداوانە کاریگەریى گەورەیان لەسەر ڕەوشى سیاسى کورد و بەرهەمى خەباتە چەکدارییەکەى درووستکردبوو، هەر ئەوەش وای کرد، ئیدریس بارزانى لە پێناو هێنانەدى ئاشتەوایى و یەکخستنى ناو ماڵى جووڵانەوەى ڕزگاریخوازى کوردستان دەستپێشخەرى بکات.
لەسەر بنەماى ئەو دەستپێشخەرییە لە کۆتایى 1986دا بناغەى بەرەى کوردستانى دانرا و لە مانگى حوزەیرانى 1988دا وەک هێزێکى نوێ لەسەر گۆڕەپانى سیاسى کوردستان بەرەى کوردستانى ڕاگەیەنرا.
ئیدریس بارزانى لە مێژووى بزاڤى ڕزگاریخوازى نەتەوەییدا، بە ئەندازیارى ئاشتەوایى نیشتمانى ناودەبرێت و هاوکات لە گۆڕەپانى سیاسى ئێراقیدا و لەناو بەرهەڵستکارانى ئێراقدا بە کەسایەتییەکى دیار و کاریگەر هەژمار دەکرا و لە کۆنگرەى بەرهەڵستکارانى ئێراقى کە لە تاران سازکرا، بانگەوازى بۆ یەکخستنى تواناى بەرهەڵستکاران بۆ بەرەنگاربوونەوەى ڕژێمى بەعس خستە ڕوو.
لە ئاستى دیپلۆماسیدا ئیدریس بارزانى ئەزموونێکى ناوازەى هەبوو، بە تایبەتى لە بوارى بەدیهێنانى ئاشتەوایى نیشتمانى و یەکخستنى وتارى پارت و لایەنە بەرهەڵستکارەکانى ئێراق.
لە#31-01-1987# دا ئیدریس بارزانى بە هۆى نەخۆشییەکى کتوپڕەوە کۆچى دواییکرد و بە لەدەستدانیشى جووڵانەوەى سیاسى و خەباتى ڕزگاریخوازى کوردستان کەسایەتییەکى کاریگەر و سەرکردەیەکى دیار و بە ئەزموون و یەکێک لە سەرخەرانى پڕۆژەى ئاشتەوایى و بەیەکەوەژیان و یەکخستنى تواناکانى لەدەستدا و لە شارۆچکەى سلڤاناى سەربە پارێزگاى #ورمێ#ى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بەخاکسپێردرا.
دواى ڕاپەڕینى ئازارى 1991 و ڕزگارکردنى بەشێکى زۆرى خاکى کوردستان لە 6ى تشرینى یەکەم/ ئۆکتۆبەرى 1993 تەرمى هەریەک لە مستەفا بارزانى ڕابەرى بزووتنەوەى نەتەوەیى و شۆڕشى ئەیلوول و ئیدریس بارزانى سەرکردەى دیارى بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى کوردستان لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە بە مەراسیمى جەماوەرى بەرفراوان هێنرانەوە هەرێمى کوردستان و لە شوێنى لەدایکبوونیان و لە ناوچەى بارزان ئەسپەردەى خاک کرانەوە. [1]