=KTML_Bold=بەڕێزان/ سەرنووسەر و ستافی نووسین و کادیر و کارمەندانی ڕۆژنامەی (#خەبات#)=KTML_End=
ڕۆژنامەی (خەبات) وەکو یەکەمین ڕۆژنامەی ڕۆژانە، یەکەمین ژمارەی لە (#04-04-1959#) دەرچوو، ئەمەش بە دەستکەوتێکی گرنگ و بایەخداری بزاڤی ڕۆشنبیری و سیاسی گەلەکەمان دادەنرێ، بۆیە ڕۆڵ و کاریگەری خۆی هەیە لە پێشکەوتنی بزووتنەوەی ڕۆژنامەگەری کوردی و کولتوور و ڕۆشنبیری ڕەسەنی کوردەواریدا.
ڕۆژنامەی (خەبات) کە زمانحاڵی پارتی دیموکراتی کوردستانە، بە درێژایی کاروانی کارکردنی هەمیشە سەکۆیەکی کراوە و ماڵی ڕۆشنبیران و نووسەر و ڕۆژنامەنووس و ئەدیب و خوێنەرانی بووە و تا ئەمڕۆش لەو پەیامە پیرۆزەیدا بەردەوامە بۆ دەوڵەمەندکردنی گیانی دیالۆگ و داکۆکیکردن لە ئازادی ڕادەربڕین و خستنەڕووی کێشە و گیروگرفتەکانی خەڵک و هاووڵاتیان بە بێ جیاوازی.
کار و بەرنامەی ڕۆژنامەی (خەبات) هەمیشە ڕەنگپێدەری خواست و ویستی گەلەکەمان بووە، لەو بوارەشدا ڕۆڵی شیاوی خۆی بینیوە لە هۆشیارکردنەوە و جۆشدانی بیروباوەڕی ڕاستەقینەی نەتەوەیی و نیشتیمانی و بەرەو پێشبردنی ئەو پرس و کێشە چارەنووسسازانە.
(63) ساڵەی دەرچوونی ڕۆژنامەی (خەبات) مایەی شانازییە بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان و مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردی، لەبەر ئەوەی تایبەتمەندیەتی خۆی لە بواری ڕۆژنامەنووسیدا سەلماندووە وەکو ڕۆژنامەیەکی ڕەسەن و ڕاستەقینە و بەرپرسیار لە بواری ڕۆژنامەوانی و ڕاگەیاندندا.
لە (63)ەمین ساڵڕۆژی دەرچوونی ڕۆژنامەی (خەبات)دا گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و نووسەران و خوێنەرانی ئازیزی ڕۆژنامەکەتان دەکەین و، دووبارە پاڵپشتی تەواوی خۆمان بۆ بەردەوام بوون و پێشکەوتنی ڕۆژنامەکە ڕادەگەیەنین و ئومێدی سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازین..
سڵاو بۆ گیانی پاکی ئەو ڕۆژنامەوانە پێشەنگ و ماندوونەناسانەی لەو ڕێگایەدا سەریان نایەوە و ئەو کاروانەیان بە ئەمڕۆ گەیاند..
بەرز و پیرۆزبێت (63) ساڵەی تەمەنی ڕۆژنامەی (خەبات). [1]
مەکتەبی سیاسی
#پارتی دیموکراتی کوردستان#
#04-04-2022#
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=