$“کاک ئیدریس، مرۆڤێکی زۆر گەورە بوو، گەورەیییەکەشی لە تێگەیشتوویی و پێگەیشتوویییەکەیەوە سەرچاوەی گرتبوو و ببووە هۆی نەرمونیانییەکەشی”.$
37 ساڵ بەر لە ئێستا، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان یەکێک لە سەرکردە کاریگەر و گرنگەکانی لەدەستدا، کە سەرۆک بارزانی لە وەسفیدا دەڵێت: مرۆڤێکی زۆر گەورە بوو، گەورەیییەکەشی لە تێگەیشتوویی و پێگەیشتوویییەکەیەوە سەرچاوەی گرتبوو؛ ئەویش ئیدریس مەلا مستەفا بارزانی بوو.
ئەمڕۆ (31ی کانوونی دووەمی 2024)#31-01-2024# یادی 37 ساڵەی کۆچی دوایی
ئیدریس بارزانیئیدریس بارزانییە کە ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە لە قۆناغەکانی خەباتی ڕزگاری گەلی کوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکەران و بەشدارێکی کاراش بووە بە یاوەری سەرۆک #مەسعود بارزانی#، لە گفتوگۆ و دانووستانەکانی بەدەستهێنانی مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان، لەوانەش ڕێککەوتننامەی #11-03-1970# و دامەزراندنی بناغەی بەرەی کوردستانی لە ساڵی 1986.
$ژیاننامەی ئیدریس بارزانی$
ئیدریس بارزانى لە مانگى ئادارى 1944 لە ناوچەى #بارزان# لەدایکبووە. کاتێک تەمەنى گەیشتە دوو ساڵ، #مستەفا بارزانى# باوکى، ڕوویکردە ڕۆژهەڵاتى کوردستان و بە مەبەستى پشتیوانیکردن لە جووڵانەوەى کورد و #کۆمارى کوردستان# لە #مەهاباد# دەستی بە خەبات کرد.
دواى پیلانگێڕى دژى کۆمارى کوردستان و گەڕانەوەى سوپای شاى ئێران بۆ کۆمارى کوردستان، مستەفا بارزانى و دەیان پێشمەرگەى کوردستان ڕوویانکردە یەکێتى سۆڤیەتى جاران و خێزان و ژن و منداڵەکانیش بە یاوەرى شێخ ئەحمەد بارزانى، براى گەورەى مستەفا بارزانى لە پێناو پاراستنى گیانى منداڵ و ژنانى کورد، گەڕانەوە بۆ ئێراق و ئیدریس بارزانیش کە ئەو کات تەمەنى سێ ساڵ بوو، لەگەڵ خێزانەکەی گەڕایەوە بۆ ئێراق و لەلایەن دەسەڵاتى پادشایى ئێراقەوە بۆ شارەکانى باشوورى وڵات ڕاگوێزران.
لە تەمەنى شەش ساڵیدا، ئیدریس بارزانى لە شارى کەربەلا چووە بەر خوێندن و تا ڕووخانى دەسەڵاتى پادشایى لە ئێراق و هاتنەسەرکارى دەسەڵاتی کۆماری بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم لە 1958، ئیدریس بارزانى لە دیدارى باوکى بێبەش بوو، بەڵام لەو ساڵەدا مستەفا بارزانى و یاوەرانى لە سۆڤیەت گەڕانەوە و دواى دابڕانێکى زۆر، ماڵباتەکەیان بەیەک شادبوونەوە.
دواى گەڕانەوەى مستەفا بارزانى لە یەکێتى سۆڤیەت و سەرهەڵدانى #شۆڕشى ئەیلوول# لە 1961دا، ئیدریس بارزانى لە دەستە یەکەمەکانى ئەو پێشمەرگانە بوو، کە پەیوەندیان بە ڕیزى شۆڕشەوە کرد و چەکى تێکۆشانى هەڵگرت و شانبەشانى پێشمەرگە بەشدارىی لە داستان و سەرکەوتنەکانى شۆڕشدا کرد.
دواى نۆ ساڵ پێشمەرگایەتى و بەشدارى لە شۆڕشى ئەیلوولدا، لە مانگى حوزەیرانى 1970 لە کۆنگرەى هەشتەمى پارتى دیموکراتى کوردستان، کە لە ناوچەى ناوپردانى شارەدێى #گەڵاڵە# کە لە دەڤەری باڵەکایەتی ئەنجامدرا، بۆ یەکەمجار ئیدریس بارزانى کرایە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى پارتى دیموکراتى کوردستان.
لەگەڵ دەستپێکردنى پڕۆژەى ئاشتى و دانووستان لەنێوان شۆڕش و دەسەڵاتدارانى بەغدا، ئیدریس بارزانى بە یاوەرى سەرۆک مەسعود بارزانیی براى، لە دەستەى شاندى دانووستانى شۆڕش بوون، کە هەر یەک لە شەهیدان ساڵح یوسفى، #دارا تۆفیق#، #سامى عەبدولڕەحمان#، #نافز جەلال# و #مەحمود عوسمان# بوون، لە بەغدا کەوتنە شەڕى سیاسى و دیپلۆماسى بۆ بەدەستهێنانى زۆرترین ماف و داخوازى شۆڕش.
سەرەنجام بە سەرپەرشتى مستەفا بارزانى مافى ئۆتۆنۆمى بۆ کوردستانى ئێراق بەدەستهات و ڕێککەوتنەکە چوار ساڵى پڕ لە خۆشى و بووژاندنەوەى لە ئێراق هێنایە دى، تا سەرەنجام دەسەڵاتدارانى #بەعس# لە بەغدا کەوتنەوە دژایەتى کورد و سەرکردایەتییەکەى، بۆ ئەو مەبەستەش ڕێککەوتنى جەزائیریان لەگەڵ شاى ئێران، محەمەد ڕەزا شاى پەهلەوى واژوو کرد و شۆڕشى کوردییان تووشى نسکۆ کرد و ئیدریس بارزانى بە یاوەرى کەسوکار و ماڵبات و بەشێک لە هێزى پێشمەرگەى کوردستان ئاوارەى ئێران بوون.
لە سەروبەندى نسکۆى شۆڕشدا ئیدریس بارزانى بە یاوەرى سەرۆک مەسعود بارزانى، هەر زوو هەوڵەکانى خستەوەگەڕ بۆ بنیاتنانەوەى ژێرخانى ڕێکخستنى پارتى دیموکراتى کوردستان و هێزى پێشمەرگەى کوردستان و دەستى بە چالاکى کردەوە. لەسەر بنەماى ئەو دەستپێشخەرییە، لە کۆتایى 1986دا، بناغەى بەرەى کوردستانى دانرا و لە مانگى حوزەیرانى 1988دا وەک هێزێکى نوێ لەسەر گۆڕەپانى سیاسىی کوردستان بەرەى کوردستانى ڕاگەیەنرا.
ئیدریس بارزانى لە مێژووى بزاڤى ڕزگاریخوازى نەتەوەییدا، بە ئەندازیارى ئاشتەوایى نیشتمانى ناودەبرێت، هاوکات لە گۆڕەپانى سیاسى ئێراقیدا و لەناو بەرهەڵستکارانى ئێراقدا، بە کەسایەتییەکى دیار و کاریگەر هەژمار دەکرا، لە کۆنگرەى بەرهەڵستکارانى ئێراقىش، کە لە تاران سازکرا، بانگەوازیی بۆ یەکخستنى تواناى بەرهەڵستکاران بۆ بەرەنگاربوونەوەى ڕژێمى بەعس خستە ڕوو.
ئیدریس بارزانى لە ڕۆژی #31-01-1987#، بە هۆى نەخۆشییەکى کتوپڕەوە کۆچى دواییکرد، لە شارۆچکەى سلیڤاناى سەربە پارێزگاى #ورمێ#ى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بەخاکسپێردرا. دواى ڕاپەڕینى ئازارى 1991 و ڕزگارکردنى بەشێکى زۆرى خاکى کوردستان، لە 6ى تشرینى یەکەمی 1993 (#06-10-1993# )تەرمى هەریەک لە مستەفا بارزانى، ڕابەرى بزووتنەوەى نەتەوەیى و ئیدریس بارزانى، سەرکردەى دیارى بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى کوردستان لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە بە مەراسیمى جەماوەرى بەرفراوان هێنرانەوە هەرێمى کوردستان و لە شوێنى لەدایکبوونیان و لە ناوچەى بارزان بە خاک سپێردران.
$سەرۆک بارزانی لە وەسفی ئیدریس بارزانیدا$
سەرۆک مەسعود بارزانی، لە بەرگی چوارەمی پەرتووکی “بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد -شۆڕشی گوڵان”، ستایشی ئیدریس بارزانی دەکات و دەڵێت: =KTML_Bold=“کاک ئیدریس، مرۆڤێکی زۆر گەورە بوو، گەورەیییەکەشی لە تێگەیشتوویی و پێگەیشتوویییەکەیەوە سەرچاوەی گرتبوو و ببووە هۆی نەرمونیانییەکەشی”.=KTML_End=
سەرۆک بارزانی لە پەرتووکەکەیدا بۆ کاک ئیدریس نووسیویەتی: “کەسێکی لەخۆبوردوو و خاکیی بوو، لێبووردە بوو و بیری لە تۆڵەکردنەوە نەدەکردەوە، زۆر جار خەڵکی ئاسایی و هەژاری بە ئەندامێکی خێزانەکەی دەزانی، هەستکردن بە کەموکورتیی لای بەرانبەر دەڕەواندەوە”.
لە گێڕانەوەی یادی کاک ئیدریس بارزانی باسی هەستی هاوکارییەکەی کردووە، کە “ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کاک ئیدریس جێی خۆی لە دڵی خەڵک و هەموو چین و توێژەکاندا بکاتەوە و بە پشتوپەنا و فریادڕەسی خۆیانی بزانن”.
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەشدەکات، “سەرەڕای هەموو ئەو مەترسییانەی هەبوون، زۆر جار کاک ئیدریس بریندار و پێشمەرگەی لە ماڵی خۆی دەپاراستن و بۆ چارەسەرکردنیشیان لەسەر ئەرکی خۆی ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەکردن”.
لەبارەی هەوڵەکانییەوە بۆ ئاشتەوایی سەرۆک بارزانی دەڵێت: “کاک ئیدریس بڕوایەکی تەواوی بە پاراستنی ناسنامە و شوناسێکی یەکگرتووی ناو بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد هەبوو، بایەخ و گرنگی زۆری بە فرەلایەنی دەدا لە ژیانی پارتایەتیدا، ئەم دوو فاکتەرە هۆکاری سەرەکی بوون لە ڕەخساندنی دەرفەتی ئاشتبوونەوەی گشتی لە ساڵی 1986، بەو هۆیەشەوە نازناوی ئەندازیاری ئاشتبوونەوەی گشتیی پێ بەخشرا.”
لەبارەی دەستپێکردنەوەی شۆڕشی چەکداری دوای نسکۆی 1975 سەرۆک بارزانی لە پەرتووکەکەیدا دەڵێت: “کاک ئیدریس لە پێناو دەستپێکردنەوەی شۆڕشی چەکداریی دوای نسکۆی 1975، بەگیانی پێشکەوتن و داهێنان و بە ڕەوشتێکی بەرزەوە کاری دەکرد. ئەم نسکۆیە هەستی کاک ئیدریسی بە بەرپرسیارییەتیی دوو ئەوەندە زیادکرد و، وەک کەسێکی بەرپرسیار لە بەرانبەر ڕووداوەکاندا کاری دەکرد. لە هەرشوێنێک بوایە، کورد لە دەوری کۆدەبوونەوە و شوێنی گازندە و هیوا و ئومیدی خۆیان لە کاک ئیدریسدا دەبینییەوە”. [1]