بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی ڕووداو لە ساڵیادی کۆچی دوایی #ئیدریس بارزانی# دا وتی، کاک ئیدریس زۆری بۆ گەلی کوردستان کرد، بەڵام کەم کار کراون بۆ نیشاندانی خەباتی کاک ئیدریس بارزانی. دەشڵێت، دوای 10 ساڵ شەڕی نێوخۆیی، کاک ئیدریس ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ #مام جەلال# مۆر کرد.
ئیدریس بارزانی -ئەندازیاری ئاشتی بەڵگەفیلمێکی تۆڕی میدیایی ڕووداو و بڕیارە ئەمشەو، لە ساڵیادی کۆچی دوایی ئیدریس بارزانی، لە ڕووداو پەخشبکرێت و ماوەکەی یەک کاژێرە. ئەمساڵ لە ساڵیادی کۆچی دواییەکەی ئەمساڵدا کە لە #هەولێر# بەڕێوەچوو مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران ئامادەی بوو.
#ئاکۆ محەمەد#، بەڕێوەبەری تۆڕی میدیایی ڕووداو، پرۆدیۆسەری بەڵگەفیلمەکەیە و لە ئامادەکردن و دەرهێنانی ئاسۆ حاجییە، کاژێر 22:00ی ئەمشەو #31-01-2023# لە ڕووداو پەخش بکرێت.
وەک ئاکۆ محەمەد لە گوتەکانیدا باسی کرد: سەرۆک #مەسعود بارزانی# ئەو کاتەی لەنێو هێزەکانی پێشمەرگەدا دەبێت لە ناوچە ئازادکراوەکانی پارێزگای دهۆک، هەواڵی کۆچی دوایی کاک ئیدریس بارزانی برای پێدەگات، هەستی خۆی دەنووسێت و لە ڕستەیەکدا دەڵێت: تۆ خەمخۆری خەمی هەژار و لێقەوماوان بووی.
=KTML_Bold=دەقی وتاری ئاکۆ محەمەد لە ساڵیادی کۆچی دوایی ئیدریس بارزانی=KTML_End=
ئێوارەباش
بەڕێز کاک #مەسرور بارزانی#، سەرۆکی #حکومەتی هەرێمی کوردستان#
بەڕێزان بنەماڵە و هاوخەبات و دۆستانی کاک ئیدریس بارزانی
ئامادەبووانی بەڕێز..
بە گەرمی بەخێرهاتنی ئێوەی بەڕێز دەکەم. سوپاسی هاتنتان دەکەین. دەزانم هەمووتان وەک وەفاداری بۆ گیانی پاکی کاک ئیدریس هاتوون بۆ ئەم ڕێوڕەسم و بۆنەیە. میوانە بیانییەکانیشمان هاتوون زیاتر سەبارەت خەباتگێڕی گەورەی کوردستان کاک ئیدریس بارزانی بزانن.
بیروەری کۆچی دوایی کاک ئیدریس بارزانی لای بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕۆژێکی زۆر تایبەتیی هەموو ساڵێکە. چونکە بەڕێزیان وەک یەکێک لە هەرە خۆشەویسترین کەسەکانی دەڕوانێتە کاک ئیدریس و بە یەکێک لە ڕێنوێنە هەرە لەپێشەکانی تەماشای دەکات. هەروەها کاک مەسرور بارزانیش زۆر خۆشەویست بووە لەلای بەهەشتی کاک ئیدریس بارزانی. ئامادەبوونی بەڕێزیان ئەمڕۆ لەم بۆنەیەدا جێگەی ڕێز و خۆشحاڵی هەموومانە، بەخێربێن.
من و ملیۆنان کەس لە گەلی کوردستان کاک ئیدریس بارزانیمان نەبینی، بەڵام بەرهەمی خەباتی پڕ لە ماندووبوون و بێ وەستانی کاک ئیدریس بارزانیمان بینی کە ئازادبوونی بەشێکی کوردستان و داننانی یاسایی بوو بە ناسنامەی نەتەوەیی کورد و هەبوونی یاسایی کوردستان. بەدیهاتنی ئاواتی کاک ئیدریسمان بینی کە گەڕانەوەی خەڵک بوو بۆ شار و گوندەکانیان. چونکە کاک ئیدریس بارزانی پێیوابوو، ئاوارەبوونی خەڵک لە ئەنجامی نسکۆی ئەیلوول بەرپرسیارییەتی ئەوانە و گێڕانەوەشیان بۆ وڵات و شار و گوندەکانیان ئەرکی ئەوانە. ئەمە ئەوپەڕی ئازایەتی سیاسییە لە قبووڵکردنی بەرپرسیارییەتی و ملدانە بەر ئەرکی نیشتمانی.
دوو ڕستە لێرەدا بۆ من زۆر سەرنجڕاکێشن. سەرۆک مەسعود بارزانی ئەو کاتەی لەنێو هێزەکانی پێشمەرگەدا دەبێت لە ناوچە ئازادکراوەکانی پارێزگای دهۆک و هەواڵی کۆچی دوایی کاک ئیدریس بارزانی برای پێدەگات، هەستی خۆی دەنووسێت و لە ڕستەیەکدا دەڵێت: تۆ خەمخۆری خەمی هەژار و لێقەوماوان بووی. هەروەها یەکێک لە ڕۆشنبیرترین سیاسەتڤانەکانی کوردستان و یەکێک لە نزیکترین دۆستەکانی کاک ئیدریس کە ئەویش کاک فەلەکەدین کاکەییە دەڵێت: کاک ئیدریس هیچی بۆ خۆی نەدەویست، هەر دەیویست خەمی خەڵک نەهێڵێت. بێگومان هەر ئەوەش نهێنی نزیکبوونی بووە لە خەمی هەژار و لێقەوماوان.
کاک ئیدریس بارزانی، کەسێکی ئاشت بوو لەگەڵ ڕووحی خۆی، چونکە زۆر خاکەرا بوو. کەسێکی ئاشتیخوازبوو لەگەڵ هاوبەش و ڕکابەرانی ناوخۆیی بۆ ئەوەی ئاشتی هەبێت، بۆیەش دوای 10 ساڵ شەڕی ناوخۆیی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ مام جەلال مۆر کرد و ئەوەی کردە ئاشتبوونەوەی گشتیی نێوان هەموو حیزبەکانی کوردستان، کە سەرەنجام ئەو بەرە کوردستانییە درووستبوو کە بەشێک بوو لە ئامانجەکەی بۆ یەکخستنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان. هەر لەبەر ئەوەش حیزبەکان و خەڵکی کوردستان جوانترین نازناویان پێبەخشی کە ئەویش ئەندازیاری ئاشتبوونەوەی گشتی بوو.
کاک ئیدریس نەیدەویست کەس بژاردەی شەڕ هەڵبژێرێت هەر لەبەر ئەوەش لە دوایین دانیشتنیدا لەگەڵ سەدام حسێن پێیگوت، سازش بۆ گەلەکەت بکە نەک بۆ وڵاتێکی دیکە، کە سەدام بە گوێی کاک ئیدریسی نەکرد، خۆی دیکتاتۆربوونی هەڵبژارد و لە ئەنجامیشدا کوردستان و ئێراقی وێرانکرد و شەڕی ئێراق و ئێرانی هەڵگیرساند.
ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین بەڵگەفیلمی (ئیدریس بارزانی.. ئەندازیاری ئاشتی)یە، کە بە کورتی بەشێک لە خەبات و باوەڕی کاک ئیدریس بارزانی نیشاندەدات. ئەوەی بۆ من جێگەی سەرنجە هەموو هاوخەبات و دۆستانی کاک ئیدریس کە باسی دەکەن یەکسەر دەگەشێنەوە. ئەوە مانایەکی زۆر گەورەی هەیە. نیشاندەدات چەند گەورە و خۆشەویست بووە لای هەمووان. وەک یەکێکیان دەڵێت کە قسەی دەکرد زۆر شیرین قسەی دەکرد و زۆریش شیرینتر دەبوو لەلای خەڵک.
زۆر سوپاسی یەک بە یەکی ئەو هاوکارە بەتوانایانەی تۆڕی میدیایی ڕووداو دەکەم کە بەشداربوون لە بەرهەمهێنانی ئەم بەڵگەفیلمەدا. سوپاسێکی تایبەت بۆ کاک ئاسۆ حاجی کە بەخۆشییەوە ئەم پڕۆژەیەی قبووڵکرد و بەلێزانی زۆری خۆی کارێکی زۆر باشی کرد بۆ بەرهەمهێنانی.
کاک ئیدریس زۆری بۆ گەلی کوردستان کرد، بەڵام کەم کارکراون بۆ نیشاندانی خەباتی کاک ئیدریس بارزانی. هیوادارم ئەم بەرهەمەی ڕووداو ببێتە بزووێنەرێک بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمی زیاتر و باشتر لەسەر خەبات و باوەڕی کاک ئیدریس بارزانی.
زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونتان. [1]